سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەنێوان ترامپ و بایدن

پ

لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و، لەمەڕ پرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکاو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لەسەر ئاستی جیهان چینی بەهەڕەشەی سەرەکی دانا بۆ سەر ئەمەریکا و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

لەهەمانکاتدا ترامپ مەترسیەکانی رووسیای بۆ سەر هەژموونگەرایی ئەمەریکا نەشاردەوە، لەبەرامبەردا جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکاو بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، پێیوایە رووسیا هەڕەشەی سەرەکییە بۆ سەر هەژموونگەرایی ئەمەریکاو،  رایگەیاند لەپێشینەی کارەکانی دانانی سنوورێک دەبێت بۆ هەڕەشەکانی مۆسکۆ.

بایدن بەهەمان شێوە مەترسیەکانی چینی نەشاردەوە، بەڵکو تەنها پێشینەی کارەکانی بۆ دژایەتی رووسیا تەرخان کردووە.

هەرچی لەسەر ئاستی ناوچەییە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوا بینیمان کە ترامپ تەرکیزی سەرەکی لەسەر ئێرانە، لەهەمان کاتیشدا بینیمان کە بە سیاسەتی نەرم یان بەهێزی دیبلۆماسی تورکیای کەنارگیر کردووەو، دووچاری ئاستەنگی دارایی زۆر گەورەی کردۆتەوە.

لەبەرامبەریشدا بایدن زیاتر سەرنجی لەسەر تورکیاو عەرەبستانی سعودیەیە، بەڵام ئەوەش نایشارێتەوە کە ئێران بگەڕێتەوە بۆ دانوستان و ئاستێک بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی تاران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دابنرێت.

ئەگەر بێت ووردتر سەرنج بدەینە وێنە گەورەکە و لێکدانەوەی هەردوو بەربژێر، بەڕوونی ئەوە بەدیدەکەین کە ئەمەریکا لەسیاسەتی دەرەوەیدا خاوەنی یەک ستراتیژە و بە دەرچوونی هەریەکێک لەو دوو بەربژێرە بۆ سەرۆکابەتی داهاتووی ئەمەریکا هیچ لەوێنە گشتییەکە ناگۆڕێت، بەڵکو تەنیا بژاردەکان جیاوازن. وێنە گشتیەکەش ئەوەیە کە لەسەر ئاستی جیهان تەنها رووسیا و چین مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر هەژموونگەرایی ئەمەریکا.

لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، ئەو ستراتیژەی کە ئەمەریکا بۆ ئەو ناوچەیەی داڕشتووە ئەوەیە کە نەمانی هەژموونگەرایی هەرێمییە لەناوچەکە کە لەبنەڕەتدا هەریەک لەئێران و تورکیا و سعودیە ساڵانێکی زۆرە لەململانێدان بۆ باڵادەستی و هەژموونگەرایی لەناوچەکەدا.