٣ـی ئاب خاڵی وەچەرخان لە عەقڵی تاكی كورد

پ

زیاتر لە ١٢٠٠ ساڵە ئێزیدییەكان لەسەر ئەم خاكە جینۆساید دەكرێن، هەموو ئەو تاوانانەی داعش لە ٣ ئابی ٢٠١٤، بە دواوە ئەنجامی داوە، بە درێژایی ئەو مێژووە، ٧٤ جار فەرمانی بۆ دراوە، لە ماوەی دوانزدە سەدەی رابردوودا بەردەوام تاڵان كراون و كچان و ژنانیان كراوە بە كەنیزەك و، لە بازاڕی گەرمی كۆیلەی شارەكان فرۆشراون.

پیاوانیان سەربڕدراوەو كەلەسەری گەورەكانیان لە شوێنە گشتییەكان كراوەتە دارا، زەوی و خاكیان داگیركراوە، لەوانەیە زۆرێك لە ئێمە دایە گەورەكانی لەوان بن، لە زۆربەی جارەكانیش بۆ خۆ رزگاركردن بە زۆر بە كۆمەڵ ئاینیان پێگۆڕدراوە، لەو ٧٢ فەرمانەی پێشوو وەك ئاماژەی پێ دەدەین، ئەوانەی پێش ٢٠٠٣ ، پیاوانی موسڵمانی كورد لە ژێر پەرچەمی ئایندا بەشداریان لە كۆی تاوانەكاندا كردووە.

هەندەك جاریش خۆیان سەركردایەتی فەرمانەكانیان كردووەو لە مێژووشدا هەندێكیان بە پاڵەوانی ئەفسوناوی نەتەوە و قارەمانی نەتەوەیی هەژمار كراون، وەلێ لە دوا فەرماندا، فەرمانی ٧٤ـی رۆژی یەكشەمە رەشەی ٣ی ئۆگستسی ساڵی ٢٠١٤ ەدا، كە پیاوانی ئیسلامی توندڕەوی عەرەبی سوننە مەزهەب پێی هەڵسان لە ژێر ناوی داعش، ئیتر پیاوانی كورد نەك بەشێك نین لە پرۆسەكە و ئەكتەری چالاك نین لە تاوانەكە، داگیركەری گەلی عەلی بەگ و بەردەڕەشە نین ، بگرە بە هەڵمەتی هەموو ئێزیدین قۆناغێكی نوێ دێتە پێشەوە، ئەویش بە پێچەوانەی فەرمانەكانی پێشوو ، لێرەدا پیاوانی كورد نەك بەشداری تاوانەكە ناكەن، بەڵكە دەستە بژێرێك لەوان دەڵێن هەموو ئێزیدین بەرەو روی تەواوی رابردووە رەشەكە دەبنەوەو، زۆربەش شانازی بە نادیە مورادەكەیانەوە دەكەن.

قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی ٢٢٤ ـى كۆچییەوە ، لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە  دەستی پێكرد

ئەو یەكشەمە رەشەی لە تاوانەكانی داعشدا ، بە بەردەم راگەیاندنەكانەوە چەندە رەشتتر دەبێت، دەبێتە دوا فەرمان و دوا كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان و دادگاییكردنی كۆی تاوانەكانی پێشوو، سەرجەم ٧٣ فەرمانەكەی پێشوو لە ئاوێنەی یاداوەریدا زیندو دەكاتەوە ، دەیانكات بە بەشێكی بێزلێكراو لە مێژوو.

مێژوو لێرەدا پێچەوانە دەبێتەوە ، ٣ـى ئاب لە تاوانەوە دەگۆرێت بۆ دادگای مێژووی تاوانە هاوچەشنەكانی رابردوو.

بەهۆی زیاتر لە ٨٠ ساڵ بزاوتی رۆشنبیری و سیاسی لەكوردستاندا، كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێنا، تاوانەكانی ٧٤ فەرمانی غەزای دژ بە ئێزیدییەكان رەتكردەوە، لێرەدا هەست بە گۆڕانكارییەكی هێمنانە و كودەتایەنەش هاوكات دەكەین لە عەقڵی تاكی كورددا، هەرچەندە بەشێكیشی لە ژێر كاریگەری ئیسلامی سیاسیدان، كەم تا زۆر هاوسۆزن لە ناوەڕۆكدا لە گەڵ داعش، كەمایەتییەكی زۆر بچوكی چەند هەزار كەسی نەبێت ، بە ئاشكرا ئەوی دی هەموو رەتی تاوانەكەیان كردەوە.

ئیتر ئێزیدییەكان مرۆڤی پێش یەكشەمەی رەش نین ، ئیتر هەموو سێی ئابێك ، هەموو بە بێدەنگ چركەیەك رادەوەستن و رێز لە قوربانیان دەگرن ، ئیتر هەموو ٣ـی ٨ـى ساڵێك نەفرەت لە هەموو فەرمانەكان دەكەنەوە، بە رێزگرتن لە قوربانیان رەتی مێژووە رەشەكانی هاوشێوەش دەكەنەوە، ئیتر لە بری داگیركردنی خاك و چەپڵە لێدان بۆ كەلەسەرە بە دارەوە كراوەكان مۆم بۆ قوربانیانی ٧٤ فەرمانی نەگریس دادەگیرسێنرێت، ئیتر غەزای پیرۆز دەبێتە وەحشیگەری ، هەر بەوەندەشەوە نا بگرە بڕۆین بەرەو دادگاییكردنی مێژوویانەی ئەوانەی لە ١٢ سەدەی رابردوودا بەشدار بوونە لە تاوانە هاوچەشنەكانی یەك شەمە رەشەكە.

٣- ٨ ساڵەكانی دواتر، ئەم رەتكردنەوەیە گەیشتە پۆپەی خۆی ،بووە بەشێك لە یاداوەری گەلێك ، بووە دابڕان لە گەڵ مێژووی ١٢٠٠ ساڵەی رابردوو و هەر ٧٣ فەرمانەكەی پێشو تر.

لە فتواكانی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ( ٧٨٠ – ٨٥٥ زایینى) ـەوە ، تا فتواكانی لەیسی سەمەرقەندی و مەسعودی و ئەبو سعودی عەمادی بەم هەموو پلەو پایە ئاینییەوە (خطیب المفسرین شیخ الإسلام، مفتی القسطنطینیة) كە ئێزیدییەكانی بە لەكافر كافرتر لەوانی دی ناو زەد كرد، فتوای كوشتنی پیاوان و بە كەنیزەك كردنی ژنانیانی دەردەكرد، هەموو ئەوانەی بە فتواو فەرمان بەشداری جینۆسایدی ئێزیدیەكانیان لە مێژوودا كرد، جارێكی دیكە لەبەردەم ئاوێنەی تاوانەكانی داعش خرانەوە ناو قەفەسی دادگای مێژوو، ئیتر لێرەوە عەمادی شێخ الاسلامی ئومەیەك نیە لای ئێمە، بەڵكە فتوا دەری تاوانێكی مێژوویی بەردەوامە بۆ زیاتر لە دوو سەدە و تاوانباری جینۆسایدە.

سەدان فەرمان لە بەر رۆشنایی فتواكەیدا دەردە چێت و پێكهاتەیەك هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت ، ئەوەی ئێستا داعش دەیكات ، عەمادی درێژ ماوەترین موفتی ئاستانە چوار سەدەو نیو لەمەوپێش دەریكرد بەرامبەر بە ئێزیدییەكان بە تاوانكاری زیاترەوە .

قڕ كردنی ئێزیدییەكان لە ساڵی ٢٢٤ ـى كۆچییەوە ، لە سەردەمی خەلیفە موعتەسەمی عەباسییەوە  دەستی پێكرد، وەلێ فتوای ئەبو سعودی عەمادی لە ساڵی ١٥٦٠ رەوایەتی ئایینی و پیرۆزی پێبەخشی و رەوایەتی دا بە قڕ كردنەكە لە پۆششی ئاییندا، ئەم فتوایە بوە هەوێنی دەیان فەرمانی مەرگ هەموو رەشتر و دڵەڕەقتر لە ٣-٨-٢٠١٤، چڕترینیان فەرمانەكانی قڕكردنەكانی سەدەی نۆزدە بوو ، سەدەیەكی پڕ نەهامەتی و كارەسات بوو بۆ ئێزیدییەكان ، ئەم فەرمانانە تەنها خەلیفە و پاشا عەرەب و توركەكان پێی هەڵنەستان ، لە ساڵانی ١٨٣٢- ١٨٣٤،  پاشای كۆرەی رەواندز و فەرمانی بەدرخان بەگ لە ساڵی ١٨٤٤ لە ناو فەرمانە زۆرو زەبەنەكاندان، بۆیە لە بەر رۆشنایی و ئاوێنەی تاوانەكانی داعشدا، دەبێت بە پێگەی كەسایەتی ئەو كەسایەتیانەدا بچینەوەو لە دادگای مێژوودا دادگایی بكرێنەوە، راستە هەر مرۆڤێك لە مێژوودا مرۆڤەكان بە شێوازێك دەیخوێننەوە.

وەلێ تاوان بە تاوانی دەمێنێتەوەو تاوانكار لە سزا نابێت رزگاری بێت و پێگەی راستەقینەی خۆی دەبێت پێببەخشرێتەوە كە تاوانكاری ئەنجامدەری جینۆسایدە و هەموو هێماكانی گەورە نیشاندانی ئەو تاوانكارە لە مێژوو و یاداوەری گەلدا پێویستە بسڕدرێتەوە ، بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێمەوە تا دادگاییكردنی تاوانكاری جینۆسایدی ٧٤  فەرمانی ئێزیدی هەموو ئێزیدین وەلێ نا بۆ سستەمی كۆنەپەرستانەی چینایەتی ئێزیدی ، بەڵێ بۆ كۆمەڵگای یەكسان و ئازادو كراوە .