مشتێک لە ڕیسواییەکانی دوای ڕاپەرین!

مەرردان کوڵەجۆیی:
-فێڵبازو دۆڵگرەکانی سەردەمی شاخ، جلی ڕەسەنی کوردیی، پشتوێنی ڕەنگاورەنگ و کڵاو و جامانەیی ڕەشیان گۆڕیانەوە بە پانتۆڵ و بۆینباغی فرە ڕەنگ و شەبقە و کڵاوی وڵاتانی ڕۆژئاوا!
-تراکتۆروعەرەبانە و هێسترو گوێدرێژسوارەکان، هەر زوو لە خۆیان گۆڕان و بە جی کڵاس ولانکروزەرو ئۆتۆمبیلەگران بەهاکانەوە دەرکەوتن!
-شوێنی حەوانەوەی بن ئەشکەوت و ڕاخەری خاکیان گۆڕیەوە بە ڤیلاو کۆشک و نوێنی گران بەهای هاورەدەی وڵاتان!
-پێشمەرگەوشۆڕشگێرەکان، بەوانەیشەوە کە تا ئێستا لە قەندیل ماون، جلی پێشمەرگایەتیان گۆڕیەوە بە بەرگی ڕەنگ بۆ قاوەیی سەربازیی وڵاتانی دەوروبەر!
-نەوەی کۆنە جاش وئەمن و ئیستخباراتەکانی سەردەمی بەعس، لە دەزگا هەستیارەکانی حکومەتدا کران بە کاربەدەست و لێپێچنەوە لەگەڵ خەڵکە زەرەرمەندەکەی شۆڕشدا دەکەن!
-کەسانێک کران بە بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیرو ڕاگەیاندن، توانای نوسینەوەی وتارێکیان نیە!
-گەڕەبەرپرسی خۆسەپێنی دەڤەرەکان، کران بە بەرپرسی دەزگاو دامەزراوەی هەستیاری ئەوتۆ، کارمەندی پێش دەرگاکەی لەو شارەزاترە!
-کەسانێک کران بە پەرلەمانتار\و وەزیر، لە تەواوی خولەکەیاندا سودی سەوزەفرۆشێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبوە!
-کەسانێک کران بە سەرۆکی یانەی وەرزشی، نەک هەر شارەزایان لە یاسای وەرزش نیە، بەڵکو تا ئێستاش پێیان بەر تۆپ نەکەوتوە!
-باسی گەندەڵی، دزی، مافیاگەری، مێبازی و بازرگانی سیاسی کۆن و نوێی دوای ڕاپەڕین هەر ناکەم!