- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

!شەڕی دەوروبەر

 

  دڵشاد ئەنوەر:

هەر ئەو کەس و میدیایانەی ئێستا هێرش دەکەنە سەر عەبدوڵای کوێخا موبارەک، پێشتریش هەر ئەوان ئەم بەڕێزەیان لە قاڵبی خۆی دەرکردبوو، بە واتایەکی تر، ئێستا و پێشتریش کوێخا قوربانی دەست میدیاو دەوروبەرە.

پێشتر کوێخا خواردنی مانگانەی زیندانیەکانی چەمچەماڵی گرتبوو، مانگانە چوار پێنج دەفتەرێکی دەچووە دەست و بەو پارە کۆمەڵێک خەڵکی شوێن خۆی خستبوو، لە دەوروبەری بوون، چەند دۆشکەیەکیشی کڕی بوو، ناو بە ناو دۆشکەکانی چەور دەکرد و میدیا و دەوروبەرەکەشی پەمپیان دەدا، لێدوانی زبریان دژی دێگەڵەو دەباشان پێدەداو لێ یان وەردەگرت.

کە تەندەری چەمچەماڵی لێ وەرگیرایەوە و پارەی دەوروبەری پێ نەما، هێدی هێدی دەوروبەر بڵاوەی لێ دەکەن، یاخود فشارت لێ دەکەن بە ئاراستەیەکدا بڕۆی، بەبیانووی ئەوەی خۆیان بە قوربانت کردووە و زیانت لێداون، لەمحاڵەتەدا، تەنها خەڵکی عاقڵ مامەڵە دروستە دەکات و ناکەوێتە ژێر کاریگەری دەوروبەر.

مەقسەدی من لەم باتە عەبدوڵا نیە، بەڵکو مەقسەدم مەترسیداری ئەو هەموو حاشیەیە کە لەدەوروبەری بەرپرسەکان کۆبوونەتەوە و ڕۆژ تا ئێوارە پەمپیان دەدەن، توشی بوغرابوون و تاوان یان دەکەن، بڕیاری هەڵەیان پێ دەردەکەن.بەتایبەت دەوروبەری عەبدوڵای دوور لە پۆستی کاریگەر، تەنها شەری بەرژەوەندی خۆیان کرد، بەڵام دەوروبەری سوڵتەدارەکان، دەیانبەنە سەر هەڵەی گەورەو کوشندەدا دژی خەڵکیش

بوونی عەبدوڵا لە ناو گۆڕان سودی من ی هاوڵاتی تیانەبوو،ڕۆیشتنیشی بۆ ناو پارتی زەرەری بۆ من نیە، چونکە بوونی لە حیزبی پێشووی، تەنها ئیمتیازی هەندێ قسەی باو و جنێو بوو کە ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەیبیستین، هەڵبژاردنی حیزبی نوێش، ڕەنگە ونبوون و دیار نەمانی بێت لە پێش چاو.

مەترسیەکە ئەوانیترە، کە هێزیان لایە، بڕیاریان لایە، دەوروبەرەکانیان فویان لێ دەکەن، بۆ کاری خراپ هەڵیان دەنێن، بەشێوەیەک لەسەر کۆمێنتێک، وایان لێ دەکەن، بە لایانەوە ئاسایی بێت کۆمێنت نوس بکوژێت.

ڕوونتر، مەترسیەکە ئەو هەموو کۆمێنت نوسەیە، لەلایەک شاباش بە شانوباڵی بەرپرس دا دەدەن، لە لاکەی تریش جنێویان پێ دەدن.

دڵنیام چەندێک جنێو بە موبارەک دەدەن، هێندەش نامەی بۆ دەنێرن و داوای دامەزراندنی لێ دەکەن، گەر هێزە سەربازیەکەی بۆ کرایەوە، گەرچی کردنەوەی هێز بۆی ڕاست نیە.

وەلحاڵ، زۆرێک لەبەرپرسە خراپەکان قوربانی دەست دەوروبەرەکانیانن، کە سوکانەکانیان گرتوون و بەهەر لایەکدا بیانەوێ ئاراستەیان دەکەن، بۆیە شەڕی دەوروبەر بۆ هەر بەرپرسێک گرنگترە لە شەڕی نەیار، چونکە دەستی دەوروبەر، پێش نەیار پێی دەگات، کە بردنیەتی بەسەر هەڵەدا.