بۆچی ژینگە بپارێزین؟ژینگە چیە؟
وەلید محەمەد:
ژینگە بریتیە لە گشت ئەو ئەو شتانەی لە دەوروبەرماندان و هەستی پێدەکەین. وەک گیاندار یان بێگیان و هەروەها لە کۆمەڵێک هێزی کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی و چەند هێزێکی تری سروشتی پێک دێت.
ژینگە پارێز کێیە؟
ژینگە پارێز ئەو کەسانەن کەخۆشەویستیان بۆ ژینگە هەیەو ، هەوڵی پاراستن و زیاتر پێشەوە بردنی ژینگەی ووڵاتەکەیان دەدەن، جا چ بەڕێگەی بڵاو کردنەوەی ڕێنماییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە یان هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان و هەڵواسینی پوستەر لە شوێنە گەشتیارییەکان و کردنەوەی خولەکانی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەی پاراستنی ژینگە و ڕواندنی دارو گولی زیاترو چاودێریکردنیان.
کێ پێویستە ژینگە بپارێزێت؟
لەسەر هەموو تاکێکی جیهان پێویستە ژینگە بپارێزن چۆنکە پیسبوونی ژینگە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکان .
چۆن ژینگە بپارێزین؟
یەکەم: ناشتنی دارو درەخت و سەوزایی لەباخچەکانداو لەدەشت و زەوییەکانداو چاودێری کردنیان و پاراستنیان وەک بیلبیلەی چاومان لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە.
دووەم: پاراستنی ووزە
کەم بەکارهێنانی ووزەی کارەبا کاریگەریەکی زۆر لەسەر پاراستنی ژینگە هەیە، چۆنکە زۆربەی وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبا بەسوتاندنی گازو نەوت ئیش دەکەن و دوای سوتاندنیان دۆکەڵ و گازی دوانە ئوکسیدی کاربون بە هەوادا بڵاودەبنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە.
سێیەم: پاراستنی ئاو
کەم بوونی ئاو لەسەرچاوە سروشتیەکاندا کاریگەرییەکی زۆر خرابی لێدەکەوێتەوەو دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، بۆیە پێویستە سیستەمی بەکارهێنانی ئاو گۆراکاری تێیدا بکرێت و لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگە پێویستە سەرچاوە ئاوییەکان بپارێزن و ئاوێکی کەم تر بەکاربهێنن، تا ژینگەکەمان پاک و خاوێنتر ڕابگرین.
چوارەم: نایلون و بۆتڵە شیشەکان
لە زۆر ووڵاتی جیهان کەرەستەیەکی زۆری بەکارهێنان قەدەغەیە. هۆکاری سەرەکی پیسبوونی ئاوو هەواو خاک لە کوردستان نایلون و بۆتڵە شیشەکانە ، کەتەنها یەک جار بەکاردەهێنرێن و فڕێ دەدرێن. ئەم کیس و بۆتڵانە بەهەزارەها ساڵ لە هەوادا دەمێننەوەو شی نابنەوە. پێویستە بەهیچ جورێک دەفرو کیسی یەکجار بەکارهێنان نەکەینە پێداوێستی ڕۆژانەو بنەبڕکردنیان بکەینە کولتور.
پێنجەم: دروست کردنی کارگەی ڕیسایکلین
پێویستە هەموو ئەو کەرەستانە کە بۆ یەک جار بەکاردەهێنرێن و شی نابنەوەو دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگەی زیاتر، کارگەی ڕیسایکلینی بۆ دروست بکرێت و دووبارە بەکاربهێنرێنەوە.
شەشەم : یاسای پاراستنی زبڵ و خاشاک
پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەت بەزبڵ و خاشاک دەربکات بۆ پاراستنی زیاتری ژینگە.
حەوتەم: هۆکارەکانی گواستنەوە
بێ گۆمان زۆر بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوە وەک ئۆتومبێڵ …. دەبنە هۆی زیاتر پیسبوونی ژینگە چۆنکە بە بەنزین و گاز … ئیش دەکەن.
هەشتەم: پرۆگرامەکانی خوێندن
پێویستە ژینگە پارێزی لەپرۆگرامەکانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردە بکرێتە بابەتێکی سەرەکی و قوتابیان لەسەر پاراستنی ژینگە ڕابهێنرێن.
نۆیەم: کردنەوەی کولێژی ژینگە
پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەموو زانکۆکانی کوردستان کولێژی ژینگە بکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پێگەیاندنی زیاتری کادری ئەکادیمی تایبەت بە پاراستنی ژینگە.
دەیەم: خولە ڕۆشنبیرییەکان
پێویستە ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، خولە ڕۆشنبیرییەکانی تایبەت بە پاراستن ی ژینگەو ناشتنی دارو درەخت .. بۆ تەواوی هاونیشتمانیان بکەنەوە.
یازدەهەم : ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان
لەبەرئەوەی ئێستا لە سەرانسەری جیهان ژینگە سات بە سات زیاتر پیس دەبێت ، بۆیە پێویستە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێک بهێنرێت ، بۆ ئەوەی ڕێگە لەپیس بوونی ژینگە بگرێت. یان ڕێکەوتنی پاریسی تایبەت بە پاراستنی ژینگە زیاتر کارا بکرێتەوە.
بۆچی ژینگە بپارێزین؟ .ژینگە دەپارێزین بۆ ئەوەی بەئاسوودەیی و تەندروستیەکی باش دوور لە گشت نەخۆشیەکان بژی