- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

ژمارەیەک مامۆستای ناڕازی یاداشتێک ئاراستەی کازمی دەکەن

ژمارەیەک چالاکوان و مامۆستای ناڕازی یاداشتێک ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن

ژمارەیەک مامۆستا و چالاکوان و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە هەرێمی کوردستان ، یاداشتێک ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە زمانی عەرەبی دەکەن و داوا دەکەن ، سەرۆک وەزیران لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانی ئەو چالاکوانانە وەکو نوێنەری توێژێکی چەوساوە و ماندوو بە دەست نالەباری و خراپی بارودۆخی ژیانیان بگرن .

ئەو ژمارەیە مامۆستا و چالاکوان و نوێنەری رێکخراوە مەدەنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ، دەسەڵاتدارانی هەرێم.، ئاگایان لە کۆژان و بارودۆخی نالەباری مامۆستایان و هاوڵاتیان نییە و سەردانی ناوبراو لەم کاتەدا ، بە دەرفەت دەزانن تاوەکو لە نزیکەوە ، گلەیی و گازاندەی خۆیان بگەیەنن

دەقی یاداشتەکە :

بیستمان کە بەڕێزتان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانە کۆدەبنەوە کە بەهەموو پێوەرێك ، دوورن لە هاوڵاتیان و کۆژان ئازارەکانیان و نوێنەری خەڵکی کوردستان نین
داواکارین سەرۆك وەزیران ، خۆی لە نزیکەوە گوێ بۆ داواکاری هاوڵاتیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەرێم بگرێت وەك چۆن وا ناسراوە کە نزیکە لە خەڵک و بە تەنگ چارەسەری کێشەی خەڵکەوەیە .

ئێمە ژمارەیەک چالاکوانی سڤیل و نوێنەری ڕێکخراوە مەدەنی و مامۆستایانی ناڕازی ، بە گەشبینییەوە لەم سەردانەی بەڕێزتان دەڕوانین و ئارەزووش دەکەین لەگەڵتان کۆببینەوە بۆ ئەوەی ، ئازار و نەهامەتیەکانی چەند ساڵی ڕابردوومان لە نەبوونی مووچە و خراپی گوزەران و ژیانمان بگەیەنین و چاوەڕێ دەکەین کە بتوانن چارەسەرێك بۆ هەموو ئەو گرفتانە بدۆزنەوە کە چەندین ساڵە ، توێژی مامۆستا و فەرمانبەران پێوەی گرفتارن .

مامۆستایان بە دەست بێ مووچەیی و دواکەوتن و لێ بڕین لە مووچەکانیان ، و برسی کردن و پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانیان ،دەناڵێنن

داواکارین بەڕێزتان ، چاوتان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵک و توێژی فەرمانبەران بکەوێت و بە ڕوونی ئازار و نەهامەتییەکان ، ڕاستەوخۆ بە بەڕێزتان بگەیەنین .

نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی
چالاکوانانی مەدەنی
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی