حەشدی شەعبی؛ شێرپەنجەی عێراق
لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی فاشیستی بەعس؛ پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا وردە وردە دەکەوتە سەرپێ و، هەنگاوی بەئاراستەی جۆرێک لەدەوڵەتداریدا دەنا؛ سەرەڕای هەموو سەرەنج و تێبینییەکان. بەڵام لەدوای پەلاماری موسڵ و داگیرکردنی ئەو پارێزگایە لەلایەن داعشەوە، زۆربەی ئەو رێسانەی کەچنرابوون بویەوە بەخوری.
دوای فتوای مەرجەعی باڵای شیعەکان لەدژی داعش، بەسەدان هەزار گەنجی شیعە بەبێ راهێنان و ئەزمون چەکیان کردەشان و خۆیان لە جۆرێک لەگرووپ و دەستەوتاقمدا بینییەوە، کەناوی لێنرا حەشدی شەعبی و لەم گروپە چەکدار و ملیشیایانەشدا بەسەدان گرووپی جیاجیا دروستبوو. بەخێرایش ئەجێنداو دەستێوەردانی وڵاتان لەناو ئەم گروپانەدا چەکەرەی کرد.
بەجۆرێک بەشێک لەم گروپانە هێندە وەلائیان بۆ ئێران هەیە، هێندە فەرمان لەبەرپرسانی عێراقەوە وەرناگرن، ئەمە وایکردووە ئەم گرووپانە نەچنە ژێر هیچ جۆرە دیسپلینێکی عێراقەوە و بەردەوامیش ببنە جۆرێک مەترسی بۆ بەرژەوەندییەکانی عێراق و بەئەجندای وڵاتانی تر.
لەدوایین هەڵبژاردنە پەرڵەمانیەکەی عێراق ئەم هێزانە هاتنە پەرلەمان و، چیتر بەتەنها وەک هێزی چەکدار نەمانەوە، بەڵکو ئیتر لەشوێنێکی تری وەک پەرڵەماندا پایەکانی دەسەڵاتیان جێگیرتر کرد، بوونە خاوەنی بۆچوون و، هەڵوێستی خۆیان لەمەر تەواوی پرسە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە.
هەرچەندە مستەفا کازمی، کرایە سەرۆک وەزیران، پشتگیری تەواوی ئەمەریکای هەبو، بۆ ئەوەی جۆرێک لەدەوڵەتی مەدەنی و هێزەکانی حەشد چەک بکا، یان هیچ نەبێ کۆنترۆڵیان بکات و بیانخاتە ژێر دیسپلینەوە، بەڵام وا نزیکەی ساڵێکە کازمی لەو کارەدا سەرکەوتوو نەبووە و کەئەوە تاقیکردنەوەی گەورەکەی کازمی بوو.
دواجار کازمی نەک هەر نەیتوانی حەشد چەک بکات، بەڵکو نەیتوانی دووریشیان بخاتەوە لەتێکدانی ئاسایشی ناوچەی سەوز، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەمەریکییەکان هەرەشە داخستن و کشانەوەی باڵیوزخانەکەیان بکەن لە بەغدا، بەهۆی هەراسانکردنیان لەلایەن گرووپەکانی حەشدەوە، ئەمەش مەترسی سزای ئابووری و سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێ.
دوایین چالاکی ئەم میلیشیانە هاویشتنی چەند موشەکێک بوو بۆ هەولێر کە زیاتر لەپەیامێک دەچوو بۆ ئەمەریکا.
ئەگەر کازمی بەزووی فریای خۆی نەکەوێ ئەوە هیچ رەوایەتیەک بۆ دەسەڵاتەکەی نامێنێتەوەو، حەشدیش زیاترو زیاتر باڵا دەست دەبێ و، دووریش نییە وەک سوپای تورکیای پێشووی لێنەیە، کە هەر بەرپرسێ بیەوێ هەنگاوی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بنێ لەکاری دووری بەخەنەوەو، بەوەش دەوڵەتێکی شاراوە لەناو دەوڵەتدا دروستبکەن. هیچ بەهایەک بۆ پرۆسەی سیاسی و دەوڵەتی عێراق نەهێڵنەوە، هەتا عێراق بکەنە وڵاتێکی گۆشەگیرو داخراو، کەدواجار هەموو هاونیشتیمانیانی عێراق باجە قورسەکەی بدەن.