تکایە نەوەی دوای ڕاپەڕین، چیدی ناهەقی لەم جۆرە مەکەن!

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

خەڵکانێکی هەن، بۆ خۆدەرخستن وەکو دەنگی ناڕەزا لە دژی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم، جا بەڕاسپاردەی بەرپرسێکی حزبی ئەو دیو بێ یان ئەم دیو، یاخود بۆ سەرنجکێشی کۆمەڵێک لە هاوفەیسبووکەکانی خۆیان بێ، خوویان گرتوە بە پەلاماردانی گشت بەها نەتەوەیی وکوردستانیەکانەوە!

بەشێک لەمانە، خۆیان بندیواری حزب و پیاوی یەکێک لە ئاغاکانی حزبن، یان لە مشخۆری بێ بەشکراون، بۆیە پیشەی ڕۆژانەیان بووە بە تومەت بەخشینەوەیەکی بێ بنەمای ئەوتۆ، یان لە چەمیکی بابەتگەلێکدا دەخولێنەوە کەلە سەردەمی ئەم نەوەیەدا، ڕوویان داوە.

بەشێک لەم نەوەی دوای ڕاپەڕینە، سەروبن زمانیان بووە بە ووشەی”چەتەکانی کوردایەتی، مافیاکانی شاخ، دزەکانی شۆڕش” وهتد…، بە بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە بەراوردکردنی شۆڕش وخەباتگێڕانی کورد، بەوانەی کە ئەمڕۆدەستیان گرتوە بە سەردەسەڵاتی باشوری کوردستاندا، ناهەقیەکی گەورەیە!

 لەکۆی تەواوی وەزیروگەزیرەکانی ئەمڕۆی حکومەتی هەرێم، تەنها یەک پێشمەرگە وشۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەی سەردەمی شاخ بە دیناکەم! کەواتا، ئەوانەی ئەمڕۆلە کوردستان خاوەن دەسەڵاتن، لەژیانیان دا تەنها بۆ یەک ڕۆژیش پێشمەرگایەتیان نەکردوە!

 ئەوانەی کە بەڕاستی شۆڕش وکوردایەتیان کرد، یان هەر زوو شەهیدبوون، یان لەمێژە لەداخی ئەم بۆگەنانەدا لە ماڵەوە دانیشتوون، یاخود  کوردستانیان بەجێ هێڵاوە! بۆیە  بەخشینی شکۆی شۆڕش وکوردایەتی بەم گەندەڵکارانی ئەمڕۆ کوردستان، بوختیانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتدارانی دەکەن، تکایە چیدی ئەم ناهەقییەی مەکەن!