- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

ئەمەریکا دان بە ڤاکسینە رووسیەکەدا نانێت

لەگەڵ بەرهەم هێنانی ڤاکسینی ( سپۆتینک ) ی رووسی ، و بەخێرا داواکردنی لەلایەن وڵاتانەوە ، ئەمەریکا هەر زوو گومانی خستە سەر ڤاکسینەکە و رایگەیاند ، ناکرێت بەو خێراییە ڤاکسین، بەرهەم بهێنرێت

ئەلێکس ئازار ، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا لەبارەی ڤایرۆسە رووسیەکەوە هەندێ گومان دەورووژێنێت.
ئەمرۆ ئەلێکس ئازار ، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا هەندێ گومانی لەبارەی ڤاکسینە رووسیەکەوە وورووژاند و رایگەیاند ، ڤاکسینەکە لە یەکەم تاقیکردنەوەکەدا ، کاریگەرییەکی دەرناکەوێت،
رۆژی سێ شەممەی رابردوو رووسیا ، بەرهەم هێنانی یەکەم ڤاکسینی دژە بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، و ڤلادیمێر پۆتین ، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند ، کچی خۆی ڤاکسینەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی پشتڕاستکردەوە ، بەڵام پسپۆران و زانایانی ئەو بوارە دوودڵ بوون و گومانی خۆیان لەبارەی ئەو خێرایی لە بەرهەم هێنانەی ڤاکسین لەلایەن رووسیا دەربڕی.

هەر ڕۆژێ دواتر ، رۆژی چوارشەممە ، وەزیری تەندروستی ئەمەریکا لە گەشتێکی سێ رۆژەی دا لە تایوان ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا ، گومانی خۆی نیشان دا لەبارەی ڤاکسینی سپۆتینک ، و رایگەیاند ،” گرنگ ئەوە نییە کێ زووتر ڤاکسینەکە بەرهەم دەهێنێت ، گرنگ ئەوەیە کاریگەری ڤاکسینەکە ، ڕوون و ئاشکرابێت کاریگەرییەکەی و جێگای متمانەی پسپۆران بێت”

لە درێژەی ووتەکانی دا ئاماژەی بەوەشکرد ، بەر لە شەش هەفتە ، دووان لەو شەش ڤاکسینەی ئەمەریکا وەبەرهێنانی تێداکردووە، لە قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەی بوو لەسەر تووشبووان ، لەکاتێکدا رووسیا لە ئێستادا ڤاکسینەکە و سەرکەوتنی ڤاکسینەکەشی ڕاگەیاندووە ئەوەشی خستەڕوو ، ڤاکسینە رووسیەکە ، هێشتا روون و ئاشکرا ، کاریگەرییەکانی دەرنەکەوتووە.
ئەو ڤاکسینەی رووسیا بەرهەمی هێناوە ، ناوی (سپۆتینک)ی لێنراوە ، ئەمەش بەناوی ئەو مانگە دەستکردە ئاسمانییەیە ، کە یەکێتی سۆڤیەتی جارانی لە پێشەنگی وڵاتان دانا ، وەك یەکەم وڵات لە سەردەمی شەڕی ساردی ساڵی ١٩٥٧ ، ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانی کرد .