چۆن کەسیك دەتوانێت ببێتە خاوەنى ڕەگەزنامەى عێراقی

پ

لەیاسای عێراقیدا لەبڕگەى یەکەم/ ماددەى شەشی ساڵى ٢٠٠٦ تەرخانکردووە بۆ مەرجی پێدانى ڕەگەزنامەى عێراقی بۆ هاوڵاتیانى بیانی، کە لەرێگەى نیشتەجێبوونی دوورو درێژ بەدەستى دەهێنێت.

بەپێی ئەو یاسایە مەرجەکانى پێدانى ڕەگەزنامەى عێراقیی دەبێت کەسەکە ” تەمەنى یاسایی ١٨ ساڵى تەواو کردبێت” و، لەخاڵى دووهەمدا دەڵێت ” بەشێوەیەکى یاسایی هاتبێتە نێو خاکی عێراقەوەو، هەڵگری پاسپۆرتێکى بەرکار بێت، یاخود بەڵگەنامەى گەشتکردنى هەبێت”.

لەخاڵێکى دیکەدا هاتووە ” دەبێت ئەو کەسەى ڕەگەزنامەکە وەردەگرێت بۆ ماوەى ١٠ ساڵ بەبێ پچڕان نیشتەجێ بووبێت لەعێراق” و، ئەوجا دەتوانێت داواکاریی وەرگرتنى ڕەگەزنامە پێشکەش بکات.

هاوکات یاسا عێراقییەکە هیماى بەوە کردووە ” ئەو کەسە بیانیە نابێت پاشخانى تاوان و، ڕەفتاری خراپی هەبووبێت”، ئەمەش لەکاتێکدایە لەدواى ٢٠٠٣ـەوە، دەسەڵاتدارانى بەغدا، لەرێگەى فرتوفێلی سیاسیی و ساختەییەوە چەندین ناسنامەیان بەهاوڵاتیانى بیانى بەتایبەت ئێرانى بەخشیوەو، زۆربەیان ئێستا لەنێو میلیشیاو هێزە سیاسییەکانى ئەو وڵاتە کار دەکەن.

لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستانیش کار لەسەر ئەو پرۆسەیە کراوەو، بەشێکى زۆری هاوڵاتیانى رۆژهەڵات و، باکوورو رۆژئاواى کوردستان ناسنامەى عێراقییان بەدەستهێناوەو، لەلایەن پارتە سیاسییەکان وەک دەنگدەرى هەڵبژاردنەکان بەکارهێنراون.

لەخاڵى پێنجەمى یاساکە، جەخت لەسەر وەبەرهێنەران دەکاتەوە، کە هەر کەسێک “ئامرازێکى بژێوی هەبێت، یاخود سەروەت و سامانى هێنابێتە عێراق، مافی پێدانى ڕەگەزنامەى هەیە”.

بەڵام لەسەر زەویدا، زۆربەى وەبەرهێنەرە بیانیەکان زۆربەى کات رووبەرووى کێشەى مانەوەو، رۆتینی فەرمانگەکانى نیشینگەکانى عێراق دەبنەوە، دەبێت بەکۆمەڵێک رێکاری دوورودرێژى وەرگرتنى ڤیزاو نوێکردنەوەى مانەوە تێپەرن، کەئەمەش بەبەراورد لەگەڵ زۆربەى وڵاتە پێشکەوتووەکان رێکاری تایبەت بۆ وەبەرهێنەران پەیڕەو دەکرێت و، کارئاسانی زیاتری بۆ دەکرێت.

لەکۆتا خاڵیش مەرجی پێدانى ئەو ڕەگەزنامەیە خستۆتە دەست وەزیرى ناوخۆی حکومەت، بەڵام دەزانین زۆربەى وەزیرەکانی حکومەتەکانى عێراق، سەر بەحزبە تایفییەکانن و، فەرمانەکانیان لەشارى پێکهاتەیەکى دیکە جێبەجێ ناکرێت و، بەگرنگیی نازانن.

ئەمەش وای کردووە، زۆربەى یاساکان عێراق تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزەکان بن و، زۆرینەى ئەو کەسانەى مافى وەرگرتنى ڕەگەزنامەى عێراقییان هەیە، بەدەست رۆتین و حزبایەتى و، کەموکورى جێبەجێکردنەکانەوە بناڵێنن.