نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆچبەران هۆشداری دەدات

پ

دوو ملیۆن کۆچبەر گیریان خواردووە

دوێنێ هەینی ، ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند ، کە زیاتر لە دوو ملیۆن کۆچبەر ، بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا ، لە جیهاندا گیریان خواردووە و ئەو کۆچبەرانە ، مەبەستیانە بگەڕێنەوە شوێن و زێدی خۆیان و داواشی کرد جیهان ، لەبارەی ئەم پرسەوە هەڵوێستی هەبێت و بەشێوەیەکی تەندروستانە ڕێگا بەو کۆچبەرانە بدرێت بگەڕێنەوە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان .

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەی دا هۆشداری دەدات کە بەهۆی توندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا ، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەران لە وڵاتانی جیهان گیریان خواردووە و ئەو کۆچبەرانە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

لەمبارەیەوە ئەنتۆنیۆ ڤیتۆرنۆ ، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی کۆچ و کۆچبەرانی جیهانی ئاشکرای کرد ، پێویستە وڵاتانی جیهان ، کار بۆ گێڕانەوەی ٢،٧٥ ملیۆن کۆچبەر ، بۆ زێدی خۆیان بکەن کە بەهۆی دەیان ڕێکاری تەندروستی و بلۆککردنی گەشت و داخستنی سنوورەکانەوە ، گیریان خواردووە و بۆ ئەمەش ، هاوکاری و هەماهەنگی وڵاتانی دراوسێ و ئەو وڵاتانەی کە زێدی ڕاستەقینەی کۆچبەرانن ، پێویستە .

 

بەپێی زانیاری سەرچاوە فەرمییەکان ، تا ئێستا ٢،٧٥ ملیۆن کۆچبەر ، لە دەرەوەی وڵاتانی خۆیان گیریان خواردووە و ئەو کۆچبەرانە خۆیان دەبیننەوە لە ، کرێکاری بیانی و قوتابی و نەخۆش کە بە مەبەستی چارەسەر گەشتیان کردووە.

پشکی شێری ژمارەی کۆچبەران کە ١،٢٦ ملیۆن کۆچبەرە ، بەر ناوچە و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێت و ٩٧٧ هەزار کۆچبەر لە ژمارەیەی ڕێکخراوی کۆچ و کۆچبەرانی جیهان ئاماژەی پێداوە ، بەر ناوچەکانی ئاسیا و دەریای ئارام دەکەوێت .