نیاز عبداللە:
شەوی ٢٤ی نۆڤەمبەر، دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی لە راگەیەندراوەكەیدا بە ئاشكرا هەڕەشەی كرد و وتی «ئەرکی سەرەکی ئێمەیە کە سەقامگیری هاوڵاتیان وەک هەمیشە بپارێزین و بەرگری لە داموو دەزگاکانی میری بکەین. بڕینەوەی دەستی تێکدەرانیش تەنها لە پێناو ئامانجە سەرەکییەکەی خۆپیشاندەردایە.»
جگە لە دەستگیركرن و ئەشكەنجەدانی خوێندكاران و غازباران و گوللەبارانكردنیان، لە شەوی ٢٥ی نۆڤەمبەر تیرۆركردنی سەركردەی سەربازی یەكێتی عەقید موراد كانی كوردەیی بەدواداهات كە بەرپرسە لە «داموو دەزگای میری» وەزارەتی ناوخۆ.
راگەیەندراوەكەی یەكێتی بەناوی ئەنجوومەنی ئاسایش، نەیتوانیوە وەڵامی زانیارییە وردەكان بداتەوە لەبارەی فەرمانی دەستگیردن و هۆكارەكەی، لەهەمان كاتدا راگەیەندراوەكە وەك ئەوەی بە ئاشكرا بییەوێت رای گشتی چەواشە بكات وتویەتی «بە شێوەیەكی مەدەنی و یاسایی» ویستویانە موراد كانی كوردەیی دەستگیربكەن، بەڵام لە كوێدا هێزی مەدەنی و یاسایی بە ئوتومبێلی جام رەش و بەهێزی چەكدارەوە فەرمانی دەستگیركردن ئەنجام دەدات؟
هێشتا ئەو راستیانە ماون ئاشكراببن، لەبارەی ئەوەی كە كانی كوردەیی براوە بە برینداری چارەسەری پێشكەش نەكراوە یان كوژراوە؟
یەكێتی كاتێك ئامۆزاكان لە ئاشتی دابوون هەر خەڵك دەكوژران، كە لە شەڕیشدان هەر خەڵك دەكوژرێ.
دەبێت ئەم شەڕە بووەستێت، چونكە ئەم شەڕ و خوێنڕشتنە بە پیرۆزبایی مەسعود بارزانی و پارتی بەڕێوەدەچێت، كە ئامۆزاكانی بنەماڵەی تاڵەبانی شەڕی بەرژەوەندی لە پێناو دەكەن . حیزب خاوەنی میلیشیا بێت بەم جۆرەیە، رۆژێك رۆژنامەنووس تیرۆر دەكات، رۆژێكی دیكە خۆپیشاندەر دەكوژێت و رۆژێكی تر ئەندامانی خۆی لە خوێنی خۆیان سوور دەكات.