- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

پەرلەمان و کۆشکی کۆماری قیرغیزستان گیران

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ، لە قیرغیزستان خۆپیشاندانی جەماوەری توندی بەدوادا هات

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قیرغیزستان ، بەهۆی یاری کردن و ساختەکردن بە ئەنجامەکانەوە ، جەماوەری ئەو وڵاتە رژانە سەر شەقامەکان و کۆشکی کۆماری و باڵەخانەی پەرلەمانیان گرت .

لەو خۆپیشاندانەدا ، ئەلمازیک ئەتانباییف ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستاوە بە تۆمەتی گەندەڵی و بەندکردن بۆ ١١ ساڵ دەستگیرکرابوو ، ئازادکرا

سۆرۆنبایی جیبینکۆڤ ، سەرۆکی قیرغیزیستان لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی دا رایگەیاند ، ” بەداخەوە هەندێ هێزی سیاسی بە پاساوی ساختەکردن لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ، هەوڵی گرتنە دەستی دەسەڵات دەدەن پەشێوی لە وڵات دروست کرد و ئارامی و سەقامگیری وڵاتی خستە مەترسییەوە “.

خۆپیشاندەران داوا دەکەن ، ئەنجامی ساختەی هەڵبژاردن هەڵبووەشێندرێتەوە و هەڵبژاردنێکی سەرلەنوێ لەو وڵاتە ، ئەنجام بدرێت

خۆپیشاندانەکەی ئەو وڵاتە ، توندوتیژی و بەریەککەوتنی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە و بەهۆیەوە ، ٥٩٠ هاوڵاتی برینداربوون .

جانار ئەکاییڤ ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ، هاوپەیمانێتیەکی ئۆپۆزسیۆنیمان پێکهێناوە و لەگەڵ هەموو پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن ، قسەمان کردووە و ئەنجومەنێکی هەماهەنگی دروست دەکەین و داوا دەکەین لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوو ، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێندرێتەوە .

قیرغیزستان هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی چین و مێژووی ئەو وڵاتە پڕە لە شڵەژان و ئالۆزی سیاسی و لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا ، توندئاژۆیی خۆپیشاندانەکان دوو حکومەتیان ڕووخاندووە .