بەرەی گەل، کە پێهاتووە لە چەند لایەن و ڕێکخراوێکی سیاسی کوردستانی( دەرەوەی دەستەڵات،) گووتە و بۆچونی خۆی هەیە لە مەڕ ئەو پێشهاتوو و ڕوداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، سەربازی و هیتد… کە ڕووبەو ڕووی گەلی کوردستان دەبنەوە.
ئەمڕۆش بەرەی گەلی بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە لەم ڕاگەیەندراوەدا ئەو تاوانەی لە کوڵەجۆ لە دژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەنجامدرا، لە لایەکەوە ئەنجامدەرانی ئەو خوێن ڕێژییە ڕیسوابکات و، لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی هەرێم بەبەرپاسیاری دەزانێ لە ئاستی پاراستنی سەنگەرەکانی پێشمەرگەو، ژیان و ماڵی هاوڵاتیانی کوردستان.
ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بەرەی گەلە:
حکومەتی هەرێم لە پاراستنی گیانی پێشـمەرگە و هاووڵاتیان بەرپرسیارە
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵەکان ئاشكرایان کرد کە دیسانەوە هێزی تاریکی داعش دەستی خۆی وەشاندووە و پێنج پێشـمەرگەی کوردستانی شەهید کردووە.
بە گوێرەی زانیارییەکان بۆمبێکی چێندراوى تیرۆرستانی داعش لە سنووری کوڵەجۆ بە ئۆتۆمبێلێکی ھێزی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە، بەو هۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون.
بەم بۆنە خەمناکەوە، بەرەی گەل سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدەکان و دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێ، هەروەها بەتووندی ڕەخنە لە دەستەڵاتدارانی هەرێم دەگرێ، چونکە ڕەوشێکی نالەباریان دروست کردووە.
لە لایەکەوە بێکاری باڵی بەسەر هەرێمدا کێشاوە، لە لایەکی دیکەوە گەندەڵی و ستەمکاری و قۆرخکاری بە شێوەیەکی بەرفراوانتر درێژەی پێدەدرێ، بەو هۆیەشەوە زەمینەیەکی باشیان بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش ڕەخساندووە.
هەروەها بەهۆی نەبوونی هاوهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، بۆشاییەکی گەورە دروست بووە وداعش توانیویەتی سود لە بۆشاییە وەربگرێت و، خۆی نۆژەن بکاتەوە و گورز لە هێزی پێشـمەرگە و خەڵکی کوردستان بوەشێنێ.
بەرەی گەل لە کاتێکدا بەتووندی ئەو کارە تیرۆریستییەی داعش ڕیسواو شەرمەزار دەکات، سڵاو بۆ گیانی شەهیدەکان دەنێرێت وهیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بیریندارەکان دەخۆازێت و، لەهەمان کاتشدا بەرپرسانی هەرێم لە پاراستنی گیانی پێشـمەرگە و خەڵکی کوردستان بە بەرپرسیار دادەنێ و لێیاندەخوازێ کە بەخۆیاندا بچنەوە و بیر لە داهاتووی گەل و نیشتمان بکەنەوە.
وتەبێژی بەرەی گەل
٢٨-١١-٢٠٢١