شیکردنەوەى زانیارییەکانى سەندوقە ڕەشەکەى فرۆکە تێکشکێنراوەکەى ئۆکرانیا لەئاسمانى تاران دەریخستووە ” سەرەتا لەلایەن هێزەکانى ئێرانەوە رێگرى نایاسایی لێکراوە”.
یۆهینی ینین، جێگرى یاریدەدەری وەزیرى دەرەوەى ئۆکرانیا لەهەژمارى تایبەتى خۆی لەتۆڕی تویتەر نووسیوویەتى ” زانیارییەکانى سەندوقە ڕەشەکەى فرۆکە تێکشکێنراوەکە دەیسەلمێنێت رێگرییەکى نایاسایی لەفرۆکەکە کراوە”.
ئەو فرۆکەیەى دواى کوشتنى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى سوپای پاسداران و، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی کەسەرەتای ئەمساڵ لەنزیک فرۆکەخانەى عێراق کوژران، لەلایەن هێزەکانى ئێرانەوە لەئاسمانى تاران دواى فرینی بەچەند خولەک خرایە خوارەوەو، ١٧٦ کەسى تێدا بوونە قوربانی.
بەگووتەى دەسەڵاتدارانى رژێمى ئێران ئەوکات هۆکارى خستنە خوارەوەى فرۆکەکە بەهۆى “هەڵەیەکى ڕێکخستنى رادار بووە”، هەرچەند سەرەتا ئامادەش نەبوو بەرپرسیارێتى ئەو تاوانە لەئەستۆ بگرێت، بەڵام بەهۆى زۆری فشارە نێودەوڵەتیەکان ناچار بوو قەرەبووی بنەماڵەى قوربانیانى فرۆکەکە بکاتەوە.
شیکردنەوەى زانیارییەکان دواى بەتاڵکردنەوەى لەلایەن پسپۆرانى تایبەت لەفەرەنسا ئەنجامدراوەو، هەریەک لەپسپۆڕانى ویلایەتە یەکگرتووەکان، کەنەداو، ئۆکرانیا بەشدارییان تێدا کردووە.
ینین دووپاتیکردەوە ” کییڤ پێشبینی دەکات هەفتەى داهاتوو شاندێکى ئێرانى سەردانى وڵاتەکەى بکەن، بۆ ئەوەى لەبارەى پرسی فرۆکەکە دانووستاندن ئەنجام بدەن”.
گووتیشى ” زۆر سوپاسی سەرجەم هاوبەشانمان دەکەین، بۆ نزیک کردنەوەى ئەم ساتە، شیکردنەوەو، کۆدەکانى هەردوو سەندوقە ڕەشەکەى بی ئێس ٧٥٢ بەسەرکەوتوو ئەنجامدران و، دووپاتیدەکاتەوە سەرجەم زانیارییەکان نایاسایی بوون”.
لەلایەن خۆیشیەوە ئەنجومەنى سەلامەتى کەنەدا، رایگەیاند “تیمێکى نێودەوڵەتى پشکنین بۆ سەندوقە ڕەشەکەى فرۆکەکە دەکات و، قۆناغی یەکەمى شیکردنەوەى زانیارییەکانیشى لەفەرەنسا تەواو کردووە”.
لەلایەن خۆیشیەوە ئاژانسی سەلامەتى ئاسمانى ئەورۆپی لە ١٧ تەمموز، هۆشداریی داوەتە سەرجەم فرۆکەکان لەفرین لەئاسمانى ئێران، هیماشی بەوە کردووە ” ئەگەری ئەوەی هەیە رووبەرووى مەترسی مووشەکی ببێتەوە، هاوشێوەى فرۆکە ئۆکرانیەکە”.
ئەو ئاژانسە لەراگەینراوێکدا باسى لەوەشکرد ” بەهۆى مەترسیداربوونى ڕەوشە ئەمنییەکان و، نەبوونى هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتدارێتى مەدەنی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، مەترسیی لەسەر سەرجەم فرۆکە مەدەنییەکان لەئاسمانى ئێراندا هەیە”.
ئاژانسە ئەورۆپیە کەبارەگاى سەرەکی لەئەڵمانیایە گووتى ” لەگەڵ هەبوونى سیستەمى بەرگری ئاسمانى پێشکەوتوو، رێنوینی دەکرێت هۆشداریی وەربگرن”.
داواشى کردووە ” سەرجەم فرۆکەکان لەئاسمانى ئێران لە ٢٥ هەزار پێ کەمتر گەشت نەکەن، بۆ ئەوەى رووبەرووى خستنە خوارەوە نەکرێن”.