لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دا کە وێنەیەکی دەست پێشەنگ پرێس کەوتووە هاتووە ، ئیدارەدانی دۆخەکە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت ، جێگای داخە و ناکرێ حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوهستان و بێ باک بێ لە بەرامبەر گیانی هاوڵاتیاندا ، هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دا هاتووە ، بێ هیوایی گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم ، و ناکرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن ، هەروەها پشتگوێ خستنی چاکسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەکێشکردنی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەکان، نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەرواری 12/8/2020 ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە سەرپەرشتی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، کۆبوونەوەی بە رێگای ئۆنلاین ئەنجامدا لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان.
ئەنجامی کۆبوونەوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان چەند خاڵێکی تێدا گەڵالەبوو :
1- دۆخی تەندروستی هەرێم و تەشەنەسەندنی پەتای کۆڕۆنا لە حاڵەتی کەمتەرخەمی خۆپارێزی و کەمی کەرستەی چارەسەر و شڵەژاوی ئیدارەدانی دۆخەکە بەتایبەت لە هەولێری پایتەخت جێگای داخە و ناکرێ حکومەتی هەرێم بەم شێوەیە دەستەوهستان و بێ باک بێ لە بەرامبەر گیانی هاوڵاتیاندا.
2- دۆخی بژێوی فەرمانبەران و کەمی و دواکەوتنی موچە و قوفڵ بوونی جوڵەی بازاڕ و بێ باکی و بێ بەرنامەیی حکومەت لە ئاستێکدایە کە تەقینەوەی رق و خەم و بێ چارەیی جەماوەری برسی و گەنجی بێ هیوا گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێم و ناکرێ دەسەڵات و نوخبەی سیاسی وڵات لە ئاستی دا بێ تەگبیر و چارەسەر بن.
3- پشتگوێ خستنی چاکسازی گشتگیر بۆ رەگ و ریشەی گەندەڵی و ناشەفافیەت لە داهاتی نەوت و دەروازە سنوریەکان و خۆخەریککردن و خەڵک خافڵاندن بە هەندێ شتی لاوەکی یەوە یان نیشانەی نەبوونی ئیرادەی راستەقینەیە یان نیشانەی نەتوانین و دەرەقەتنەهاتنە کە هەردوکیان ئەخوازێ حزبەکانی دەسەڵات لەسەری بووەستن و بەخۆیاندا بچنەوە و بڕیاری جدی لەسەر بدەن.
4- دەستی دەستی کردن بە یەکتری لە هەرێم و سارد و سڕی مامەڵەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە حاڵەتی ئێستادا هیچ پاساوێکی ئەخڵاقی و نیشتمانی نیە و ئەبێ ئەحکامی لە ناکاو و ئیسعافی پەیرەو بکرێ و هەل و مەرجەکە لەوە زیاتر هەڵناگرێ .
5- ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، کە هەمیشە لەگەڵ پاراستنی یەکریزیی و ئاشتەوایی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکەمانداین و لەگەڵ خواستی رەوای هاوڵاتیان داین ، ئەمڕۆ هەست بە مەترسی پەرچەکرداری تەقینەوەیەکی حساب بۆ نەکراو ئەکەین لەم بێ متمانەیی و بێ وەزعیەی کۆمەڵگە و برسیکردن و فشار و ستەمەی لە هاوڵاتی ئەکرێ و لەم بێ منەتی و بێ باکی و ناکاراییەی دەسەڵاتدا..
بۆیە ، پێویستە بە بڕیاری مەحکەم و بە ئیرادەی بەهێزەوە ،حکومەت و هێزەکانی دەسەڵات ، رووبەرووی دۆخەکە ببنەوە تا کار لەکار نەترازاوە و کەشتی دەیان ساڵەی خەبات و خوێن و رەنجی میللەتهکەمان بە هەموو سەرنشینەکانیەوە نغرۆ نەبووە .
بەهیوای بیستن و بڕیاری بەرپرسانە.