بۆڵتۆن؛ خاوەنى نەخشەکەى دەستى ئەردۆگان ئاشکرا دەکات
راوێژکاری پێشووى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەبارەى رووداوەکانى پشت پەردەى سیاسەتەکانى کوشکی سپی و، دۆناڵد ترامپ، کۆمەڵێک نهێنى گرنگی لەبارەى پرسى کورد ئاشکرا کردووە.
جۆن بۆڵتۆن، کە لەکتێبەکە نوێیەکەى سیاسەتەکانى هەڵەکانى ترامپ بەرامبەر کوردانى رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا کردووەو، روونیکردۆتەوە ” چەندین گفتوگۆ لەنێو هۆڵەکانى کوشکی سپی بەرێوەدەچوون و، هاوسۆزییەکى فراوان لەنێو پێنتاگۆن و، مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکاو، تەنانەت دانفۆردو شاناهان بەرامبەر کوردانی سووریا هەبووە”.
لەکتێبەکەیدا نووسیوویەتى ” پۆمپیۆ، دانفۆردو، بۆڵتۆن و، وەزیرى بەرگرى ئەوکات پاتریک شاناهان، کە (ماتیس دواى بێئومێد بوون دەستى لەکارکێشابوویەوە)، ڕاگەینراوێکیان ئامادە کرد، بۆ ئەوەى هێڵە سوورەکانیان دیاری بکەن و، بەرەو تورکیا بەرێبکەون بۆ ئەوەى لەگەڵ سەرکردایەتى ئەو وڵاتە دانووستاندن بکەن”.
وەک بۆڵتۆن هیماى بۆ دەکات “جێفری بەهێڵە سوورەکانى خۆیەوە دەرکەوت، کە نەخشەیەکى ڕەنگاو ڕەنگی باکووری رۆژهەڵاتى سووریا بوون، کە رێگەى بەتورکیا دەدا کۆنترۆڵی بکات”.
راوێژکارەکەى سەرۆکى ئەمەریکا، کەهاوکات راوێژکاری ئاسایشى نەتەوەیی واشنتۆنیش بووە جەخت لەوە دەکاتەوە ” پاڵپشتیکاری ئەو نەخشە ناسراوەکات، کەتێدا ناوچەکانى رۆژئاوا، کەگووندو شارى کوردی تەواو بووە، لەباکووری سووریا لەلایەن جێمس جێفری، نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمەریکا، کەلەجێگەى برێت مەکگۆرک دامەزرابوو، ئامادەکرابوون”.
ئاشکراشی دەکات ” نەیتوانى هیچ کاتێک نەخشەکە نمایش بکات، چونکە ئەردۆگان کۆبوونەوەى لەگەڵ حکومەتەکەى ترامپ هەڵوەشاندبوویەوە”.
لەو کاتانەشدا ترامپ باسى لەهێزى ئاشتی پارێزی فەرە نەتەوەیی لەسووریا دەکردو، بەئەردۆگانیشى گووتبوو سوپای ئەمەریکا دانووستاندنێک بەرێوەدەبات و، پێگەى ئەوانیش لەسووریا تاوتوێ دەکات.
بۆڵتۆن هاوسۆزییەکانى سەرۆکى تورکیاش ئاشکرا دەکات، کەیەکێک لەوانەش لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان و، کەسایەتى نزیک لەترامپە.
بەو هۆیەوەش دانووستاندنەکانى واشنتۆن و ئەنکەرا لەئابی ٢٠١٩ رێکەوتنى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام لەباکووری رۆژهەڵاتى سووریا لەناوچەى کوردەکان بەدوادا هات.
هێزە کوردییەکانیش بەئاستى ٥ کلیۆمەتر لەسنوورەکانى خۆیان پاشەکشێیان پێکراو، زۆربەى قەڵغانەکانیان تێکشکێنران و، کاروانى هاوبەشى تورکیاو ئەمەریکا جێگەیان گرتەوە.
ئەو کات جێفری بەرۆژنامەنووسانى گووت ” بەرپرسانى ئەمەریکا پێیان وانیە تورکیا ناوچەکانى سووریا داگیر بکات”.
بەڵام دواى دوورخستنەوەى بۆڵتۆن لەئەیلوولی ٢٠١٩ بەمانگێک هێزەکانى تورکیا شارە کوردییەکانى باکوورى رۆژهەڵاتى سووریاى داگیرکرد.