هەرێمی كوردستانی عێڕاق لە نێوان واقعی جوگرافی و شەڕی زلهێزەكان

دکتۆر بێستون ئەحمەد:
شوێنی جوگرافی هەر وڵاتێک یان یەکەیەکی ڕامیاری بەگرنگترین فاکتەری سروشتی دادەنرێت کە کاریگەری بەرچاو دەکاتە سەر دیاریکردنی هێزو توانای ئەو وڵاتە هەروەها کاریگەری دەکاتە سەر بڕیارە سەربازی وسیاسی وئابوریەکان. وەک ئاشکرایە شوێنی جوگرافی هەر وڵاتێک نەگۆڕە بەڵام بەهۆی ڕودانی گۆڕانکایەکان و دابەشبوونی مەڵبەندی هێزی سەربازی و سیاسی و ئابوری گرنگی شوێنەکە و کاریگەریەکەی هەمیشە لە گۆڕاندایە. لە چوارچێوەی شوێنی جوگرافیدا پێویستە ئەوەمان لە بیر نەچێت کە هەندێک جار دوور و نزیکی شوێنی دەوڵەتێک لە دەوڵەتێکی زلهێز کاریگەری خۆی هەیە ئەگەر چی دراوسێی ڕاستەوخۆی ئەو دەوڵەتە زلهیزەش نەبێت.
جیۆپۆلەتیک و جوگرافیای ڕامیاری گرنگی زۆر بە شوێنی جوگرافی یەکەڕامیاریەکان دەدەن چونکە بە توخمێکی گرنگی دادەنێن لە دەستنیشانکردنی هێزی نێودەوڵەتی. لەم چوارچێوەیەدا تێورە جیۆپۆلەتیکییەکان گرنگی بەرچاو بە دەستنیشانکردنی شوێنە جوگرافیە گرنگەکانی سەر ڕووی زەوی دەدەن .دەتوانین بڵێین لە زۆربەی تێورە جیۆپۆلەتیکییەکان تیشک خراوەتە سەر گرنگی شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستانی عێراق بەجۆرێك شوێنە جوگرافیەکەی دەکەوێتە ناوچەی مامناوەندی باكور كە (جۆن كیڤەر) بە باشترین شوێنی ژیانی داناوە .خاوەنی تێوری(ڕیملان) ( نیکۆلاس سپایکمانی) ئەمریکی (شوێنی کەوانەیی ناوخۆ) هەرێمی کوردستانی عێراق بە گرنگتر دەزانێ لە دڵی زەوی هەروەها هەرێمی کوردستان لە تێوری هێزی ئاسمانی (ئەلیکسەندەر دی سفرسکی) دا بەشێکە لە ناوچەی چارەنوس کە بە گرنگترین ناوچە دانراوە، لەهەمانكاتدا لە چوارچێوەی تێورو بۆچونە نوێیەکانیشدا کاتێک کە ناوچەکانی ململانێ و پێکدادان لەسەر گۆی زەوی دەستنیشاندەکەن جارێکی تر جەخت لەسەر گرنگی شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.
ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستان ڕووبەرەكەی 49800 كم كە لە زۆرێك لە ڕووبەری ووڵاتانی كیشوەری ئەوروپا گەورەترە، گرنگترین تایبەتمەندی شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لەگەڵ هەریەك لە ووڵاتانی تورکیا و عێراق وسوریا و ئێران هاوسنورە . هەرێم- عێراق 630كم هەرێم – ئێران 580كم، هەرێم- تورکیا 320 كم، هەرێم – سوریا 0.20كم ، بێگومان ئەم هەڵکەوتە جوگرافیەی هەرێم کاریگەری خۆی هەیە لە ململانێی ئێستای ئێران و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی.
ئەگەر سەرنج بدەین بەم دواییانە شەڕی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەكانی لەلایەك و وئێران لەلایەكی ترەوە لەناوچەكەدا و لەبەردەم دەرگای هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە دۆخێکی مەترسیدار . لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی كوردستانی عێڕاق لە نێوان واقعی جوگرافی و شەڕی زلھیزەكان كەوتۆبەردەم چەندخاڵێك:
1- واقعی جوگرافیای هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکە هاوسنورە لەگەڵ یەکێک لە زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەویش وڵاتی ئێرانە كە چەندین بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیە کە لە ئێستادا زۆربەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لەناوچەكەدا کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی .
2- هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی جوگرافیەوە شوێنێكی داخراوی هەیە چونكە هیچ دەرچەیەكی ئاوی نیە ئەمەش وایكردوە هەرێم ناچار بكات لە ئێستاو داهاتودا بۆ ئەنجام دانی پەیوەندیەكانی پێویستی بە زلهێزەكانی وەك ئێران و توركیای دراوسێی بێت. ئەمەش وایكردوە زۆرجار هەرێم قوربانی بە بەرژەوەندیەكانی خۆی بدات لە پێناوی پاراستنی دۆستایەتی ئەو زلهێزانەی دراوسێ.
3- هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی ئابوری و سەربازی و سیاسیەوە ووڵاتێكی لاوازە..
4- فشارو داواكاری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لەو شەڕەی ئێستادا هەرێمی كوردستانی عێڕاقی خستۆتە بەردەم كارێكی قورس.
5- پاراستنی هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپا یەكێكی ترە لەو خاڵانەی كە هەرێمی كوردستانی خستۆتە مەوقیفێكەوە كە ناتوانێ خۆی لێ دەرباز بكات.
6- بونی چەندین بەرژەوەندی جۆراوجۆری هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و هاوپەیمانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاڵێكی ترە كە پێویستە هەرێم لە بەرچاوی بگرێت.
7- ڕۆڵ و كاریگەری ئێران و مەترسیەكانی لە ناوچەكەدا بەتایبەت لە هەرێم
و عێڕاق بەگشتی خالێكی ترە هەرێم دەبێ لەبەرچاوی بگرێت.
ئایا كورد لە بەردەم ئەو واقعە جوگرافیەی تێكەوتوە چی بكات ؟
1- ئایا كورد لەم نێوەندەدا دابە ش بێت بەسەر دوو بەرەدا یان خۆی یەكلابكاتەوە بۆ هاوكاری كردنی یەكێك لەو زلھێزانە؟
2-ئایا كورد لە ئەگەری ئەوەی پاڵ بداتە یەكێك لە زلهێزەكان تاچەند لەئێستاو ئایندەدا پارێزراو دەبێت؟
3- ئایا كورد هەوڵدات هاوسەنگی هێز بپارێزێت؟ بەڵام ئایا هەرێم ئەوەی بۆ دەچێتە سەر .
4- لەئەگەری سەرهەڵدانی شەڕی زەمینی ئایا كورد لەكوێ هاوكێشەكە دەبێت و چۆن خۆ دەگونجێنن .
بێگومان ئەو پرسیارە و چەندین پرسیاری تر هەیە پێویستە هەرێمی كوردستانی عێڕاق لەبەرچاوی بگرێت و خۆی بۆ ئامادەبكات و نەخشە ڕێگایەكی سەركەوتوی لە و بارەیەوە هەبێت ، بەشێوەیەك بتوانێت زۆر جوان هاوكێشەكان بخوێنێتەوە تا بەكەمترین زیان و پاراستنی قەوارەی هەرێم لە پڕیشكی ئەو شەڕە دەربازی بێت و نەگەرێتەوە بۆ خاڵی سفر.



