سەرۆک وەزیرانى پێشووترى عێراق رایدەگەیەنێت ” ئەوان بەدوورى دەزانن هەڵبژاردنى پێشوەختە لەعێراق لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا ئەنجامبدرێت”.
نورى مالیکی، رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا بەئاژانسی هەواڵى عێراقیشی گووتوە ” بەهیچ بیانوویەک حەشدی شەعبی هەڵناوەشێتەوە”.
دووپاتیدەکاتەوە “بوونى حەشد پێویستە بۆ پارێزگاری کردن لەعێراق و رژێمە سیاسییەکەى”.
مالیکی گووتی ” هیچ هەنگاوێک بۆ گەڕانەوەى شکۆى دەوڵەت و پاڵپشتى هێزە ئەمنییەکان نەنراون”، وەک وەڵامێکى ناراستەخۆى پەیامەکانى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى حکومەتى بەغدا، کە چەندین جار باسى لەگەڕانەوەى شکۆى دەوڵەت و، چڕکردنەوەى چەک لەدەستى هێزە ئەمنییەکان دەکرد.
رێبەرەکەى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، کەهاوکات ئەمیندارى گشتى حزبی دەعوەی عێراقیە لەساڵانى ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ سەرۆکایەتى وەزیرانى بەدەستەوە بووەو، لەسەردەمى ئەودا شەڕى ناوخۆیی لەنێوان شیعەو سوننە دروستبوون و، لەکۆتا ساڵەکانى دەسەڵاتدارێتیەکەشى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لەلایەن گرووپی داعشەوە داگیر کرا.
جگە لەوانەش مالیکی پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ میلیشیا چەکدارە نزیکەکانى رژێمى ئێران هەیە.
سەرەڕاى ئەوەى فراکسیۆنەکەى لەدوایین هەڵبژاردنەکانى ٢٠١٨ ژمارەیەکى زۆرى کورسى نەهێنا، بەڵام پاوانخوازییەکانى و، کاریگەرییەکانى هێشتا بەسەر دامەزراوەکانى دەوڵەتى بەغداوە ماوە.
مالیکی لەچاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ ئاژانسى وڵاتەکەى باسى لەوە کردووە ” ئەوەى ئەمرۆ دەبینرێت، گەڕانەوەى شکۆى دەوڵەت زۆر ئەستەمەو، پێویستە حکومەت کاری لەسەر بکات و، پرسی گەڕانەوەی و پاڵپشتى کردنى هێزە ئەمنییەکانیش لەپێشینیەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانە”.
دەشڵێت ” حکومەتەکەى کازمی لەپێناو جێبەجێکردنى دوو ئامانجی سەرەکی دروستبووە، کەهەردووکیان بەیەکترەوە بەستراونەتەوە، یەکەمیان ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەو، ئەویتریش سەپاندنى شکۆى دەوڵەت، کەبەبێ ئەمەش ناکرێت هەڵبژاردنێکى بێگەرد ئەنجامبدرێت”.
ئاشکراشی دەکات ” لەو باوەڕە نیە هەڵبژاردنەکان لەوادەى خۆی بەرێوەبچێت”.
ڕەخنە لەدەنگدانى پەرلەمان لەسەر یاساى فرە بازنەکانى هەڵبژاردن دەگرێت، پێی وایە “شتێکى ئەستەمە”، چونکە وەک خۆى باسیکردووە ” تاوەکو ئێستاش سەرژمێرى دانیشتووان ئەنجامنەدراوە”.