جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراق وادی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی دیاری کردووە، پرۆسەی تەعریب جارێکی دیکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووەتەوە، بۆ ئەوەی رێژەی عەرەب زیاتر بێت و، ئەگەر ئەو کێشەیەش چارەسەر نەکرێت، کاریگەری لەسەر دەنگی کورد لەو ناوچانە دەبێت.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی عێراق مانگی شەشی ساڵی داھاتووی بۆ ھەڵبژاردن دەستنیشان کردووە و، بەمەش عەرەباندن دەستی پێکردووەتەوە، ئەو کارەش کە بۆ پرۆسەی تەعریب دەکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوەیە رێژەی عەرەب لەو ناوچانە زیاتر بێت و دەیانەوێت دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن و کاریگەری بکاتە سەر دگی کورد.
حەداد گوتیشی، پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو دانوستانەکان جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکان بکاتەوە هەوڵ بدرێت ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپا دروست بکرێت، هەروەها ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە
ناوبراو باسی لەوەش کرد، ئەوەی دەکرێت ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە و ئەگەر سەرکردایەتیی کورد ئەو کێشانە چارەسەر نەکات، ئەو شاڵاوەی تەعریب، کاریگەری لەسەر دەنگی کورد دەبێت، بۆیە پێویستە پێش ھەڵبژاردن ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێ بھێندرێت، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لەو ناوچانەدا کەم نەکات.