تۆ ڕۆژ ئاهەنگی دەرچونی پۆلی (١٢)ت، جوانترکرد دادە گیان!

مەردان کوڵەجۆیی:
دوێنێ دادە جوانێی کچم تەلی بۆ کردم و پرسی ئەگەر بتوانم ئامادەی ئاهەنگی ڕۆژی دەرچوونی پۆلی ١٢کەی ببم خۆشحاڵ ئەبێ، وتم تۆ بڕۆ ئەوا منش دەستبەرداری هەموو کارەکانم ئەبم و دێم.
لە ڕاستیدا هەندێک بەپەلە بووم، بۆ ئەوەی فریای ئاهەنگە بەکۆمەڵەکەی دەرچونی پۆلی دوانزەی کچەکەم بکەوم، دەرفەتی ئەوەم بۆ نەرەخسا بە جلی کوردیەوە بڕۆم، وەلێ بەخۆم وتم خۆزگە بە (جوانێ)م بگوتایە بۆ ئاهەنگی دەرچونەکەی جلی کوردی بپۆشێ!
کاتێک گەیشم بە هۆڵی ئاهەنگ گێڕانەکە، بینیم خوێندکارەکانی پۆلی دوانزە ڕیزیان گرتوەو خێزان و هاوڕێکانیان دانیشتوون، دیی ناوی قوتابیەکان دەخوێننەوەو لەسەر شاشە وێنەو ناوەکان دەردەکەون، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش یەک یەک وێنەیان لەگەڵ دەگرێت و پیرۆزبایی لە دەرچوانی پۆلی دوانزە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێ.
کەنۆبە گەیشتە ناوی جوانێی کچم، دەرکەوت لە کۆی ئەو٣١٣ قوتابیە کچ و کوڕەی کە ئامادەی ئاهەنگی دەرچونی پۆلی ١٢ بوون، هەڵبەت خوێندکارەکان لە منداڵانی فرەنەتەوەن بوون، بەڵام تەنها جوانێ بە جلوبەرگی کوردیەوە دەرکەوت کە ئەوەش بوو پەیامێکی هەمەلایەن بۆ من و تەواوی ئامادەبووان!
بۆ من، ئەو هەڵوێستەی جوانێ پەیامێک بوو کە پەروەردەی خێزانیی و نەتەوەیی لە پەروەردەی قوتابخانە گرنگترە، چونکە مناڵێک لە وڵاتێکی وەکو کەنەدا بێتە ژیانەوە و تا تەواوکردنی قۆناغی ١٢ی خوێندنی لێرە تەواوکردبێ، وەلێ بەبێ ئەوەی کەس پێی بڵێ، خۆی هەستی نەتەوایەتی ئەوەندە بەرزبێت لە نێوان ٣١٣ قوتابیدا، تەنها ئەو کەلتورو دابونەرێتی گەلەکەی لە بیرنەکات و پۆشاکی کورد رەسەن بپۆشێت، ئەوە هەڵوێستێکی بەرزەو ئەنجامی پەروەردەیەکی دروستی کوردپەروەرانەیە!
بۆ تەواوی خوێندکار و هاوپۆل و مامۆستاو ئامادەبوانی ئاهەنگی دەرچونی پۆلی ١٢ش، ئەو دەرکەوتنەی جوانێی کچم، ئامادەبوانی سەرسام کرد، بۆیە ئەڵێم تۆ ڕۆژ ئاهەنگی دەرچونی پۆلی (١٢)ت، جوانترکرد، دادە گیان!