ئەمەریکا سەبازگەی ئەنجەرلیک پشتگوێ دەخات

پ

گۆڤارێکى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاماژەى بەوەداوە ” سەردانەکەى مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا بۆ قوبرس و، ئەنجامدانى راهێنانى سەربازی هاوبەش لەنێوان سوپای نیشتیمانى نیقۆسیاو، هێزی دەریایی واشنتۆن، هەوڵدانێکى ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ بەهێزکردنى پێگەى سەربازی لەدوورگەى سۆداو، دوورگەى کریت”.

گۆڤاری (ناشیوناڵ ئێنترێست)، راشیگەیاندووە ” ئەو هەواڵانەى واشنتۆن بۆ ناروونی داهاتووی مانەوەى ئەمەریکییە لەسەربازگەى ئەنجەرلیکی ئاسمانى لەباشوورى تورکیا”.

ئەوەشى دووپاتیکردۆتەوە ” لەئەگەری تێکچوونى پەیوەندییەکانى تورکیاو ئەمەریکا، بێگومان ئەنجەرلیک دەکەوێتە بەر فیشەک”.

هەریەک لەتورکیاو یۆنان لەساڵى ١٩٥٢ پەیوەندییان بەهاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەنتی کردووە، بەڵام واشنتۆن بەهۆى توانا مرۆییەکان و، کۆنترۆڵکردنى گەرووی بەسفۆرو، پێگەى جیوسیاسییەکەى لەسەر سنوورى باشوورى یەکێتى سۆڤییەتى جاران پشتى بەئەنکەرا زیاتر بەست.

بارمتەکردنى ئەمەریکییەکان لەسەربازگەکە پرۆسەیەکى ئەستەم نیە

دواى تەواوبوونى جەنگی جیهانى دووهەم، ئەمەریکا بەگرنگی زانیوە پێگەى لەنێو خاکی ئەنکەرادا هەبێت و، پاش دەیەک لەو پرۆسەیەش سەربازگەى نوێی ئاسمانى ئەدەنە کردە شوێنى ئۆپەراسیۆنەکانى و، لەساڵى ١٩٥٨ بۆ سەربازگەى ئەنجەرلیک گۆڕدراو، بەجۆرێک رۆڵێکى سەرەکیی هەبووە لەگەشتە ئاسمانیەکان لەسەردەمى جەنگی سارداو، تواناى دابینکردنى کەرستەى لۆجیستی و مرۆیی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دابینکردووە، بەتایبەت بۆ پێداویستیە سەربازییەکانى ئیسرائیل و لوبنان.

دواتر لەساڵى ١٩٥٩ سەربازگەى ئەنجەرلیک بووە ناوەندێکى بەرپەرچدانەوەى سۆڤییەت و، واشنتۆن قەڵغانە ئەتۆمییەکانى لەوێ جێگیر کردو، ئێستاش نزیکەى ٥٠ کڵاوەى ئەتۆمی لێیە.

لەبەرامبەریشدا تورکیا هەوڵیداوە سوودێکى گەورە لەو پرۆسەی پشتبەستنى ئەمەریکا لەئەنجەرلیک وەربگرێت و، چەندین پاڵپشتى ماددی و دیپلۆماتی بەدەستهێناوە، بەجۆرێک لەجەنگی عێراق ساڵى ٢٠٠٣، وەک نمونەیەک ئەنکەرا مەرجی بەکارهێنانى ڤیتۆی لەسەر هەموو گەشتە سەربازییەکانی ئەو سەربازگەیە دانا، بەڵام ڕەتکرایەوە.

وەک گۆڤارە ئەمەریکییەکە دەڵێت ” لەکاتى جێبەجێکردنى کێشەى بۆ ئۆپەراسیۆنەکان دروست دەکردو، کارەکانى ئەستەم دەکرد”.

بۆیە لەماوەى ١٥ ساڵى رابردوو واشنتۆن بەدواى جێگرەوەى ئەو سەربازگەیە گەڕاوەو، بەجۆرێک ئێستا کار لەسەر سەربازگەى میخائیل کۆگلنیسانۆی ئاسمانى رۆمانی دەبەستێت و، لەساڵى ٢٠١٧ – ٢٠١٨ نزیکەى ١٥٠ ملیۆن دۆلارى بۆ نۆژەنکردنەوەى سەربازگەى ئاسمانى ئەردەنی خەرجکردووە.

ناشیوناڵ ئێنترێست باس لەوەشدەکات ” هەوڵەکانى کەمکردنەوەى پشتبەستن بەسەربازگەى ئەنجەرلیک لەلایەن واشنتۆنەوە جێی رێزە، بەتایبەت ئێستا ئەو وڵاتە چەندین سەربازگەى هاوبەشى لەناوچەکە دروستکردووەو، هەر مانەوەیەکی سەربازی ئەمەریکى لەسەر ئەو خاکە بارگرانیە بۆ پێنتاگۆن”.

جەخت لەوەش دەکاتەوە ” ئەردۆگان و یاریدەدەرەکانى لەرێگەى میدیا پاوانخوازییەکانیانەوە بەشێوەیەکى بەردەوام دژایەتى ئەمەریکا دەکەن، بۆیە لەئەگەرى هەر پێکدادانێک لەنێوان ئەنکەراو ئەسینا، یاخود لایەنى یەکەم رووبەرووى ئیهانەیەک ببێتەوە، ئەوا ئەردۆگان فەرمان بەدەستگیر کردنى سەربازە ئەمەریکییەکانى ئەو سەربازگەیە دەدات، ڕەنگیشە خەڵک هانبدات بۆ داگیرکردنى سەربازگەکە کە ١٠٠٠ ئەمەریکی تێدا نیشتەجێیە”.

هەر رۆژێک ئەو هێزو کەرستە ئەمەریکییەکان لەوێ بمێنێتەوە ئەوا مەترسیی زیاتریان بۆ دروست دەبێت

گۆڤارەکە ئاشکراشی دەکات ” بارمتەکردنى ئەمەریکییەکان لەسەربازگەکە پرۆسەیەکى ئەستەم نیە، هاوشێوەى ئەوەى لەگەڵ کارمەندانى باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لەتاران لەساڵی ١٩٧٩ روویدا”.

گووتیشى ” بەسادەیی ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکان، دەکرێت فەرمانبەرانى نێو سەربازگەکە وەک بارمتەى داهاتوو وەسف بکەین”.

سووریشە لەوەى ” پێنتاگۆن لەبارەى ئەمەریکییەکانى نێو سەربازگەکە نیگەرانەو، بەفیعلیش پلانى ئەوەى داڕشتووە چەکە ئەتۆمییە عەمبارکراوەکانى ئەوێ بەهۆى شەڕانگێزییەکەى تورکیاو، تیرۆریستە نزیکەکانى سنووری سووریا بکشێنێتەوە”.

گۆڤارەکە پێی وایە “هەر رۆژێک ئەو هێزو کەرستە ئەمەریکییەکان لەوێ بمێنێتەوە ئەوا مەترسیی زیاتریان بۆ دروست دەبێت و، ویلایەتە یەکگرتووەکان چاوەڕێی ئەوە ناکات قەیرانێکى حەتمی دروست بێت، ئینجا دەست بەکشانەوەى هێزەکانى بکات”.

ڕاشیدەگەیەنێت ” کشانەوەى قۆناغی ئەو هێزانە، مەترسیی بۆ سەر هێزەکان کەمتر دەکاتەوە، سەرەڕاى ئەوەى کەمی رێژەى پارێزەرەکانیش مەترسییەکى دیکەیە بۆ گیانى کارمەندەکان، بەڵام دەبێت پێنتاگۆن بڕیارێکى کتوپڕ بکات و، سبەى تورکەکان کاتێک بەخەبەر دێنەوە، سەرجەم کارمەندو فرۆکە ئەمەریکییەکان بەهەموو کەرستە گرنگییەکانیانەوە لەئەنجەرلیک کشاونەتەوە”.