ئەندامێکى ئەنجومەن داواى “هەرێمى سلێمانی” دەکات
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای دروستكردنی هەرێمی سلێمانی دەكات و دەشڵێت “پاڵنەری سەرەکی ئەم داوایە ، دۆزینەوەی دەرچەیە بۆ دەربازبون لەدۆخی خراپی ئابووری و بژێوی موچەخۆران و خەڵک، دابینکردنەوەی مووچەی مانگانە و بوژاندنەوەی خزمەتگوزاریە”.
ڕێکەوت زەکی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە پۆستێكدا بە ناونیشانی (شەرعیەتی ھەرێمی سلێمانی) نوسیویەتی”حەوت ساڵی ڕابردو دوو ھەوڵی سیاسی و ئابووری ھەبوون بۆ پچڕان لەبەغدا، سەرەنجام ھەوڵە ئابووریەکە (ئابوری سەربەخۆ) ھەوڵە سیاسیەکە (ڕیفراندۆم) شکستیانھێنا و ئەنجامەکەی وەرگرتنی دەیان پۆست لەعێراق و موحتاجبونی دەستی بەغدا بوو، بەبێ ئەوان حکومەتی ھەرێم تەنھا یەک مووچەی تەواوەتی پێنەدراوە.”
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندوە “لەدوای ھاتنەوەی ھەواڵ لەبەغدا و نوسراوەکەی دیوانی چاودێری دارایی عیراق کەداوای زۆر دۆسیە و داھاتی نەوت و ناوخۆ لەحکومەتی ھەرێم دەکات، لەئەگەری ڕوودانی ڕێککەوتنی لەوجۆرە لامەرکەزی ئیداریی و دارایی بەبێ داھاتی نەوت و ناوخۆ سودێکی ئەوتۆی نامێنی و دەبێت سلێمانی ماددەی 119 ی دەستووری عیراق جێبەجێبکات، کە بریتیە لەدروستکردنی ھەرێمی سلێمانی بەتەنیشت ھەرێمی ھەولێرەوە، ھەروەک چۆن حکومەتی ھەرێم داوای جێبەجێکردنی دەستور لەبەغدا دەکات، ئێمەش لەداوای دەستووریی زیاترمان نەوتوە، لەنوسینەوەی دەستوری عیراقیشدا بەڕێزان (مام جەلال و کاک نەوشیروان و کاک مەسعود) بەشدار و ڕەزامەندبوون (بەماددەی 119ـەشەوە) سەرەنجام زۆرینەی زۆری خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەنگیان پێداوە.”
ئاماژەی بەوەشكردوە،”ئێمە دوای سێ دەیە لەحوکمڕانیەکی ناسەرکەوتو داوای مۆدێلێکی دیکە لەبەڕێوەبردن دەکەین، نەشەڕی براکوژی نە دوئیدارەییەکەی نەوەدەکانە، بەڵکو دو ھەرێم وەک دو برای تەباو ماڵ جیاواز، بەڵام خاوەن خۆبەڕێوەبەری جیاواز وەک ھەمو مۆدێلە سەرکەوتوەکانی جیھان، نەیەکێتی واز لەجەماوەر و بارەگا و پێگەوە گۆڕی شەھیدەکانی دەھێنێت لەھەولێرو دھۆک، نەپارتی لێرە واز لەوانە دەھێنێت، ھیچ حزبێک لەھیچ شوێنێکی دیکە قەدەغە و قاچاغ نابێت و ھەرکەس لەشوێنی خۆی بەردەوام دەبێت لەچالاکی سیاسی خۆی، بەڵام دو ھەرێم و بەڕێوەبردنی جیاوازمان پێویستە، ھەروەک چۆن ئێستا ھەمو حزبەکان لەبەغدا و کەرکوک و خانەقین کەلەدەرەوەی ھەرێمی کوردستانیشە ھەن و خاوەن پێگە و چالاکی مەدەنی و سیاسین، دەیان نمونەمان ھەیە کە سلێمانی لای حکومەتی ھەرێم وەک کوڕی دایکێکی جیاواز تەماشادەکرێت.”
زەكی دەشڵێت”ئێستا کەپاشەکەوتی موچە تەپەی پێی دێت، ھەرێمی سلێمانی ئاسانتر لەگەڵ بەغدا دەتوانێت لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران و ڕادەستکردنی سامانی سروشتی ڕێکبەکەوێت و گیرۆدەی گرێبەستی ھیچ وڵاتێک نییە، وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت ھەرواش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی سلێمانی دەکرێت نەک وەک ئەوەی دەڵێن دەچنەوە سەربەغدا، مەگەر ئێستا ھەرێمی کوردستان سەربەکوێیە؟ بێگومان سەربە بەغدایە و لاوازانەش چاوی لەدەستیەتی.”
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی پاڵنەری سەرەكی داواكارییەكەی نوسیویەتی،”پاڵنەری سەرەکی ئەم داوایە ، دۆزینەوەی دەرچەیە بۆ دەربازبون لەدۆخی خراپی ئابوری و بژێوی موچەخۆران و خەڵک، دابینکردنەوەی موچەی مانگانە و بوژاندنەوەی خزمەتگوزاریە، میللەت لەدەرەوەی بارەگاکانی حکومەت دەکوڵێت و تەحەمولی نەماوە و وەڕس بوە و مافی خۆشیەتی، حەوسەڵەی ناڕاستی پیاوە کەشخەکانی سەرتەلەفزیۆن و ھۆڵی کۆبونەوەکانی نەماوە، ھەروەک لەھەمو ئەو پیاوە بێدەنگانەش توڕەیە کەلەکاتی ھەڵبژاردندا لەدەرگای دەدەن، زۆربەی خەڵک بەدوای خۆشگوزەرانیەوەیە نەک شیعارات، ھەواڵێکی گوزەرانی شەھیدان بپرسن کەزو زو بەباسی خوێنی ئاڵیان شەرعیەت بەخۆتان دەدەن.
لە كۆتاییدا نوسیویەتی،”مەرجی سەرکەوتنی ھەرێمی سلێمانی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا و ڕەخساندی دەرفەتی فرەیییە لەبەڕێوەبردندا بۆ ھەمو حزبێکی سیاسی بەپێوەری ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.”