بڵێیسە جەبار فەرمان ، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیس بوک نووسیویەتی ، ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و پلاندانانی عێراقی و پرساندنیان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە عێراق سەرباری ئەو کێشە و قەیرانانەی پێیدا تێپەردەبێت ، بەڵام پەرلەمان و لێژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان ، بە کاری چاودێری خۆیان هەڵدەستن
بڵێسە جەبار فەرمان دەشڵێت ، نەک تەنها وەزیرانی دارایی و پلاندانان ، بەڵکو لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دایە ، مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بۆ پرساندنی ، بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت .
لە درێژەی نووسینەکەیدا نووسیویەتی ، پەرلەمانی کوردستان لەڕووی پێکهاتن و مێژووی دامەزراندنییەوە ، لە پەرلەمانی عێراق کۆنترە ، بەڵام تاوەکو ئەمرۆ ئەو پەرلەمانە ، تەنها تەماشاکارە و دەبوایە کاری پەرلەمانی تیایدا ، بەهێزتر و شەفافتر و دیموکراسی بەرجەستە بوایە
بلێسە جەبار فەرمان لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت ، پەرلەمانی کوردستان تەماشاکارە و ئەوەتا حکومەتی هەرێم ، بە ئارەزووی خۆی یاسا پێشێل دەکات بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمان بێ هەڵوێستە لەپای ئەو پێشێلکارییەی حکومەت ، کە بڕیاری لێبڕینی %٢١ مووچەی فەرمانبەرانی دەرکرد و دەسەڵاتی ڕێگەگرتنی نییە لەو بڕیارە
