شاناز برایم ئەحمەدو دوو قسە
پێش بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، شاناز برایم ئەحمەد، دەنگی ناڕەزایەتی ھەلبڕینی لە کەشکەڵان بوو، قسەی لەسەر ھەموو بوارەکان دەکرد، بۆ قسەکردن و رەخنە گرتن فریای ھەموو بابەتێک دەکەوت، وێنەیەکی لای خەڵک دروست کردبوو کە دەنگێکی ناڕایی باشە، ئەمما ئێستا چی؟
دیسان دەمەوێ بڵێم: پێش کۆنگرە شاناز برایم ئەحمەد، رەخنەیەکی زۆری لە یارو نەیار دەگرت، خۆی وەک ئەنتی پارتی نیشان دەداو لەنێو یەکێتیشدا پەلاماری زۆرێک لە بەرپرسەکانی یەکێتی دەداو تۆمەتباری دەکردن و قسەی لەبارەوە دەکردن، ئەمما ئێستا لەقاوغی بێدەنگیدا نغرۆ بووە.!
دوای بەستنی کۆنگرەی چوارەم و ڕێک دوای ئەوەی بوو بە کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، شانازخان دەنگەکەی جارانی نەما، ئێستا قسە لەسەر ھیچ ناکات، ئەم بێدەنگییە نزیک نۆ مانگییەی دوای کۆنگرە، جێی پرسیاری ھەموومانە، رووداوی زۆر لە کوردستان روویانداو کەچی شانازخان ھەر دەنگی نەبوو، دۆخی خەڵک رۆژ بەڕۆژ خراپترە، کاسپی نەماوە، نێوانی پارتی و یەکێتی لەدوای کۆنگرە ئاڵۆزبوون، پرۆژەی لامەرکەزیی سلێمانی و تەنانەت پرۆژەی بە ھەرێم کردنی سلێمانیش ھاتنە پێشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک پێشنیاز ھەبوون کە دەچوونە خزمەت نەیارانی حیزبەکەی، بەڵام شانازخان ھەر ھیچی نەگووت، ئەمانە جێیی پرسیارن بۆ بێدەنگە.
کاتێک ھەموو ئەم رووداوانە ھاتنە پێشەوە و شانازخان ھیچ دەنگی نەبوو، کەچی دوێنێ لەبارەی سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ سلێمانی قسەی کردوو ھاتە دەنگ، ھەندێک زانیاری خستنەڕوو دوایی دەرکەوت ھەمووی ھەڵەبوون، گوناھە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ھێندە بێ زانیاری بێت بکەوێتە ھەڵەی زەقی لەم جۆرە، بەڵام دەڵێی چی، پۆست و پارەو بازرگانی و کەسانێک دەخاتە مەوقیفی بێدەنگی لەم جۆرەو تووشی شۆکی سیاسییان دەکات.