ئێمە فاڵچی نین، وەلێ قچکێک لە سیاسەت تێگەیشتوین!

مەردان کوڵەجۆی:
هەردوو حزبی خاوەن فرە دەنگ و هێزی جەماوەریی و چەکداریی لە باشوری کوردستان، هێندەی لە خەمی یەکخستن و یەکڕیزی عێراق دان، جگە لە دۆشینی سامان و داهاتی کوردستان، هیچ باکی خەڵک و خاکی کوردستانیان نیە، ئەگینا لۆ تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان پەکخراوەو حکومەتی کاربەڕێکەری ئیفلیج فەرمانڕەوایە؟!
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدرا، زۆرێک لە پێنوسخوارەکانی کورد، بە شرۆڤە شێوێنەکانیشەوە، پێش نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٥یان کردبوو بەبەرواری پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، وەلێ لەو بارەیەوە بەندە پێشبینی ڕێکەوتنی یەکێتی و پارتی لە مەڕ پلەو پۆستەکان، بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دیاری کرد!
دیارە ئەو پێشبینیەی بەندە، جگە لە بنەمای ئەزموونی سیاسی خۆم، لە فاکتەرو واقیعی دەیان ساڵەی لە هێزو بازوو ڕوانی (پارتی و یەکێتی)یشەوە بوو، چونکە هەردوو لا دەیانویست بنکەی جەماوریی و ڕێژەی کورسی پەرلەمانیی خۆیان لە بەغدا لا ڕوون ببێتەوەو لەسەر ئەو بنەمایە سازش و سازان لە سەر پلەو پۆست و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بکەن!
ئێستاش، دوای نیوە شکست و نیوە سەرکەوتنێکی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، دیسان پارتی و یەکێتی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و کارکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دەبەستن بە سازان و پێکهێنانی حکومەتی عێراقەوە، ئەوەش شیکاری و شرۆڤەی سیاسی بەندەیە، نەک فاڵچێتی!
وێنەکەش لەگەڵ زۆر بەڕێز سیاستمەداری کورد، مامۆستا شێخ محمەد شاکەلی!




