کۆرۆنا دووبارە دەگەرێتەوە فەرەنسا
هەروەک چاوەڕوان دەکرا، خەریکە شەپۆلی دووهەمى ڤایرۆسی کۆرۆنا دووبارە لەوڵاتى فەرەنسا دەداتەوەو، رێژەیەکى زۆرتر لەوەى چاوەڕوان دەکرێت تووش بکاتەوە.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکانى حکومەتى پاریس، لەماوەى ٢٤ کاتژمێری رابردوو ٤ هەزارو ٧١١ کەسى نوێ تووشی پەتای کۆڤید ١٩ بوونەوە، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ کۆتایی هاتنى کەرەنتینەى گشتى، لوتکەى بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسەیە لەو وڵاتە، کە لەماوەى رۆژێکدا ئەو ژمارەیە تووش نەبووە.
لەگەڵ پەرەسەندنى ڤایرۆسە مەترسیدارەکە، پاریس لە ناوەڕاستى ئاداری رابردوو تاوەکو ناوەڕاستى ئایارى رابردوو، قەدەغەکردنێکى گشتی سەرتاسەرى لەوڵات ڕاگەیاندو، خەڵکەکەى ناچار کرد لەماڵەوە بمێننەوە، تەنها لەکاتى زۆر پێویست نەبێت بۆ کڕینى خۆراک نەبێت بۆیان نەبوو بێنە دەرەوە.
هاوکات لەکۆتاییەکانى تەمموزی رابردووش بەستنى دەمامک لەشوێنە گشتیە داخراوەکان، کردە زۆرە ملێ و، خەڵکی ناچار کردووە لەهەموو شوێنێکدا بەکاری بهێنن، پێشبینیش دەکرێت، لەشوێنە کراوەکانیشدا دەمامک بکاتە ناچاری.
یەکێک لەکێشەى فەرەنسییەکان خۆپارێزیی تەندروستیە، بەتایبەت لەشوێنە گشتیەکان و هاتووچۆى نێو میترۆ و، هێڵەکانى گواستنەوە، کە کەمتر پابەندی رێنماییەکانى دەوڵەت و، کەرتە تەندروستیەکان دەبن.
هەر لەگەڵ سەرهەڵدانى پەتاى کۆڤید ١٩ لەو وڵاتە، تاوەکو ئێستا یەکجار ئاستى رێژەى تووشبوون لەو وڵاتە گەیشتە لوتکە لە ٣١ ئادار بوون، کەبۆ ماوەى ٢٤ کاتژمێر ژمارەى تووشبووان ٧ هەزارو ٥٧٨ کەس بوون.
دواتر ژمارەى تووشبووان رۆژانە سنوورى ٤٥٠٠ کەسى تێپەر دەکرد.
بەڵام ئەوەى مەترسیی بۆ حکومەت و، دەسەڵاتى تەندروستى دروستکردووە، بەرزبوونەوەى بەردەوامى ژمارەى تووشبووانە بەو پەتایە کەماوەى هەفتەیەک زیاترە سنوورى ٢٠٠٠ هەزار لەرۆژێکدا تێپەردەکەن.
بەڵام رێژەى گیان لەدەستدراوەکان بۆ حکومەت جێی دڵخۆشییە، چونکە ژمارەکان تاوەکو ئێستا سنوورى دەییەى تێنەپەراندووە، بەڵکو لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو تەنها ١٢ کەس بوون.