دیسان خیانەتکردن لە خاک و خەڵکی دەڤەرێکی دیکەی کوردستان؟!

مەردان کوڵەجۆیی:
بۆ ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستان، گرنگ نیە کوێ وکەی و چەند لە خاک و خەڵکی کوردستان لە دەست دەچێ، بەڵکو ئەوەی گرنگ بێ بۆ ئەوان تەنها مانەوەی کورسیەکانی خۆیان و داهاتە زەبەلاحەکەیانە، دیی لەبەرامبەر چۆڵکردنی دەڤەرێکی ستراتیژی وەکو زەندئابادا، خۆ ئەگەر چەند وەربگرین ئەوەش خراپ نیە!
ساڵی ١٩٩١، کە دەڤەری زەندئاباد لە چنگی حکومەتی عێراق ڕزگارکرا، ئەو سەردەمەی گفتوگۆ لە نێوان حزبی بەعس و بەرەی کوردستانیی دا هەبوو، سەرەتای زستانی هەمان ساڵ، لایەنێکی بەرەی کوردستانیی لە بەرامبەر کۆمەڵێک چەکوتەقەمەنی و پارەدا، ئەم ناوچە ستراتیژیە گرنگەی ڕادەستی حکومەتی بەعس کرد!
ئەو سەردەمە کە بەندە بەرپرسێکی بەرەی کوردستانی دەڤەری گەرمیان بووم، دوای کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی گشت حزبەکان لە کوڵەجۆ، ئێمە پێشمان لە هاتنی هێزی حکومەتی بەعس گرت بۆ سەر زێدی زەندئاباد، کەچی لایەنێکی سەرەکی بەرەی کوردستانیی چەکدارەکانی لە دژی پێشمەرگەکانی ئێمە جوڵاند و هەڕەشی تەقەلێکردنیان لێکردین!
دیارە ئەو فرۆشتنی خاک و ئاوارەکردنەی دانیشتوانی دەڤەری زەندئاباد، یەکەم هەنگاوی دەستکەوت لە خاک و جەماوەر گرنگ تری ئەم دەسەڵاتدارانەی باشوری کوردستان بوو، گەرچی بە هیمەتی خەڵکی دەڤەرەکەو هێزی پێشمەرگە، لە ١٦ ئۆکتۆبەر پیلانی چۆڵکردنی کوڵەجۆ و گوندەکانی سنوری ناحیەکە پوچەڵکراوەیە، وەلێ وادەردەکەوێ ئەمجارە پیلانی خیانەتکردنێکی دیکە لە خاک و خەڵکی دەڤەرێکی گرنگی کوردستان، جێ بەجێ دەکرێت!