- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

لەسلێمانى هێرش دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسێک

رۆژنامەنووسێکى هەرێمى کوردستان لەرێگەى راگەینراوێکدا باس لەوە دەکات ” دەزگای پاراستنى بەدناوی پارتى لەرێگەى چەند کەسێکەوە هێرشیان کردۆتە سەری”.

دانا مەنمی لەو ڕاگەینراوەیدا کەوێنەیەکى دەست (پێشەنگ پرێس) کەوتووە هاتووە ” پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر دەزگای پاراستنی پارتی لەڕێگەی چەند دۆستێكەوە پەیوەندییان پێوە كردم  و داوایان لێكردم كە ڕەخنە لە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی و مەلا مستەفا نەگرم”.

جەخت لەوە دەکاتەوە ” داوایان  كردبوو  سەردانی دەزگا بەدناوەكەی پاراستن بكەم لە سلێمانی و پلەو پۆست و وەزیفەكانم بۆ بگەڕێننەوە ،بەڵام من لای خۆمەوە داواكەیانم ڕەتكردەوەو پێم گوتن ئەو دەزگایە بۆنی دێت و بۆگەنی كردووە داماڵدراوە لە بەھا و ئەخلاق و موراڵ “.

بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەزگایەکى یاسایی و ئەمنى، زانیارییەکانى ئەو رۆژنامەنووسەى پشتڕاست نەکردۆتەوەو، چاوەڕوان دەکرێت، لەداهاتوو تەواوی زانیارییەکان بۆ هاوڵاتیان بخرێنەروو.

دەشڵێت ” ئەوەی ئەمڕۆ دەزگای پاراستنی بەدناو كردی بەرامبەر بە ئێمە پێشتریش  بەرامبەر ئازادیخوازان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان كردوویەتی جگە لە خۆناشیرینكردن و بەدناوی  ھیچی تری  بۆ نەماوەتەوە”.

بەگووتەى ئەو رۆژنامەنووسە ” ئەم كلتورە  ناشیرینە  كلتوری میراتی مەلا مستەفایە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، پارتی ھەرچەندە گەورەو بەھێز بێت ، بارتەقای  گەورەی و بەھێزییەكە  لە دەنگی ئازادو قەڵەمی  بوێر و ھەقبێژی دەترسێت”.

دووپاتیدەکاتەوە ” ترس پاڵنەری ھەڵسوكەوتەكانی پارتییە ، پارتی دوژمنی ھەرە سەرەكی مرۆڤی بەئاگاو كۆمەڵگای زیندووە حیزبێكی سەركوتكەرو چەپێنەری  ئازادییە” .

مەنمى گووتیشى ” ئەم جۆرە كارانە كە مرۆڤی جەبان  بە بڕیاری دەزگایەكی بەدناو پێی ھەستاون ورەو ئیرادەی ئێمە ناڕوخێنێت ،چونكە لە جەوھەردا بونەوەری ترساوو بئئیرادە نین ،بە ئاشكرا دەپەیڤین و دەنوسین و لەتاریكیدا نانوسین  بەردەوام دەبین بۆ خزمەتكردنی نەتەوەو نیشتیمان “.