ئەمرۆ، ٨ ئابی ٢٠٢٠ ، چل و چوار ساڵی رەبەق تێدەپەرێت بە سەر دامەزراندنی حزبی سۆسیالیستی کوردستاندا، بێگومان، زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، لە درێژایی تەمەنیاندا، بە گیروگرفتی سیاسی و لاوازی ئۆرگانی فرەدا گووزەریان کردوە، سەرەرای ئەوەی کە حزبی سۆسیالیست بەشە شێرینەی نسکۆ و نەهامەتی سیاسی و ئیفلیجیی ئۆرگانیی بەرکەوتووە، لە گۆرەپانی ململانێ سیاسی و خەباتی کوردایەتی دا، بۆ تەنها رۆژێکیش بەجێ نەماوە.
رەنگە لە رووی قەبارەی جەماوەریی و هێزی چەکدارییەوە، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان (حسدک) وەکو بچکۆلە چاوی لێکرابێت، بەڵام لە هەڵۆێستدا، بە تایبەتی لە کاتی شەری دژ بە دوژمن و، بارگرژی سیاسی و مەترسی سەربازی لەسنوورەکانی کوردستان، هەڵوێستی (حسدک) لە زۆر لایەنی زلهێز، مەزن تر بووە.
سادەترین و نیزیک ترین نموونەی ڕاست و دروستی سیستنەبوونی حزبی سۆسیالیست دیمۆکراتی کوردستان، لە ئەرکە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکاندا، لە مێژووی ئەو حزبەداو، لە سەردەمی شەڕی سەپێندراوی داعش بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان، هەڵوێستی سۆسیالیست لە بەرەنگابوونەوەی مەترسی ئیسلامیە تووندڕەوەکان دەرکەوتووە.
ئەو هەڵوێستەی کاکە حمەی حاجی مەحموود، سکرتێری حسدک لە رووبەروو بوونەوەی مرۆڤکوژەکانی داعش دا نواندوویەتی، تا ئاستی شەهیدبوونی کوڕەک خۆی لە پارێزگاری کردن لەکەرکوک و ناوچەکانی دیکە، لاپەڕەیەکی نوێ و پڕشانازی خستووەتە سەر مێژووی حزبی سۆسیالیستی کوردستان.
لێرەدا کاتی ئەوە نیە ئێمە بگەرێنەوەی بۆ شیکردنەوە ٤٤ ساڵ لەمێژووی پڕ لەنسکۆ و هەڵساندنەوەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان، کە لە کارەساتی هاکاری ـیەوە سەرچاوە هەڵدەگرێت و، بە شەڕی ناڕەوای کورد بەکورد لە کۆتای ساڵانی حەفتایەکان تا هەشتایەکان و، شەڕە شوومە ناوخۆییەکەى ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٨ـدا، شۆڕ دەبێتەوە ” کەتێکڕای لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی تێوەگلابوون”، تا دەگاتە ئەو هەموو نەخشەو پلانە ناوەخۆیی و دەرەکیانەی لە رووی سیاسی فشاری ئابووری و، تەکاندنەوەی ئۆرگان و جەماوەریی وە لە دژی (حسدک) دارێژرابوون.
بەڵام، ئەوەی لێرەدا گرنگ بێت ئەوەیە، کە هەموو لایەک “بە خۆمیشەوە وەک کوردێک” بە ویژدانەوە شاهیدی بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری ئەو حزبە کوردستانیە بدات.
بێگومان، حزبی سۆسیالیستیش بەشی خۆی بەردەکەوێت لە کەمتەرخەم بوون لە ئاستی گرفەتەکانی ئەمڕۆر کوردستان دا، بەڵام وێڕای فرەنسکۆی سیاسی و ئۆرگانیی، ٤٤ ساڵە حسدک لە قۆناغە دژوارەکان دا خاوەن هەڵوێست کوردایەتی بوو و، هەر کاتێکیش ئاسایشی نەتەوایەتی کورد لە مەترسیدا بووبێت، ئەو حزبە رۆڵی مەزنی لە پارێزگاریکردنی کوردستان گێڕاوە.