لەهەرێمێكی نیمچە سەربەخۆوە بەرەو قەوارەیەکی بچووك

لەسایەو سێبەری داربەدستانی حزب و حکومەت، ئەوەی چاوەڕوانکراو بوو ڕوویدا، ئاساییە بێگانە مافت بخواو زوڵمت لێبکا، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە ئەوەیە، خۆت وەها لەمیللەتەکەت بکەیت. لەدەست زوڵم و ستەمی تۆوە لەبرسا دەستی بێگانە ماچ بکا.
لێرەوە زەنگە مەترسیدارەکە لێدرا، چارەنووسی هەرێمی کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی نادیارو مەترسیدار نەخشەکێشکرا، چونکە سەردانەکەی مستەفا کازمی، دەوڵەتمەداری عێراق سەردانێكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو پلان و بەرنامە بۆ دارێژراو بوو .
بەبڕوای من ئەجیندای سەردانەکەی کازمی پەیامێكی گرنگی ئاراستەی وڵاتە زلهێزەکان کرد، بەپلەی یەکەم پێی گووتن؛ ئەوە خەڵكی هەرێمی کوردستانە پەرۆشی فریادڕەسن بۆ ڕزگارکردنیان لەزوڵم و ستەم بەدەست بەرپرسە نابەرپرسەکانی خۆیانەوە.
هەروەها پەیامێكيش بوو بۆ بەرپرسە چاوچنۆکەکانی شيمال الحبیب کەخەڵكەکەتان بێزار بوون لەحکومڕانی ئێوە، چیتر متمانەتان پێ ناکرێت بۆ بەردەوامیتان لەدەسەڵات.
ئەم سەردانەی کازمی بۆ یارو نەیاری کورد دەرکەوت، کەچیتر خەونی سەربەخۆیی گەلی کورد بۆ سەدان ساڵیتر لەگۆڕنرا، کەئەمەش لەکاتێکدایە لەهەفتەى داهاتوو سێهەم ساڵیادی ئەنجامدانى ریفراندۆمەکەى ٢٠١٧ یە.
بەرپرسەکانی کورد لەبەر دزی و فزی خۆیانەوە هیچ ئاگایان لە بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان نەماوەو، هیچ خوێندنەوەیەکی واقعییان بۆ گۆڕانکاری ناوچەکەو بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناویین نەکردووەو، هەموو شتێكیان تەسلیمی قەدەرکردوەو تەنها سەرقاڵى گەندەڵییەکانى خۆیانن.
بەڕێز کازمی سایکۆلۆژی تاکی کوردو بەرپرسەکانی کوردی بەباشی دیراسە کردووەو، ئەزانێت چۆن جوڵەو مامەڵەیان لەگەڵ ئەکات، ئەزانێت ئازاری زامەکانی گەلی کورد بەچی ساڕێژ ئەبێت و، چۆن سۆزو عەتفیان رائەکێشێت.
لەهەمان کاتدا مەلەفی زۆربەی بەرپرسەکانی کوردی لایە، دوور نیە لەداهاتوو لەبەرانبەر هەر بەرەنگاربوونەوەیەك پەلکێشی دادگایان بکات و مەلەفەکان بجوولێنێت.
لەکاتێكدا سەرکردەکانی عێراق و لە ناویانیشدا سەرکردەکانی کورد بە دوای پوول و پارەوە بوون، بەڵام ئەم پیاوە خەرێكی کۆکردنەوەی بەڵگەو ساغكردنەوەو تۆمارکردن و، ئاشكراکردنی گەندەڵییەكانیان بوو، ڕەنگە ببێتە یەکێك لەبەهێزترین سەرکردەکانی عێراق لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتەدا.
لەکۆتایدا بەداخەوەم کەئێمەی کورد رووبارێك خوێنمان ڕشت و، شەهیدەکانمان ژیانی خۆیان کرد بەقوربانی لەپێناو هیچ، کەبەدەستى ئەم دەسەڵاتە چوو بەبایە.