لە پەراوێزی ئەوەی ئەمڕۆ لە شەنگال ڕوویدا

پ

بۆچی لەبەرامبەر هەموو ئەوەی روودەدات كەمترین فرمێسك بە چاوەكانم ناێنەخوارێ‌، كەچی لەبەرامبەر بیرەوەرییە تاڵ و شیرینەكانم، گریان بەردەوام میوانمە و فرمێسك بە چاوانم وشك نابنەوە.

رەنگە هەموو ئەو مرۆڤانەی تەواوی تەمەنیان لە نێو شەڕی بێ‌ ئاماندا بەسەر بردوە، هەروا بن، چونكە ناكرێ‌ خۆت بدەیتە دەست ئەو قەدەرەی تەواوی ژیانتی داگیركردوە، ئەگەر خۆت بدەیتە دەست ئەو مێژووە داسەپاوە، مانایەك بۆ ژیان نامێنێتەوە.

بۆیە تۆ دەبێت مانایەكی تر بە ژیان ببەخشی و هیوایەكی تر بدەیتە بەر خۆت، لێرەوە دەتوانی بە شێوەیەكی دیكە خۆت بدۆزیتەوە و خۆت لەم گەمارۆیە دەرباز بكەیت، كە خەریكە لە نێوت دەبات.

“ماغوت” دەڵێ‌:

“بە درێژایی جەنگی حوزەیران فرمێسكێك چییە بە چاوانمدا نەهاتنە خوارێ‌، كەچی گۆرانییەكی فەیرۆز، یان نەجات، یا عەبدولحەلیم دەمگرێنێت”

بۆیە دەبینین “سوهراب”ی شاعیری ژیان، هێندەی بەدوای دیوەکەی تری ژیانەوەیە، هێندە لە خەمی ئەوەدا نییە ئەمریکا، ئەو هەموو “ناپاڵەم”ە چییە بەسەر ڤیتانامیدا دەبارێنێ.

کاتێک ڕەخنەگرێک ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرێت، کە “سوهراب” (لە بارودۆخێکی وادا، کە ئەمریکا، ڤیتنام ناپاڵم باران دەکات، ئەو نیگەرانی ئاوخواردنەوەی کۆتریکە).

سوهراب دەڵێ:

” هاوڕێی ئازیز ئەسلی مەسەلەکە لێرەدایە، بەلای ئەو خەلکەوە، کەلە شێعرەوە فێرنابن نیگەرانی ئاوخواردنەوەی کۆترێک ببن، کوشتن لە ڤیتنام و هەر شوێنێکی دیکە شتێکی ئاسایی-یە”

( ئەبێ چاوانمان بشۆێن

بەجۆرێکی دی بڕوانین

ئەبێ وشەکان بشۆێن

وشە ئەبێ خۆی با، وشە ئەبێت خۆی باران بێ).