- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

بە هاوڵاتی پلە دوو خۆزانین، ڕازیبوونە بە کۆیلایەتی

مەردان کوڵەجۆیی:

لەناو کورددا مرۆڤگەلێك پەیدابوون، لە ژێرناوی”ڕۆشنبیران”دا ڕۆژانە بە نوسینەوەی چەند دێڕێك، جگە لەوەی کە خۆیان بە هاوڵاتی پلە دوو دادەنێن، خواستی گەلی کوردش لە بەرامبەربە داگیرکاری دەردەبڕن و، فەرهەنگ،کەلتور، کەلەپور و ناسنامەکەشی دادەبەزێنن بۆ ئاستی نەتەوەی پلە دوو.

هەندێك لەم بە ناو”ڕۆشنفکرانە،” یاخود هێشتا گێژ ومەستی گێژاوی کۆمۆنیزی نێودەوڵەتین،یان لە دەزگایەکدا کارێکیان پێڕەوا بینراوە کە سەر بە نەتەوەی خۆسەپێنە، بۆیە ئیتر وادەزانن ئەو ڕێکخراوەی کە موچەیەکی بۆ دابینکردون، زمانی ئەوان باڵایەو ئەوەی خۆی بە پلە دوودێت!

 لە کاتێکدا ئەم بەناو”روناکبیرانە”تەنانەت لە نوسینی بابەتی سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیانشدا، سەردێڕ وناوینشانی نوسینەکانیان بە عەرەبی دەستپێدەکەن و پاشان لە بنەوە چەند دێڕێكی کوردیش دەنوسنەوە، ئەگەر بە ئاگایی بێ یان بێ ئاگایی، ئەوە خۆزانینی ئەو مرۆڤگەلەیە بە هاوڵاتی پلە دوو، یان ڕازیبوونە بە ژیانی ژێردەستەیی!

 ڕەنگە بەرزنرخادنی زمانی عەرەبی، فارسی و تورکی، بەلای بەشێکی ئەم کۆڵکە خوێنەوارانەوە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ئەو وڵاتانە و زمانەکەیان زۆرینەن و بە نەتەوەی یەکەم هەژماردەکرێن، بۆیە دەبێ ئێمەی کورد زمانی ئەو داگیرکارانە بە گرنگتر بزانین وئەوەی خۆمان بە کەمتر؟!

ئەم کردەوە ناڕاست و ناڕەواییە کە بەشێکی”تاریكبینانی” کورد  دەری دەبڕن لە ئاستی فەرهەنگ و زمان وکەلتوری نەتەوەی خۆسەپێن وداگیرکەردا، ئەوە دەگەیەنێ کە گەلی کورد ملکەچی داگیرکردنی خاکی کوردستانە و کێشەمان نیە لە گەڵ ئەوەی کە  بەهاوڵاتی پلە دوو هەژماربکرێن!