لەو ڕۆژەوەی مستەفا کازمی بۆتە سەرۆک وەزیران یەک مەتر جادەی قیرتاو نەکردوە، یەک قوتابخانە، یەک نەخۆشخانە، یەک مزگەوت، یەک پرۆژەی ستراتیژی لەعێراقدا بەردی بناغەی دانەنراوە، ڕووداوی تیرۆرکردنی چالاکوان و سەرکردەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق چەند قات زیادی کردوەو، یەک کەس لەبکوژەکان دەستگیر نەکراوە.
لەکاتێکدا زۆربەی کوشتنەکان بەکامێرای چاودێری تۆمارکراوە، یەک گروپ لەمیلیشیاکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت بەھیچ بڕیارێکی کازمی پابەند نەبوون و، تەنانەت تەحەدداشی دەکەن لەناو جەرگەی بەغدا، بۆ یەکەمجار لەدوای رووخانی سەددامەوە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دواکەوت لەکاتێکدا لەسەردەمی ئەیاد عەلاوی و جەعفەری و مالکی و عەبادی و، عادل عەبدولمەھدی بۆ یەک رۆژیش دوانەکەوتوە.
ئێستا عێراق ١٢٤ ملیار دۆلار قەرزارە، سەردانی ھەموو خاڵە سنووریەکانی عێراق و، فرۆکەخانەکانی کردوە، بەڵام یەک بەرپرسی گەندەڵی نەگۆڕیوەو، ھەموو شتێک وەک خۆیەتی، نەیتوانیوە کێشەی سەدان ھەزار دوو مووچە تا پێنج مووچەیی لەعێراقدا چارەسەر بکات و، جگە لەداھاتی نەوت نەیتوانیوە ھیچ داھاتێکی تر بۆ عێراق زیاد بکات، خەڵکی ناوەراست و باشووری عێراق بەدەست بێ ئاوی و، بێ کارەبایی دەناڵێنن، ئەی کەواتە نھێنی بەپاڵەوان دەرکەوتنی ئەم پیاوە چیە؟!
بە بۆچوونی من کازمی یەک کاری عاقڵانەی کردوە، ئەویش خوێندنەوەی زھنیەت و باری سایکۆلۆجی ھاوڵاتیانی عێراقەو، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان و بەپاڵەوان دەرخستنی حکومەتەکەی.
باشترین و سەرکەوتوترین ڕاوێژکارو ڕاگەیاندنکارەکانی عێراقی لەدەوری خۆی و نوسینگەو وەزارەتەکانی حکومەتەکەی کۆکردۆتەوەو، نەیھێشتوە خزم و خەدەم و حەشەم لەدەوری خۆی و وەزیرەکانی کابینەکەی کۆببنەوەو، ئەو میدیاکارە شارەزایانە زیاتر قسە دەکەن و کاری پیشەیی خۆیان دەکەن نەک وەزیرو پارێزگارەکانی عێراق.
ھەر ئەم راوێژکارانەشی پێی دەڵێن بەردەوام بەمەیدانی لەناو خەڵکدابێت و، مەرج نیە ھیچ ئیشێکیش بۆ کەس بکرێت، گرنگ ئەوەیە سەردانەکانی بەباشی ڕوماڵ بکرێت کەئەمە کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر خەڵکی عێراق بەگشتی کەساڵانێکە بەدەست گەندەڵی حزبە سیاسیە ئاینیە دەسەڵاتتدارەکانەوە دەناڵێنن.