- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

دوو خاڵ بۆ پارتی و بزوتنەوە هاوپەیمانەكەی

نیاز عبداللە:
یەكەم: هەڕەشەكەی جەلال پەرێشان كە زۆرێك بە «جنێو» یان «قسەی ناشرین» وەسفی دەكەن، لەبنەمادا دەرخەری فاشیزمی پارتی دیموكراتی كوردستان و سیاسەتە بەعسییەكانیەتی.
پارتی دیموكرات و دەزگا ئەمنییەكانی نكۆڵییان لەوە دەکرد بە دەستدرێژی سێكسی هەڕەشەیان لە زیندانیانی بادینان كردبێت، لە كاتێكدا كە شێروان شێروانی و زیندانیانی دیكەی بادینان بەدەنگی بەرز دەیانگوت «لەژێر هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی لە خێزانەكانمان بەزۆر دانپێدانمان پێ واژووكراوە».
وەك ئەوەی جەلال پەرێشان بە پەرێشانییەكی زۆرەوە هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی لە بابی ئەو كەسانە دەكات كە ناوی پارتی دەهێنن، بەهەمان شێوە ئەو هەڕەشانە لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ جێبەجێ كران، چەندین پیاو لە زیندانەكانی ئاكرێ خەسێندران و دەستدرێژی سێكسیان كرایەسەر، لەچەندین قەزا و ناحییەی دیكە هەمان شت ئەنجامدرا، وەك هەمیشەش تاوانباران و ئەوانەی فەرمانیان كرد دەربازیان بوو لە سزای یاسایی و دوورخستنەوەیان لە پێگەكانیان.
بۆیە كاتێك پەرلەمانتارێكی وەك جەلال پەرێشان جەلاد بوونی خۆی لەناو پەرلەمان و لە پەخشی راستەوخۆدا نمایش و جێبەجێی دەكات، لەلایەن هاو حیزبییەكانی بەرگری لێ دەكرێت.
لەناو حیزبی فاشیستدا شتێك نییە بە ناوی ئەخلاقی سیاسی، شتێك نییە بەناوی مرۆڤ بوون و مرۆڤ سەروەری، بۆیە حیزبێكی وەك پارتی كە بانگەشەی نەتەوەیی بوون دەكات ئامادەیە هەموو رێگایەك بگرێتەبەر لە پێناو نەهێشتنی هەمەڕەنگی و جیاوازی و بەردەوامبوونی لە دەسەڵات.
دووەم: فراكسیۆنی بزوونتەوەی گۆڕان لە بەیاننامە لاواز و بێ ئیرادەكەیەدا نەیتوانیوە بەرگری لە پرەنسیپەكانی كاری پەرلەمانی و پەرلەمانتارەكەی بكات و پارتی بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی مێژوویی.
هاوكات بزووتنەوەكە چ ئاستێكی دیموكراسی لە پارتی و پەرلەمانتارەكانی چاوەڕوان دەكات، لە كاتێكدا ئەو حیزبە كە دەستی سوورە بە خوێنی سەردەشت عوسمان، ویداد حوسێن، سۆرانی مامە حەمە و عەبدولستار تاهیر شەریف و خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات و دەیان خۆپیشاندەری دیكەی كوردستان، لە لایەن خودی بزووتنەوەكە متمانەی دروستكردنی كابینەی ٩ی پێبەخشرا.
بزووتنەوەی گۆڕان لە كاتێكدا دەنگیان بە بكوژانی كاوە گەرمیانی و سەردەشت عوسمان دا، كە بڕیاریاندابوو چاو لە تاوانەكانی پێشووی پارتی بپۆشن و دەست بخەنە دەستییەوە لە هەنگاوەكانی داهاتووی. بۆیە ئەمڕۆ بە بچوكترین رەخنە لەلایەن پەرلەمانتارەكانی ئەو حیزبەی گۆڕان متمانەی پێبەخشیون هەڕەشەی دەستدرێژی سێكسی لەبابی ئەوان و هەر كەسێكی دیكە دەكرێت كە بە رێگای پارتی و ماڵی بارزانیدا نەڕوات.