- پێشەنگ پرێس - https://peshangpress.com -

مایکرۆسۆفت راهێنان بە ٢٥ ملیۆن کەس دەکات

گەورە کۆمپانیاى تەکنەلۆژی مایکرۆسۆفت بەنیازە تاکۆتایی ئەمساڵ راهێنان بە ٢٥ ملیۆن کەس بکات، بۆ ئەوەى شارەزای پێویست پەیدا بکەن و، بەخێرایی هەلیکاری نوێ بدۆزنەوە، یاخود زانیاریی نوێیان لەبەردەست بێت، بۆ ئەو گۆڕانکارییە خێرانەى لەجیهانى تەکنەلۆژی بەدی دێن.

هەنگاوەکانى مایکرۆسۆفت، زیاتر لەچوارچێوەى پەتای کۆڤید ١٩ چڕبووەتەوە.

لەو بارەیەوە براد سمیت، سەرۆکى زلهێزی تەکنەلۆژی رایگەیاند ” یەکێک لەهەنگاوە پێویستیەکان پتەوکردنى بووژانەوەى ئابووری دروست و سەرکەوتووە لەفراوانبوونى شارەزایی تەکنەلۆژی پێویست، تاوەکو هەلیکاری نوێ بەردەست بێت”.

هاوکات ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە روونیکردۆتەوە ” بەخشینێکى ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ رێکخراوە قازانج نەویستەکان تەرخان دەکات، تاوەکو لەچوارچێوەى ئەو دەستپێشخەرییە کار بکەن”.

چارێگێکى ئەو بەخشینە دەبەخشرێتە ئەو رێکخراوانەى فرە ڕەنگن، کەزیاتر لەویلایەتە یەکگرتووەکاندا کار دەکەن، وەک سەرۆکى کۆمپانیاکە باسى لێوە کردووە.

گووتیشى ” سەرجەم بەشەکانى کۆمپانیاکەمان پشکدار دەبێت لەو دەستپێشخەرییە، ئەو دەستپێشخەرییە تەکنەلۆژییە گشتگیرەو، تیشکی زیاتر دەخاتە سەر زانیاری داتابەیزەکان و، تەکنەلۆژیاى هۆشمەند”.

مایکرۆسۆفت دووپاتیکردۆتەوە ” بەردەوام دەبێت لەوەبەرهێنان لەبازاڕە ئەلیکترۆنیەکانى مایکرۆسۆفت دۆت کۆم و، بازاڕەکانى ئێکس بۆکس و وویندۆز، بۆ ئەوەى مانگانە بگاتە سەرووى ١,٢ ملیار کەس، لە ١٩٠ بازاڕدا”.

لەسەروبەندی کەرەنتینە کردندا، ژمارەى پەیوەندییە ڤیدیۆییەکانى نێو پرۆگرامەکانى مایکرۆسۆفت (تیمز)، لەمانگی ئاداری رابردوو بەرێژەى سەدا ١٠٠٠ گەشەى بەخۆیەوە بینیوە، کەزۆربەى فەرمانبەرانى جیهان بەهۆى ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەماڵەوە کاریان دەکرد.

هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان باسى لەوە کرد ” قەیرانى کۆڤید ١٩، کاریگەری زۆر گەورەتری لەسەر هەلیکارەکان دروست کردووە، پێچەوانەى بۆچوونەکانى پێشووش بووە”، هۆشداریشى داوە لەوەى کیشوەرى ئەمەریکا رووبەرووى ئاستەنگێکى ئاڵۆزتر دەبێتەوە لەوەى چاوەڕوان دەکرێت.