ئێران بەیەکێک لەخێراترین وڵاتى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدەرەوەى چین دادەنرێت، بەجۆرێک تاران رۆژانە ئامارى تووشبوون و گیان لەدەستدانى نوێ بەهۆى ئەو ڤایرۆسەوە بڵاو دەکاتەوە، کەنیشانی دەدات ” دەسەڵاتداران بەئەستەمى لەگەل ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە مامەڵە دەکەن”.
سەرەڕای رێکارەکانى خۆپارێزی لەبڵاوبوونەوەى پانتایی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە کە بە کۆڤید -١٩ ناسراوە، بەڵام هیچ لەو رێگایانەى تاران گرتوویەتە بەر سەرکەوتوو نەبووە.
ئێستاش لەقۆناغێکی زۆر مەترسیدار دایە.
ئەوەى کۆمارى ئیسلامی ئێران و زۆربەى وڵاتانى جیهان لەبڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە جیا دەکاتەوە ” تووشبوونى زۆربەى بەرپرسە باڵاکانى ئەو رژێمەیە، کەتاوەکو ئێستاش چەندین بەرپرس باڵا گیانیان لەدەستداوە، بەتایبەت لەنێو سەرۆکایەتى کۆمار، پەرلەمان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان”.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانى تەندروستى جیهانى ئەو وڵاتە بەسێهەم گەورە وڵاتى جیهانى دادەنرێت لەرووى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە، کە لەدواى چین و ئیتاڵیا هاتووە، بەو هۆیەوەش چەندین وڵات گەشتە ئاسمانیەکانی بەهەدوو ئاراستە لەگەڵ وڵاتە ڕاگرتووەو، رێگەش بەهاتنى هاوڵاتیانیشی نادرێت سەردانى هیچ شوێنێک بکەن.
بەجۆرێک لەماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٣٥ کەسى نوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەنەو، تا ١٧ ئاداریش ژمارەى گیان لەدەستدراوەکانى بۆ ٩٨٨ کەس بەرزبووەتەوە، کە لەلایەن فەرمانگە فەرمییەکانەوە دەوڵەت ڕاگەینراوە.
کۆی گشتی تووشبووانیش لەسنوورى ١٦ هەزارو ١٦٩ کەسە، بەڵام پسپۆڕانى تەندروستى و خۆپارێزییەکان باس لەوە دەکەن ” ژمارەکان زۆر زیاترە لەوەی تاران دەیخاتەروو، چونکە زۆربەى قوربانیانى ئەو ڤایرۆسە لەلایەن پزیشکى دادوەرییەوە هۆکارى مردنەکەى دەگۆردرێت”.
گرنگترین ئەو کەسایەتیانەش کەلەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتەوە ئاشکرا کراوە تووشى ڤایرۆسەکە بوونە، یاخود بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە لەم پووختەى خوارەوە بڵاودەکەنەوە.
راوێژکارى خامەنەئی:
بەپێی راگەینراوێکى رادیۆى فەرمیی ئێران، مەحمەد میر مەحمەدی (تەمەن ٧١)، دواى تووشبوونى بەڤایرۆسی کۆرۆنا گیانى لەدەستدا.
مەحمەدی، چەندین پۆستى باڵای لەنێو حکومەتدا بەدەستهێناوە، وەک ئەندامی ئەنجومەنى دیاریی کردنى بەرژەوەندییەکانى رژێم، لەپاڵ پۆستى راوێژکاریی رێبەرى ئێران.
هاوکات دواى تووشبوونى بەڤایرۆسەکە دایکیشی لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانى قووم، کەتووشبووى ڤایرۆسەکە بوو گیانى لەدەستداوە.
دایکی ئەو راوێژکارەش خوشکی موسا شەبیری زەنجانی، مەرجەعی ئایینى شیعەکانە، کەئێستا ئەویش کەرەنتینە کراوە، بەهۆى گیان لەدەستدانى بەرپرسى جێبەجێکاری و دارایی نووسینگەکەى بەڤایرۆسی کۆرۆنا.
مردنى پەرلەمانتاریک:
بەگووتەى ئاژانسى هەواڵى فارسی فەرمی مەحمەد عەلى رەمەزان دەستک، بەهۆى ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.
مردنى باڵیۆزێکى پێشوو و پیاوێکی ئایینى
ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووەتە هۆکاری گیان لەدەستدانى هادی خەسرەو شاهی، باڵیۆزی پێشووى تاران لەڤاتیکان، کەپێشتر سەرۆکایەتى چاودێری بەرژەوەندییەکانى ئێران لەمیسر لەئەستۆ بوو.
لەپاڵ پۆستە دیپلۆماتیەکەى، راوێژکارى وەزیرى دەرەوە بووە، جگە لەوانەش خەسرەو شاهی، پیاوێکى ئایینى دیاری بووە لەئێران.
تووشبوونى جێگرانی سەرۆککۆمار:
ئەو ڤایرۆسە کە سەرووى ١٠٠ وڵاتی گرۆتەوە، توانى بگاتە مەعسومە ئیبتکار، جێگرى حەسەن روحانى، بۆ کاروبارى خێزان و ئافرەتان.
گووتەبێژی نووسینگەى ئیبتکار گووتى ” ئەنجامى پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخست ئەرێنیە، ئیستاش لەماڵەوە چارەسەرییەکان وەردەگرێت”.
لەپاڵ ئەو ئەو ئافرەتە ئیسحاق جەهانگیری، نوێترین تووشبووى ڤایرۆسەکە کە پۆستى جێگری سەرۆککۆماری هەیەو، ئێستاش ڕەوشى لەمەترسیدایەو، ئەگەری ئەوەی هەیە بەمنزیکانە ئەویش گیان لەدەست بدات.
جێگرى وەزیرى تەندروستى:
لەنێو بەرپرسە جێبەجێکارییەکانیش ئیریج حەریرجی، جێگری وەزیرى تەندروستى حکومەتى تاران تووشى کۆڤید -١٩ بووەو، لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چالاکوانان ڤیدیۆی ئەو بەرپرسەیان بڵاوکردەوە، کە لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا زۆر هیلاک و شەکەت بوو، دواتر دەرکەوت تووشى “ڤایرۆسی کۆرۆنا ” بووە.
وەزیرى پێشووترى داد:
پێگە هەواڵییەکانى تاران ئاشکرایان کرد، لەنێو تووشبووان بەڤایرۆسەکە مستەفا پوور مەحمەدی، وەزیرى پێشووترى دادو، راوێژکارى سەرۆکى دەسەڵاتی دادوەرى بووە، ئێستاش لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانى تارانی پایتەخت لەژێر چاودێرییە.
پوور مەحمەدی، یەکێکە لەتومەتبارانى لەسێدارە بەکۆمەڵەکەى ساڵى ١٩٨٨ و، یەکێک بوو لەئەندامە دیارەکانى وەزارەتى ئاسایش و هەواڵگری.
براى خێزانى کوڕەکەى خامەنەئی:
فەریدەددین حەداد عادل، براى خێزانى موجتەبا خامەنەئی، کوڕی رێبەرى باڵاى ئێرانیش هەڵگری ڤایرۆسەکە، کە کورى غولام عەلی حەداد عادل، ئەندامى ئەنجومەنى دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى رژێم و، راوێژکارى خوودی خامەنەئیە.
نوێنەرى شارى قووم:
لەزنجیرەى بەرپرسە تووشبووەکانى ڤایرۆسی کۆرۆنا موجتەبا زولنور، سەرۆکى لێژنەى ئاسایشى نەتەوەیی و سیاسەتى دەرەکی ئەنجومەنى شوراى ئێران (پەرلەمان) بووە، کەهاوکات پەرلەمانتاری شاری قوومە، کەتێدا سەرەتا ڤایرۆسەکە بڵاوبوویەوەو، بۆ هەموو وڵات تەشەنەى کرد
گیان لەدەستدانى بەرپرسێکى ناوخۆیی:
ڤایرۆسەکە ئەوەندە بەمەترسییەوە رووی لەبەرپرسانى ئەو وڵاتە کردووە، بووە هۆى گیان لەدەستدانى خان عەلی، نوێنەرى وەزارەتى کشتوکاڵ لەشارى رۆدباری شارى گەیلانى باکوورى وڵات.
ئەو بەرپرسە ئەندامى لێژنەى جێبەجێکارى هەڵبژاردنەکانى ئەمدواییەى شارەکەى خۆى بووە.
مردنى فاتمە رەهبەر:
بەگووتەى ئاژانسى تەسنیمى نیمچە فەرمیی تاران، شەممە ٧ ئاداری ئەمساڵ، فاتمە رەهبەر، پەرلەمانتارى ڕەوتى تووندڕەوی ئەو وڵاتە لەسەر شاری تاران بەهۆى کۆرۆناوە گیانى لەدەستدا.
مردنى ئایەتوڵلا:
دووشەممە ١٦ ئادار، دەسەڵاتداران مردنى هاشم بەهتای گولبایگینی، یەکێک لەئەندامانى ئەنجومەنى پسپۆڕان لەدیاریکردنى رێبەرى باڵاى کۆمار بەهۆى ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند.
گولبایگینی لەتەمەنى ٧٨ ساڵیدا، دواى ئاشکرابوونى بەکۆرۆنا بەدوو رۆژ گەینرایە نەخۆشخانەو، لەوێ مردنەکەى لەلایەن ئاژانسى ئێرنا بڵاوکرایەوە.