دڵشاد ئەنوەر:
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرکردەی لایەنە کوردیەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوە، بانگەشەی پشت کۆبوونەوەکە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بوو، بەڵام ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع و لە پشتەوە دەگوزەرێ شتێکی ترە.
ناچمە سەر موناقەشەو مشت و مڕەکانی نا کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم، چی وتراوە و چی نەوتراوە، ئەوە زۆری دەوێت و بە گرنگی نازانم، بەڵام دێمە سەر ئەسڵی مەخسەد.
لە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ یەکڕیزی کۆبوونەوە دەکرێت، کەچی وەفدی پارتی بۆ هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ سەدر بێ حساب بۆ لایەنەکانی تر بە ڕێگەی بەغداوەیە، وەفدی یەکێتیش سەرقاڵی گفتووگۆیە لەگەڵ تەیاری حیکمەی سەر بە عەمار حەکیم.
ئەم دوو هێزە بەشێک لە ململانێکانیان گواستوەتەوە بۆ بەغدا، شەڕەکە لەسەر پێگەی حیزبە لە دوای هەڵبژاردن لە پایتەخت، نەک لەسەر مافە نەتەوەییەکان و پێگەی قەومی.
پارتی لە هەرێم بەهێزترە، هەست دەکات نوقتەی زوعفی لە بەغدایە، دوای ریفراندۆم نێوانی لەگەڵ حکومەت و لایەنە عێراقیەکان خراپە، سەرۆک کۆمار لای یەکێتی یە و یاریکەری سەرەکی لە عێراق ئەم حیزبەیە، بۆیە پارتی لە لاوازی پێگەی لە بەغدا نیگەرانە، سەرقاڵی یاری و موناوەرەیە، تا دوای هەڵبژاردن دۆخەکە لە بەغداش بگۆڕێ، هەرچی یەکێتیشە شەڕی بەرگری لە پێگەکەی دەکات لە بەغداو بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت. بۆیە تا هەڵبژاردن نزیک بێتەوە، ئاڵۆزی ناو هەرێم زیاتر دەبيت.
ئەو مشت و مڕەی گواستراوەتەوە بەغدا سەرچاوەکەی هەرێمە، پارتی و یەکێتی لێرە ڕێک نین، سەدان ساڵیش پێکەوە بن سیقەو متمانە لە نێوانیان نیە، بۆیە بي متمانەیی، ڕەنگدانەوەی لەسەر حوکمڕانیەکەیان و تەنانەت ژیان و گوزەرانی خەڵکیش هەیە.
لە دوای ڕاپەڕینەوە، زۆرترین مشت و مڕی پشت پەردە لەم کابینەیەدا ڕوویداوە، هەستەکەم ململانێ شاراوەکانی نێو ئەم کابینە گەیشتووەتە ئاستێک خەریکە لەیەکترتێگەیشتن نامێنێ، ئەمە جگە لەوەی زۆر هۆکاری دەرەی حکومەتیش هەن بۆ قوڵبوونەوەی ناکۆکیەکان.
حوکمڕانی و بێ متمانەیی یەکێتی و پارتی تەنانەت هاوپەیمانانیشی بێزار کردووە، چەک و تەقەمەنی، موچەی مانگانە دەدەنە لیوا هاوبەشەکان، لە پێناو یەکخستنەوەی پێشمەرگە، کەچی هەریەکەو بەلایەکدا دەیبات و هێندە سەرقاڵی یاریکردنن بەکات و خەریک کردنی هاوپەیمانان، هێندە جدی نین، لەپیادەکردنی ڕێنماییەکانیان لەپێناو بەهێزبوونی هەرێم.
١٠٧ کەس وەکو پزیشک و کارمەندی تەندروستی لەلایەن هاوپەیماناناوە بۆ سلکی سەربازی هەرێم دانراون، پارتی ٩٥ کەسی خۆی و ١٢ ی یەکێتی داناوە، لەسەر ئەمە بووەتە مشت و مڕیان.
وەلحاڵ جاران گۆڕان لە گۆڕەپانەکەدا بەهێزبوو، ئێستا بەتەواوی ناشیپەرژێتە ناوخۆی خوی و ئامرازەکانی فشاری لە دەستداوە، هێزەکانی تریش خاوەن ڕۆڵ نین، بۆیە گۆڕەپانەکە واڵاترە بۆ ململانێی ئەم دوو حیزبە.