- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

لە رەمەزاندا، یەک پرسیار لە دوو فرۆشیاری سەر بە دوو ئاینی جیاواز

مەردان کوڵەجۆیی:

لە مێژە ئەم پرسیارەم لا دروست بووە، دڵنیاشم هەموومان وڵامەکەی دەزانین، وەلێ یان ناوێرین بە ڕاستگۆیانە پەنجە بخەینە سەر هۆکارەکەی، یاخود لە زمانی خەڵک دەترسین بۆیە خۆمانی لێ بەدوردەگرین، ئایا بۆ لە مانگی رەمەزان دا فرۆشگاکانی لای خۆمان نرخی شمەک  بەرز دەکەنەوە؟

ساڵانێکە لە کەنەدا سەردانی بازارە رۆژهەڵاتی و ئیسلامیەکان دەکەم(جگە لە هی تورکەکان،) چونکە هەندێک جار شتومەکی لای خۆمان(وەکو نانی تەنوریی، مەقاڵە، شیشی کەباب و هتد..) لای ئەم فرۆشگایانە دەستدەکەوێ، لە مارکێتەکانی گەلانی دیکەدا دەست ناکەوێ.

ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا سەرنجی کێشم و بوو بە هۆی پرسیارکردن، گەرچی (هۆکار و وڵامەکەشی دەزانم،) مەراقم بوو کە بپرسم ئایا بۆ لە چەندین بازاری و سوپەرمارکێتە کەنەدییەکاندا، بە چەند رۆژێک پێش مانگی رەمەزان، نرخی ئەو خۆراکانە دادەبەزینن کە لە سەری نووسراوە “حەڵاڵ.”

ئەوەی کە زیاتر سەرنجی راکێشام، بەشێکی ئەو خۆراکانەی لەمانگی رەمەزاندا لە بازارە گەورەکانی کەنەدا بە داشکان دەفرۆشرێن، هەمان خۆراکم بەرچاو کەوتووە کە بە نرخێکی گرانتر لە مارکێتە ئیسلامی وعەرەبیەکاندا دەفرۆشرێنەوە!

بۆ مەبەستی بەرچاو روونی زیاتر لە هۆکاری بەرزکردنەوەی نرخ لە بازارە ئیسلامیەکان و داشکانی نرخ لە فرۆشگا نائیسلامیەکان، کە دوو فرۆشیاری سەر بە دوو ئاینی جیاوازن، بە گرنگم زانی یەک پرسیار ئاراستەی هەدوو لا بکەم.

 پرسیار: برایانی موسڵمان، خوای گەورە رەمەزانتان لێ پیرۆز و پڕ لە خێر و بەرەکەت بکات، هەندێک لە شتومەکەکانتان پێش چەند رۆژێکی هەرزاربوو، هۆکاری چیە نرخەکانتان هێندە بەرزبوونەتەوە، لە کەنەدا گرانی درووست بووە؟

وڵام: نا برا گرانی نیە، بە هۆی هاتنی مانگی پڕ لە خێرو بەرەکەتی رەمەزانی موبارکەوە، خوشک و برایانی موسڵمان خۆراک زیاد دەکرن، بۆیە نرخەکانمان بەرزکردوەتەوە!

پرسیار: ئێوە سوپەر مارکێتی کەنەدین، کەچی دەبینم لە سەر خۆراکە حەڵالەکان نرخەکانتان کەم کردوەتەوە، دیارە کەس ئەم شمکەکانتان لێناکڕی؟

وڵام: نا، بە پێچەوانەوە ئێستا زیاتر دەیکڕن چونکە ئەم مانگە لای ئیسلامەکان پرۆزە و بە رۆژو دەبن، زۆریان بە هۆی رەمەزانەوە ناتوانن کاربکەن، بۆیە ئێمە نرخی  شتومەکە حەڵالەکان دادەشکێنی تا موسڵمانەکان بتوانن بەشە خۆراکی خێزانەکانیان دابین بکەن، خوا قەبوڵناکات بەنرخی گران شتیان پێبفرۆشین!

ئیدی وڵامی (یەک پرسیار لە دوو فرۆشیاری سەر بە دوو ئاینی جیاواز،) لای ئێوەیە  ئایا هۆکار چیە لە مانگی رەمەزاندا  نرخی خۆراک لە  لە فرۆشگا ئیسلامیەکاندا بەرز دەبێتەوە و لە مارکێتە نائیسلامیەکان کەم دەکرێتەوە!