- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

سەرکردە یان دامەزراوەی؟

سوپا شاکەلی:
سەرکردەی بەتوانا ئەو سەرکردەیە نیە کە دەتوانێت تەواوی کایەکانی دەسەڵات بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەڵکو سەرکردەی بەتوانا ئەو کەسەیە کە کەمترین ڕۆڵ ئەبینێت و زۆرترین ڕۆڵ دەدات بە دەزگا و دامەزراوەکان و بەتەواوەتی پابەندی دەستوورێکی شەرعی دەبێت.
لە دونیای ڕامیاری (سیاسەت) دا زۆر بیر و تیۆری جۆراوجۆر هەن کە دەتوانن کاریگەری ڕاستەوخۆ جێبهێڵن لەسەر بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگا، هەندێکجار ئەکرێت بەشێک لەو بیرۆکانە زیانیان زیاتربێت لە سوود. لە مێژووەوە ئەتوانین بڕوانین و فێرببین کە مرۆڤی نەزان خوازیاری کرداری توندوتیژی و خۆسەپێنین و لایان وایە کە تووندوتیژی ئەکرێت ببێتە بەشێک لە بەڕێوەبردن بۆ هەر کۆمەڵەیەک و پتر و پتر ڕەنگ و ڕووخساری سەرکردەیەکان لێبنێشێت بە جێبەجێ کردنی بیرۆکە توندڕەوەکانیان. لە هەمانکاتتدا بەشێکی زۆر لە بیرمەندەکانی بواری سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن بە تەواوی دژن لەگەڵ هەرجۆرە بیرۆکەیەکی توندوتیژی کە تێکەڵ بە کەسایەتی فەرمانڕەوا بکرێت و لە بەرانبەردا پێویستە کاربەدەست یاخود فەرمانڕەوا بە تەواوی پابەندی دەستوور و سیستەم بێت و ڕۆڵی سەرکردە کەم ببێتەوە لە بری زەق کردنەوەی بابەتە کەسیەکانی سەرکردەکە.
پاڵپشت بە وەها لێکدانەوەیەک و شیکردنەوەیەک ئەتوانین تێفکرین و تێبگەین کە هەر ئەمجۆرە لە تێگەشتنە ئەتوانێت ببێتە هەوێنی بونیادنانی ڕێکخراو یان کۆمەڵەیەکی بەهێز کە توانای مانەوەی زیاتر بێت لە دوور مەودا دا.
بە جۆرێکی تر ئەتوانین بڵێین کە هەر کۆمەڵەیەک یاخود هەرجۆرە ڕێکخراوەییەک کە پابەند و شوێنکەوتەی دەستوورێکی شەرعی نەبێت، لە بری ئەوە پابەند و جێبەجێکاری سیاسەتی تاکە کەس یاخود گروپ ببێت ئەگەری لە ناوچوونی زیاترە لە مەودایەکی کەمتردا. هەر ئەمەش وای کردووە کە بیرۆکەی سەرهەڵدانی دیکتاتۆر بیرۆکەیەکی سەرنەکەوتووە و لە هیچ کوێ و هیچ جێگایەکی مێژوودا نەبووە سیستەمێکی دیکتاتۆر بۆ ماوەیەکی زۆر و دوور و درێژ توانیبێتی لە دەسەڵاتدا بمەێنێتەوە و ملی بەرەو چارەنووس و ئەنجامێکی تاریک و نادیار ناوە کە لە ئەنجامدا بووە بە هۆکار بۆ دواکەوتن و ژێردەستە بوونی وڵاتێک یاخود نەتەوەیەک بۆ زیاتر لە چەندین دەیە یاخود سەدە.
ئەگەر بێت و لێکچواندنێک بکەین لە نێوان وشەی ستەم و فەرمانڕەوا بە دڵنیاییەوە نموونە زیندووەکان پیشانمان دەدەن کە ستەم زۆرجاران لەگەڵ هەژموونی دەسەڵاتتدا سەرهەڵ ئەدەن و تەنانەت ستەم بووە بە مۆرکی بەشێکی فەرمانڕەواکان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی. لەم نێوانەیا پێویستە لامان ڕوون و ئاشکرا بێت کە ستەم بەشێک نییە لە کەسایەتی فەرمانڕەوا بەڵکو فەرمانڕەوا پێویستە خۆی بە دوور بگرێت لە هەموو ئاکارێکی ستەمگارانە و پێویستە سیستەم بە تەواوەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت لە یەکلایی کردنەوە و چارەسەرکردنی کاروبارەکانی دەسەڵاتدا. پێویستە فەرمانڕەوا بە تەواوی و بە ڕوونی لایەنگر و شوێنکەوتەی بیرۆکەی بە دەمەزراوەیی بێت و ڕێکارەکان بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی ڕەها بە تووندی بگرێتەبەر بە جۆرێک کە لە ئەگەری گۆڕانکاری لە ناو و ناونیشانی کەسایەتیەکاندا نەتواندرێت تایبەتمەندیە کەسیەکان زاڵ بێت بەسەر ئاراستەی سیستەمدا و دامەزراوەکان ڕۆڵیان بە هیچ سەرکردەیەک کەم نەکرێنەوە و لەگەڵ هاتنی هەر سەرکردەیەکدا پێویستیە کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکان بریتی بێت لە زیاد کردنی ڕۆڵ و کاریگەری دامەزراوەیی نەک ڕۆڵی سەرکردە. هەر ئەم جۆرە لە جێبەجێکردنە لە ئەنجامدا یەکانگیر دەبێت لەگەڵ بیرۆکە و چەسپاندنی دیموکراسی و سەروەری یاسا و بەرجەستە بوونی خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا و هەلی یەکسان بە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا و پێشکەوتنیش بۆ تەواوی کۆمەڵگاکە.