یەکگرتوو هیچ کات پۆست پەرست نەبووە
یەکگرتوو پۆست پەرست نییە
سەلاحەددین مەحەمەد بەهادین ، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، ئەمڕۆ شەممە لە شاری سلێمانی ، كۆبونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك لە كادیرانی حیزبەکەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجام دا .
لەو کۆبوونەوەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەگەڵ کادیرانی حیزبەکەی ڕایگەیاند ، یەكگرتووەكان پۆست پەرست نین و لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو حیزبەشەوە هەتا ئەمڕۆ ، لە زۆربەی قۆناغەكان و ڕوداوەكاندا كە لە هەرێمی كوردستاندا ڕویانداوە، فشاری زۆریان لێكراوە ، تاوەکو لە هەڵوێستەكانیان پەشیمان بینەوە، بەڵام ئەوان هەمیشە لەسەر هەڵوێستەکانیان سووڕبوونە و لەوبارەیەوە بەردەوامیش دەبنەوە .
هەر لەو کۆبوونەوەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لەگەڵ کادیرانی حیزبەکەی جەختیكردەوە ، یەكگرتووەكان پێویستە شانازی بەخۆیانەوە بكەن، لەبەرئەوەی نە خوێنی كەسیان ڕشتووە و نە ماڵی میللەتیشیان بەهەدەر داوە
ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ، ئاماژەی بەوەشکرد ، ئەوان دەستیان لە هیچ نەهامەتیەكدا نەبووە كە بەسەر میللەتەدا هاتووە، بەپێچەوانەوە ئەوان بەشداری سەرەكی پرۆسەی ئاوەدانی و چاکسازی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستان بوون و ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لەهەركات زیاتر حكومڕانی كوردی، پێویستی بە چاكسازی هەیە و مایەی نیگەرانیشە ، كە لە ساڵی ٢٠٢٠ــدا ، حكومڕانی كوردی لە سێی دەیەی حكومی نزیك دەبێتەوەو ، کەچی هێشتا هاوڵاتیان بەدەست دەیان كێشەی كەڵەكەبووە دەناڵێنن وە بێ بەشێشن لەسەدان مافی سەرەتای.