- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

ناتۆ کۆتایی دەهێنێت بە گرژی نێوان تورکیا و یۆنان

ئەمڕۆ پێنج شەممە ،یان ستۆلتنبێرگ ، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند کە لەگەل بەرپرسانی تورکیا و یۆنان گفتوگۆی کردووە و هەردوو وڵات بڕیاریانداوە کە، لە ڕووی هونەرییەوە لەنێو بارەگای هاوپەیمانی ناتۆ ، گفتۆگۆ دەست پێبکەن بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییانەی لەنێوان هەردوو وڵات سەری هەڵداوە لە ناوچەی دەریای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ستۆلتنبێرگ دەڵێت ” لەگەل بەرپرسانی هەردوو وڵات قسەم کردووە ، و هەردوو لای پێشوازی لە گفتوگۆ دەکەن بۆ ڕەخساندنی هەڵومەرجی ئاشتیانە، تاوەکو ئەو گرژیانە هێور بکەنەوە کە لەنێوانیاندا نزیك بوو لە پێکدادانی سەربازی .

پەرەسەندنی گرژی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر گازی سروشتی دەریای ناوەڕاست ، گەیشتە لووتکە بەجۆرێك یۆنان سوپای خستە دۆخی تەواو ئامادە باشییەوە بۆ لێدان لە کەشتی ” ئۆرۆک رایس ”ــی تورکی ، کە لەدەریای ناوەڕاست بە دوای گازدا دەگەڕا، لەکاتێکدا یۆنان ، هەراسان بووبوو لە جموجۆڵە تاکە لایەنەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست و پێی وابوو ناوچەکە ، ناوچەیەکی ئابووری سنووری یۆنانە ،

درەنگانێکی ئەمرۆ پێنج شەممە ، فەرمانگەی پەیوەندی سەرۆکایەتی تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ئەردۆگان و ئەنجێلا مێرکل ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیای ئاشکرا کرد و لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ، ئەردۆگان پێشوازی لە دەستپێشخەری ئاشتیانەی مێرکل کرد، بۆ هێورکردنەوەی گرژی نێوان تورکیا و یۆنان و هاوپەیمانەکانی.

هەروەها ئەردۆگان جەختی کردەوە ، تورکیا هەموو جۆرە هەوڵێکی وڵاتانی یۆنان و قوبڕسی ڕۆمی و هاوپەیمانەکانی ، ڕەت دەکاتەوە کەهاندەری یۆنان بوون بۆ پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان نێوان هەردوولا

ئەردۆگان دەستپێشخەرییەکی ئەڵمانیای بەرز نرخاند ، کە هاوکاربوو لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە جموجۆڵێك ، کە ئاسایشی ناوچەی و هەرێمایەتی دەخاتە مەترسییەوە.