- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

ئینتەر یەکەم بردنەوەی لەدوای کۆرۆنا تۆمارکرد

یانەی ئینتەر میلان بەزەحمەت شکستی بە یانەی سامپدۆریا هێنا و یەکەم بردنەوەی لەدوای دەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی خولی ئیتالیا تۆمارکرد.

کوڕانی نیرازووری لە جۆزیپی میازا میوانداری یانەی سامپدۆریایانکرد و یارییەکەشیان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لێبردەوە و لە راوەدوونانی یانەکانی لازیۆ و یوڤێنتوس بەردەوامن.

ئەمە یارییەکی دواخراوی گەڕی 26 ـی خولەکە بوو، لەمڕۆوە ئیدی یارییەکانی گڕی 27  ـی خولەکە دەستپێدەکەن.

لە نیوەی یەکەمدا ئینتەر زۆر باشتر دەرکەوتن و توانیان دوو گۆڵ لە رێگەی یاریزانان رۆمێلۆ لوکاکو و لاوتارۆ مارتینێزەوە تۆماربکەن، گۆڵەکان لە خولەکەکانی 10 و 33 ـدا تۆمارکران.

لە نیوەی دووەمدا کۆنتی دەستی بە بەرگریکردنکرد و ئاستیان دابەزی، یانەی میوانیش هێرشەکانیان چڕکردەوە و لە خولەکی 52 مۆرتێن تۆرسبی جیاوازییەکەی کەمکردەوە و تاکە گۆڵەکەی سامپدۆریای تۆمارکرد.

ئینتەر ئێستا خاوەنی 57 خاڵە و پلەی سێیەمی گرتووە، پێنچ خاڵ لە لازیۆی دووەم دوورە، سامپدۆریاش لە پلەی 16 مایەوە بە 26 خاڵ.