ترس باڵى بەسەر هەموو جیهان کێشاوە، تووشبووانى “ڤایرۆسى کۆرۆنا”، هەموویان بۆ وڵاتانى خۆیان دەنێردرێنەوە تاوەکو بخرێنە سەر چاودێری پزیشکی، هاوکات سنوورى زۆربەى وڵاتان بۆ هاوڵاتیە چینیەکان داخراوەو، بەشێک لەوڵاتانی جیهان تەنانەت لەهاوڵاتیە چینیەکانى خۆیشی تۆقیوە.
بەو هۆیەوەش ئەو کەرتانەى پشت بەگواستنەوەى تاکەکان و کاڵاکان دەبەستێت، بەهۆى ئەو ڤایرۆسەو، داخستنى سنوورەکان و، سیاسەتى جیاکردنەوەى تەندروستى کەوتۆتە ژێر کاریگەرى نەرێنیەوە.
هەرچەندە ڤایرۆسەکە ئەوەندە بچووکە بەچاو نابینرێت، بەڵام هەر شتێک لەوڵاتێکى تووشبوو بۆ وڵاتێکى دیکە بگوازرێتەوە دەچێتە خانەى گومانەوە، کۆمپانیا فرۆکەوانیەکان، هێڵەکانى گواستنەوەی دەریایی و زەمینى، کۆمپانیاکانى کارگۆى کاڵاکانیش لەو چوارچێوەیە زیانیان پێگەیشتووە.
تەنانەت پرۆسەکە کەرتى پەروەردەو خوێندنیشى گرتۆتەوە، تواناسازی و ئاڵوگۆری نێودەوڵەتى نێوان زانکۆکانیش ڕاگیراوەو، دابینکردنى دابینکردنى کەرستەى یەدەگى ئۆتۆمبێلەکانیش وەستاوە، لەپاڵ ئەوانیش چارەسەرییە ئەلیکترۆنى و مۆبایل و پارچە یەدەگەکانیشى پەکیان کەوت.
ئەوانەى سەرەوە دەمانباتە ئەو خاڵەى ” هەر چ شتێکى چینی بوو، هەڕەشەیەکى جیهانیە، تەنها لەبەر ئەوەى چینیە”، ئەو نامە ئابوورییە بنەڕەتیەى (ڤایرۆسى کۆرۆنا) لەساتە یەکەمەکانى هەناردەى کرد، ئەوەیە چی دوای چین؟.
ڤایرۆسەکە گرنگی چینى بۆ ئابووری جیهانی نیشانداوە، بەڵام لەهەمان کاتیدا ئەوەشی دەرخستوە پێویستە پشت بەسەرچاوەى دیکەی بەرهەمهێنان ببەسترێت، یەکەم فراوانکردنى شوێنى هاوردە کردن و، دانانى جێگرەوە؛ ئەگەر هاتوو چین لەدابینکردنى وڵاتان بەهەر بەرهەمێک وەستا روو لەوڵاتێکى دیکە بکرێت.
دووهەم؛ هەمەجۆر کردنى بازاڕی بەکاربردنى بەرهەمە نێودەوڵەتیەکان و، بەتەواوی یاخود گەورە پشت بەبازاڕى بەکاربردنى چین نەبەسترێت.
بەرێوەبەرانى بازاڕە جیهانیەکان سەرەتا ئەم پەیامە گرنگەیان بەهەند وەرنەگرت، ڕاستە “درەنگ بگەى باشترە لەوەى بەهیچ شێوەیەک نەگەى”، بەڵام لەماوەى هەشت هەفتەى رابردوو بازاڕە داراییەکان بەهەموو متمانەیەک دەیانگووت ” بڵاوبوونەوەى (کۆرۆنا) بەجیهاندا هیچ زیانێک بەبازاڕەکانیان ناگەیەنێت”.
تەنانەت پێنوێنى بۆڕسەى جیهانى (ستاندارد ئاند پۆرز ٥٠٠)، لەو ماوەیە بەرزبوونەوەیەکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینی، ئەمەش پێویست بەخۆ سەرقاڵکردن ناکات ئەو پێنوێنە بەچ شتێکەوە پەیوەستەو، لەچ بوارێکدا گرنگە، بەڵکو تەنها بەراورد کارییەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەو دابەزینى بازاڕى بۆڕسە، بۆیە ئەنجامەکەش ئەوە بوو “بەرزبوویەوە”، واتاکەشى هەموو شتێک باشە.

“کۆرۆنا” رووداوێکى ئاسایی نابێت
سەرەتاى ٢٥ شوباتی ٢٠٢٠، راپۆرتەکان بەدواى یەکدا دەهاتن و، باسیان لەتووشبوونى نوێ لەوڵاتانى گەورە ئابوورى دەکرد، وەک کۆریاى باشوور و، ئیتاڵیا، بازاڕە داراییەکانیش هەستیان بەشتێکى خراپ دەکرد، کەروودەدات، هەرچەندیشە کەمێک ڕەشبینى کاریگەرى نابێت، دواى ئەو راپۆرتانە پێنوێنى ستاندارد ئاند پورز ٥٠٠ بەرێژەى سەدا ٧ دابەزینى بەخۆیەوە بینی، ئەو رێژەیە هەرچەندە شتێکى گەورە نیە، لەنێو بازاڕی پشکەکاندا شتێکى مەترسیدارو گەورەیە، هاوکات بیروکەى پاشەکشێکردنى پێنوێنەکان هەستێکى ناخۆش و ترسناکە، لەپاڵ ئەویش داهاتى قەواڵەکانى خەزێنەى ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بۆ نزمترین ئاستى خۆی پاشەکشێی کرد.
دابەزینى داهاتەکان، ماناى وایە وەبەرهێنەران گومانیان بۆ دروستبووەو، پێشبینى روودانى زیانێکى ئابوورى گەورە دەکەن، ئەم زیانانەو پاشەکشێیانەش دەڵێت ” خاوەن پارەکان هەست بەمەترسییەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەکەن، زیاتر لەهەڕەشەکانى جەنگی ئابوورى ڕاستەوخۆى ئەمەریکاو چین”.
پاتریک تشوفانیک، راوێژکارى (سیلڤەر کرێست)، بۆ بەرێوەبردنى قەواڵەکان هۆکارەکان بەوە رووندەکاتەوە ” بابەتەکان جیاوازیی هەیە، بەوەى ئەگەر بۆڕسەى شارى ووهان، ناوەندی سەرهەڵدانى کۆرۆنا، بەتەنیا داخرابێت، یاخود هەموو چین بەتەواوى دابخرێت، بگرە هەموو بۆڕسەى ئاسیاو جیهانیش داخراو بن”.
ئەو شرۆڤەکارە بەووشەکانى خراپترین مەترسیی بۆ ئابووری جیهانى دروست دەکات.
خاوەن جانتا داراییەکان سوورن لەوەى کۆرۆنا ڕەنگە ڤایرۆسێکى وەرزی بێت و، لەگەڵ کۆتایی هاتنى زستان لەناودەچێت، بۆیەش پرۆسەیەکى تێپەر دەبێت و، بوژانەوەى ئابوورى چارەگێکی چین دادەبەزێنێت و، پارێزگارانى بانکە ناوەندییە جیهانیەکان بەخێرایی کاردانەوەکانى چارەسەر دەکەن.
ئەمەش قسەى کریستینا جۆرجیڤا، بەرێوەبەرى جێبەجێکارى سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى بوو، کاتێک گووتى ” دامەزراوەکەیان دوایین پەناگەیە بۆ ئەو وڵاتانەى تووشى ئەو پەتایە دەبن”.
هیماشی بەوە کرد ” سەندوقى نەخت بەو ئاستە کۆمەکیان پێدەبەخشێت کەداواى دەکەن، لەهەمان کاتیشدا کار لەسەر کەمکردنەوەى بارگرانى قەرزەکان دەکەن”.

قەرزەکان چارەسەر نین، بەڵکو ڤاکسین تاکە ئومێدە
لەلایەن خۆیەوە مێگان کرین، مامۆستاى زانکۆى هارڤارد، تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتەی گەشبینەکان هەستیان پێنەکردووە، بەوەى ” ئەو پرۆسەیە لەگەڵ جەنگە بازرگانیەکەى واشنتۆن و پەکین، لەخاڵى چاکبوونەوە جیاوازی هەیە”.
بەگووتەى خۆى ” کاتێک ئەمەریکا باجی گومرکی خستە سەر کاڵاکان، نرخەکان بەسەر کاڵا دیاریکراوەکان بووە، تاوەکو لەبازاڕەکاندا نرخەکانیان بەرز بێت، هەر کاتێک باجەکانیش نەمان، نرخەکان دەگەرێنەوە دۆخى سەرەتاییەکانى خۆی و قازانجەکانیش دەچێتەوە سەر رێچکەى خۆی”.
“بەڵام کۆرۆنا یاخود هەر پەتایەکى دیکە، لەهەر شوێنێکى دیکەى خزمەتگوزاری یاخود تاکەکان بدات، وەک بەتاڵبوونى هۆتێلە گەشتیاریەکان بۆ ماوەى یەک مانگ، کە کۆمپانیا فرۆکەوانیەکان رێگەى پێنادرێت گەشت بکات، کەبەهۆى بڕیارى قەدەغەکردنى نەهاتنى بیانیەکانەوە بووە، بەهەڵگرتنى بڕیارەکە دەست بەقازانجەکانى پێشووى ناکاتەوە”، کرین بەم شێوەیە وەسفی پرۆسەکە دەکات.
دەشڵێت ” ئەگەر باجە گۆمرکییەکان و سزا ئابوورییەکان بتوانێت خۆڵ بکاتە چاوی ئابووری جیهانی، ئەوا ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت ئابوورى جیهان لەژێر خۆڵدا بەتەواوی بینێژێت”.
مەترسی خۆیشى لەپلانى رزگارییە ئابوورییەکەى گەشبینیەکان دەربڕیوەو، پێی وایە ” ڕەوشی ڤایرۆسی کۆرۆنا” مەترسیدارتر دەکات، چونکە دەستێوەردانى بانکە ناوەندییە جیهانیەکان بۆ بوژانەوەى ئابوورى جیهانى هیچ سوودێکى نابێت، بەسانەیی ” خستنەرووى پارە بۆ بوژانەوەى ئابووریە، گەر بەهۆى داتەپینەوە بێت، یاخود بەهۆى داڕمانى بەهای دراوەکان یانیش بەهۆى سزاوە بێت، بەڵام پرۆسەیەکى لەو شێوەیە هەڵەیەکى کوشندەیە”.
لەحاڵەتى پەتا، ئەگەر بانکە ناوەندییەکانی هەر وڵاتێک قەرزێکى زەبەلاح ببەخشن، ئاخو دەستە تەندروستیەکان دەتوانن، دڵنیایی کردنەوەى کارگەو فرۆکەخانەو هۆتێلەکان بدەن؟، یاخود ئەگەر بەهاى رێژەى سوودی دراوەکانی کەمکردەوە، تێچووى قەرزەکانى دابەزاندو، هانى بەکاربەری دا لەوەبەرهێنانی هەموو شتێک، دەتوانێت کەسێکى تووشبوو بەکۆرۆنا بگەرێتەوە سەر کارەکەى، یاخود کەسێکى تۆقیو لەو ڤایرۆسە بچێتە وڵاتێکى موڵگەی ئەو ڤایرۆسە؟
وەڵامی کرێن هەمووی نەخێرە، بۆیەش کریشنا جەها، لەتوێژینەوەیەکى خۆیدا بەکورتى دەڵێت ” گرنگتر ئەوەیە ئێمە ڤاکسینێکمان دژى ئەو ڤایرۆسە هەبێت لەوەى پشت بەکەمکردنەوەى نرخى سوود ببەستین”.

لەنێوان سارس و کۆرۆنا چی گۆڕاون؟
لەشوباتى رابردوو دەستەى بازرگانى بۆ پیشەسازی فرۆکەوانى جیهانى ئاشکراى دەکات ” خواست لەسەر فرۆکەی لۆکالی و نێودەوڵەتى دابەزیوەو، پیشەسازی فرۆکەى جیهانیش لەچەند هەفتەى رابردوو ٢٩،٣ ملیار دۆلار زیانى پێگەیشتووە”، هەر لەگەڵ ئەویشدا گرووپی کۆمپانیاى (هێرمیس)، بۆ کاڵا گرانبەهایەکان ئەویش باسی لەزیانەکانى کردووە، بەڵام ژمارەیەکى ووردی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بازرگانانى ووردە لەجیهانى گرانبەهایەکان بۆ ماوەیەکى زۆر رووبەرووى زیانێکى بەرچاو دەبێتەوە.
کۆمپانیاى ئەپڵ لەچوارچێوەى کۆمپانیا زیانلێکەوتووان هاتۆتە سەر هێڵ و، پێشبینى دەکات ” بەهۆى داخستنى کارگەکانى لەچین لەداهاتوو تووشى کورتهێنان لەدابینکردنى پارچەى یەدەگ دەبێتەوە”، کۆمپانیاى جاگواریش دانى بەو پرۆسەیە ناوەو، گووتى ” ئەو پارچە یەدەگانەى لەکارگەکانى بەریتانیای هەیە لەئاداری ٢٠٢٠ تەواو دەبن، چونکە ئەو پارچانەى لەچینەوە بۆی کارگۆ دەکرا، ڕاگیراوە”.
تەنها جاگوار نیە لەجیهانى ئۆتۆمبێلدا تووشى کورتهێنانى یەدەگ دەبێتەوە، بەڵکو هەریەک لە “تۆیۆتا، ڤۆڵکسواگن، جەنەراڵ مۆتۆرز، دایملەر، هۆندا، هیوندای و، چەندانى دیکەش” ناتوانن بەو ئاسانییە دەست بەکارەکانیان بکەنەوە.
ڕەنگە ئەمە جاری یەکەم نەبێت ئابوورى چینی، کە بەدووهەم گەورە ئابوورى جیهانى دادەنرێت و، بە (ئەژدیهاکەى ئاسیا) ناودەنرێت، بەڵکو بوومەلەرزێکى لەو شێوەیە لەساڵى ٢٠٠٣ کاتێک ڤایرۆسی سارس بڵاوبوویەوە تووش بو.
بەڵام سارس بەبەراورد لەگەڵ (تسونامی کۆرۆنا)، بوومەلەرزەیەکى زۆر بچووکە، چونکە رێژەى ئابوورى پەکین لەساڵى ٢٠٠٣ تەنها لەسەدا چوار بووە، کە ئەوکات جیهان بەهەموویانەوە سەدا ٩٦ ـکەیان پڕ دەکردەوە، هەرچەندە لەجیهانى ژمارەکانیشدا ئەو چوارە شتێکى بچووک نیە، بەڵام ئێستا ئەژدیهاکەى ئاسیا بەتەنیا خۆى سەدا ١٤ ـى پێکهێناوە.
جگە لەوانەش ٢٠٠٣ ئابوورى جیهانی، جۆرێک لەگۆشەگیری بەخۆیەوە دەبینی و، زۆربەى وڵاتان پشتیان بەکەرتە ناوخۆییەکان دەبەست، کەچی ئێستا ئابوورى جیهان لەنێو یەک بازنەى داخراودایەو، وەک پولی دۆمینۆ وایە، هەر دانەیەک بکەوێت بەزنجیرە ئەوانەى دیکەش دەکەون.
بەڵام سەرەڕای بەستنەوەى ئابوورى، لەم چەند ساڵەى دواییدا هەستى نەتەوەپەرستى لەنێو وڵاتان سەری دەرهێناوەو، ئەستەمییەکى دروستکردووە لە دۆزینەوەی کاردانەوەیەکى هاوبەش بۆ هەر قەیرانێک، لەسەرووى ئەوانەش تاوەکو ئێستا بانکە ناوەندییەکان، لەژێر کاریگەرییەکانى قەیرانە ئابوورییەکەى ٢٠٠٨ دەربازی نەبووە.

داڕمانەکە هەموو دەگرێتەوە
کۆرۆنا یەکێک لەپێکهاتەکانى کاریگەرى ئابوورى لەنێو جینیەکانى خۆیدا هەڵگرتووە، لەهەر شوێنێک بنیشێتەوە، نیشانە ئابوورییەکەى دەردەکەوێت، بۆیەش زۆرترین وڵات ئەو کاریگەرییانەى لەدواى چین بەنیوچەوانیدا دەرکەوتووە وڵاتانى وەک کۆریاى باشوور، ژاپۆن وئەڵمانیایە.
بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەش لەکاتێکى زۆر خراپدا دەرکەوت، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەى سەرەوە، چونکە ساڵانێکى زۆرە کاریان لەسەر چاککردنەوەو، هەستانەوەى ئابوورییەکەیان کرد، کە تازە ئاراستەى بوژانەوەى گرت، کۆرۆنا دووبارە لێیدایەوە.
مۆن جان – ئین، سەرۆکى کۆریاى باشوور، پاش بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە حاڵەتى تەنگەتاوی ئابوورى راگەیاندو، داوای کرد ” هەنگاوبنرێت لەئەگەرى لێدانى تەواوی ئابووری وڵاتەکەى”، بەڵام هەنگاوەکانى جۆرە بێئومێدیەک وبێسوودی پێوە دیارە.
هەموو ئەورۆپا کەوتۆتە ژێر کاریگەری، یۆرۆ لەبەردەم دۆلار بۆ نزمترین ئاستى سێ ساڵى رابردووى دابەزی، گەڕانەوەش بۆ ئاسیا، سەنگاپوور، بەتەواوی خەمڵاندنەکانى بوژانەوەى ئابوورى خۆى بۆ ٢٠٢٠ بەتەواوەتى دابەزاندو، پلانیشى داڕشتووە بەچەندین ملیار قەرەبووى ئەو داتەپینە ئابوورییە بکاتەوە.
لەدواى ئەویشدا مالیزیاو تایلاند، ئەوانیش پێشبنیەکانى بوژانەوەیان هێنایە خوارەوەو، ملیارەها دۆلاریان ئامادە کردووە، ڕەنگە ئەو سێ وڵاتە بیر لەوە بکەنەوە “رێکارەکانیان هەنگاوێکى خۆپارێزی پێشوەختەیە، بەڵام ژاپۆن دەبێت بەشێوەیەکى فیعلی رووبەرووى کارەساتە دروستبووەکە ببێتەوە”.
تۆکیۆ لەدوای پەکین دێت لەژمارەى تووشبووان و، لەسەر ئاستى جیهانیش رێژەى دووهەمى تۆمار کردووەو، ژمارە ئابوورییەکانیش پێشبینى دەکەن داکشانێکى ئابوورى رووبەرووى ئەو وڵاتە ئاسیاییە ببێتەوە لەپێنج ساڵی رابردوودا بەو شێوەیەى نەبینیوە.
ئەوەش دواى داخستنى کارگەکانی، بەرهەمهێنانى یەدەگى هەردوو ئۆتۆمبێلى تۆیۆتاو نیسان بەیەکجاری پەکیان کەوت.
لەدەرەوەى ئەو وڵاتانەش ڤایرۆسەکە زیانێکى گران بەدەستپێشخەرى پشتدێن و رێگاى چینی کە بە (رێگاى حەریر) ناونراوە دەگەیەنێت، چونکە ئەو کۆمپانیا چینیانەى لەو پرۆژەیە کار دەکەن، تێچووى کارەکانیان بەرز دەبێتەوەو، لەهەمان کاتیشدا تووشى کەمی کرێکارو دابینکارییەکان دەبێتەوە.
لەسەرووى هەمووشیەوە دواکەوتنى قەرزەکانى پەکینە بەوڵاتە بەشداربووەکانى دەستپێشخەرییەکە؛ واتاکەشى ئەوەیە ئەوانەى لەو بازنەیە دەسوورێنەوە دەکەونە نێو گێژاوە ئابوورییەکەى ئەژدیهاکە.

کەس پارێزراو نیەو، نکۆڵییەکانى واشنتۆن سوودی نیە
ویلایەتە یەکگرتووەکان کەپێی وایە دوورە پەرێزە لەتووشبوون لەو پرۆسەیە، بەمنزیکانە ملی دەکەوێتە ژێر چەقۆى وەرزی کشتوکاڵى داهاتوو، چونکە ئەمەریکا کۆمەڵێک پلانى داڕشتووە بەرهەمى کشتوکاڵى و کاڵای زیاتر هەناردەى چین بکات، هەروەها کۆمەڵێک گرێبەستى ئەنجامداوە بۆ هەناردەکردنى سەرچاوەکانى ووزە بۆ رکابەرەکەى، بەڵام هەموویان بەهۆى لاوازی بازاڕى بەکاربردنى ئەژدیهاکەى ئاسیا ڕادەوەستن.
ئەمەش مانای وا نیە واشنتۆن چەند مانگێک دەوەستێت تا ئاگرەکە بکەوێتە ژێر پێی، بەڵکو بۆڕسەکان بەخێرایی وەڵامیان دایەوە، هەفتەى رابردوو بۆڕسەى جیهانى خراپترین ئاستى دابەزینى تۆمارکردووە، کە بەبەراورد لەگەڵ قەیرانەکانى ٢٠٠٨ وێنەى نەبووە، هاوکات لەسەر ئاستى مانگانەش بەبەراورد لەگەڵ ئایاری ٢٠١٩ لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٠، نزمترین ئاستى نرخەکانى نەوت تۆمار کراون.
ئەم ڕاستیانە ئەوە نیشاندا دەدات و، دانە بەدانە پەردەیان لەسەر لادەدرێت، ئەوانەى سەرەتا دڵنیاییان بەجیهان دەدا، خەریکە لەگەشبینیەکانى خۆیان پاشگەز دەبنەوە، لەسەرووى هەموویان جۆرجیڤا، کاتێک گەڕایەوەو گووتى ” بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەخێرایی و چەسپاوە، ئەمەش کاردانەوەى مەترسیدارى لەسەر ئابوورى جیهانى دەبێت”.
کەواتە چارەنووسی جیهان لەرۆژانى داهاتوو چیتر بەدەست بزنسمان و پیاوانى ئابووری نیە، بەڵکو بەدەست زانایانى ڤایرۆسەکانە، تاکە سیاسەتى گونجاویش، سیاسەتى بەرەنگاڕبوونەوەى (ڤایرۆسی کۆرۆنا)ـە، نەوەک سیاسیەتى ڕزگاربوونى ئابووری.