بەرھەم ساڵح بەمەبەستی بێ کاریگەکردنی گوشارو ڕێگرەکانی پارتی ، دەیەوێ دووبارە بوونەوەی بەسەرۆک کۆماری عیراق مسۆگەر بکات.
بۆ ئەو مەبەستە بەنیازی دروستکردنی ھاوپەیمانیەکی سیاسی گەورەیە، کەھەموو نەتەوەو تایفەکانی عیراق بەکوردو عەرەب و سونەو شیعەو تورکمان و ئێزیدی و کرستیان لەخۆ بگرێ.
جگە لەمە لەڕێگای ئەو بەرەیە دەیەوێ دووئامانج بپێکێ، یەکێکیان؛ بەرەیەکی نیشتمانی مەدەنی دوور لە چەکدارو میلیشا پێک بێنێ ، دووەمیان ھاوتەریب بێ لەگەل ئامانجی ئەمەریکا لەعیراق.
بۆ ئەو مەبەستە چەندین ھەنگاوی سیاسی ناوە بۆ پێکھێنانی ئەو ھاوپەیمانیە یا ئەو قەوارە سیاسیە.
کەئەمانەن:
* ئەم بیرۆکەیە بەرھەم ساڵح و مستەفا کازمی گەڵاڵەیان کردووە.
* بۆ ڕاکێشانی سونەکانیش رافع العیساوی، کەسایەتی دیاری سونەکانیان ھێنایەوە عێراق و، ئەو داوا یاساییەی لەسەر بوو، بەوەی ڕابەرایەتی ناڕازەیەکانی سونەی دەکر بەناوی ( منصات- سەکۆکانی ناڕەزایی) لەسەر ھەڵگیرا و لەدادگا بێ تاوان دەرچوو.
بەم کارەش حەلبوسی تەنگاو دەبێ، خۆی دەگەیەنێتە سلێمانی، بۆئەوەی گەرەنتی ئەوە وەربگرێ، ھێنانی عیساوی بۆ دژایەتی ئەو نیە، بەڵکو ئەگەر بشکرێ ئەویش بێتە ناو ھاوپەیمانیەکە، ھەر بۆیەشە لەترسی بەکارھێنانی عیساوی لەدژی ، حەلبوسی سەردانی کۆنە ھاوپەیمانەکەی پارتی لەھەولێر نەکرد، بەڵکو یەکسەر گەڕایەوە بەغدا و خۆی گەیاندە لای عەممار حەکیم، رێبەرى ڕەوتى حیکمە.
چونکە عەمار حەکیم، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەشێک بێت لەو قەوارەیە و لەگەڵ ئەو قەوارەیە کار بکات.
* بۆ ئەو مەبەستەش مانگی ڕابردوو لەسلێمانی عەشیرەتە گەورەکانی دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەواو موسڵ وەک ھەرکیەکان و سورچیەکان و زێباریەکان کۆبونەوەیەکی گەورەیان ئەنجام دا، بۆ ئەوەی دەورو کاریگەری ئەوانیش لەناو قەوارەکەی بەرھەم و کازمی لەلایەک و یەکێتی و لاھور دەستنیشان بکەن.
* جگە لەمە قسە لەگەل نوێنەرانی خۆپشاندانی عێراق و چەندین کەسایەتی عێراق کراوە.
ئەمانە لەسەر ئاستی عیراق، لەسەر ئاستی کوردستانیش :
* ەرھەم ساڵح لەگەڵ سەرجەم ھێزە سیاسیەکان و ئەندام پەرلەمانەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و، کەسایەتیەکانی کوردستان بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ قسەو باسی کردووە.
* ھەروەھا بەھەمان شێوە بەرھەم ساڵح و یەکێتی لەناو ھەولێریش دەستیان بەجووڵە کردووە، چەندین گروپیان بەناوی گروپی رۆشنبیری پێکھێناوە بۆ نموونە ( گروپی دۆستان – ناوەکەیان گۆڕیان بۆ خود) ھەروەھا پشتیگری چەندین کەسایەتیشیان لەھەولێر کردووە کە دەتوانن ھەوڵی خۆکاندیدکردن بدەن .
ئەو جووڵە سیاسیەی بەرھەم ساڵح لەدەرەوەی یەکێتی و، لاھور تاڵەبانی نیە، بەڵکو دەیانەوێ ھەمان تەجروبەی حزبی دەعوە دووبارە بکەنەوە، کە بەچەندین ناو و ناونیشانی تر دابەزنە ناو ھەڵبژاردن، تا لەکۆتایی ڕێگا کە ھەموویان یەکگبگرنەوەو لیستێک یا فراکسیۆنێکی گەورە لەپەرلەمانی عیراق پێک بھێنن.
بەڵام ئەوەی تا ئێستا مایەی تێڕامانە لەھەولێر بەگشتی و لەلای پارتی بەتایبەتی ( نەبای دێ نەباران)، جاران پێش ھەڵبژاردن و دوای ھەڵبژاردن ھەولێر وێستگەیەکی گەرمی ھێزە عێراقیەکان بوو، بەڵام ئێستا مێش میوانی ھەولێر نیە.
جا نازانین بێ دەنگی پارتی لەلاوازی و ( مەوقع موحرجیە) کە ھاوپەیمانی بەرەی حەشدی شەعبیە لەبەغدا، کەنایەوێ کەس ببینێ، یان کەسانی دەرەوەی بەرەی حەشدی شەعبی نایانەوێ لەھەولێر دەرکەون.؟
یانیش پارتی بەرنامەیەکی تری ھەیە و نایەوێ لە ئێستادا ببێتە مایەی گوشارو سەرنجدانی ئێرانیەکان لەلایەک و، ئەمەریکیەکان لەلایەکی تر، لەسەرووی ھەمووشیانەوە ڕەنگە ترسی ھەبێ لە کاردانەوەی ھێزەکانی سەر بەحەشدی شەعبی لەبەغدا، کە ئاستەنگ بۆ حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دروست بکەن!.