کەس لەدەستى ئێران پارێزراو نابێت
وەزیرى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکان هۆشدارى داوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەکۆتایهێنان بەبایکۆتکردنى فرۆشتنى چەک بەکۆمارى ئیسلامی ئێران، لەکۆتاییەکانى تشرینى یەکەمی داهاتوو.
رژێمى ئێران لەچوارچێوەى یاساى ژمارە ٢٢٣١ خراوەتە نێو لیستى سزایەکانى فرۆشتنى چەک، کە پاش رێکەوتنە ئەتۆمییەکەى ساڵى ٢٠١٥، لەکۆتایی تشرینى یەکەمى داهاتوو کۆتایی دێت.
مایک پۆمپیۆ، لەهەژماری تایبەتى خۆیدا لەتویتەر نووسیوویەتى ” ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان لەتشرینى یەکەم بەفیعلی بایکۆتکردنی چەک هەڵبگرێت، ئەوا ئێران تواناى کڕینى فرۆکەى جەنگی نوێی وەک سۆخۆی – 30 ـى رووسی و 10-J چینى دەبێت”.
هیماى بەوەشداوە ” بەهۆى ئەو فرۆکە کوشتارانەوە، ئەورۆپاو ئاسیا دەکەونە نێو بازنەى ئاگری ئێران”.
وەزیرەکەى واشنتۆن دووپاتیکردۆتەوە ” ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگە نادات ئەوە رووبدات”.
لەپاڵ تویتەکەى خۆیدا پۆمپیۆ، نەخشەى ئەو وڵاتانەى بڵاوکردۆتەوە کەفرۆکە جەنگییەکانى مۆسکۆ و پەکین، ئەگەر تاران بیکرێت پێیان دەگات، پاش هەڵگرتنى بایکۆتکردنى فرۆشتنى چەک بەسەر ئەو وڵاتە.
چاوەڕوان دەکرێت لەدواى ئەو مانگەى کەکوشکی سپی دەیەوێت درێژى بکاتەوە، پرۆسەى فرۆشتنى چەک لەسەر ئێران بەشێوەى قۆناغ بەرەو سووکبوونەوە دەبێت.
بڕیارەکەش زریپۆش و، فرۆکەى جەنگی و، کەشتى جەنگی و مووشەک و سیستەمی مووشەکی لەخۆ گرتووە.
لەلایەکی دیکەشەوە نەتەوە یەکگرتووەکان سزایەکى بلۆککردنى فرۆشتنى چەند کاڵاو کەرەستەیەکى تەکنەلۆژی بەسەر تاران سەپاندووە، کە بۆ بەرنامەى مووشەکی بالیستى بەکاردەهێنرێت سەپاندووەو، ئەو بڕیارەش تاتشرینى یەکەمی ٢٠٢٣ درێژە دەخایەنێت.
لەلایەن خۆیەوە یەکێتى ئەورۆپا، بەخێرایی خۆى یەکلایی کردەوە لەدرێژکردنەوەى بلۆککردنی فرۆشتنى چەکی تایبەت بەئێران، ئەگەر هاتوو نەتەوە یەکگرتووەکان بلۆککردنەکەى هەڵگرت.
لەو بارەیەوەش واشنتۆن پرۆژە بڕیارێکى ئیدانەکردنى هێرشەکانى ٢٠١٩ دژی وێستگە نەوتیەکانى سعودیە پێشکەش بەهاوبەشەکانى لەئەنجومەنى ئاسایش کردووە، کەتێدا ئێرانی تومەتبار کراوەو، لەسەر ئەو بنەمایەش داواى درێژ کردنەوەى یاساى قەدەغەکردنى فرۆشتنى چەک بەتاران کردووە.