لە وێنە و ئاڵاکە گەڕێن، پرسیارەکە لەوە قووڵترە!

پ

مەردان کوڵەجۆیی:

سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی مەسروری کوڕی مەسعود بارزانی، وەکو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و شێوازی پێشوازییەکەی ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، نەیارەکانی بارزانی ولایەنگرانی لە دوو بەرەی جیاوازەوە سەنگەریان لەیەک گرتووەو هەردوولاش تەواوی جەختەکەیان خستوەتە سەر نەبوونی ئاڵای کوردستان لەو دانیشتەدا، یان شێوەی وێنەی پێشوازیەکەی ئەردۆغان، لە کاتێکدا ئەم سەردان و پێشوازییە خوێندەوەیەکی گەلێک قووڵیتری لەوەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی دەوێ!

لە ڕووی پرۆتۆکۆلی فەرمی نێودەوڵاتییەوە، بە پێی ئاستی بەرپرسیارەتی هەردوولا شێوازی گردبوونەوەکان دەستنیشان دەکرێن، وتا بە گوێرەی پلەی شاندی میوان ونوێنەری وڵاتی میواندار، پلانی گفتوگۆکان وکۆنفرانسی رۆژنامەوانی و تەنانەت وێنگرتنەکەش دیاری دەکرێ، وەلێ لە هەموو ڕوویەکەوە دەبێ ئاڵا و سومبڵی هەردوو لا، یان هەردوو وڵات لە پشتی خۆیانەوە هەڵکرابێ.

ئەوەی لە سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان دا نامۆ بوو، تەنها هەڵنەکردنی ئاڵای کوردستان وئەو شێوەییەی کە ئەردۆغان پێشوازیی لێکردن نەبوو، بەڵکو پرسیارەکە لەوەوە دەستپێدەکات کە ئایا ئەو سەردانەی شاندی کورد لە چوارچێوەیەکی ئەتەکێتی دیپلۆماسی، سیاسی، ئابوری، سەربازی، یان ئاسایشیی(سیخۆریی) نێوان دوو لایەن یان دوو ووڵاتدا بوو؟!

ئەگەرخوێندەوەیەکی وورد بۆ سەردانەکە مەسرورو یاوەرەکەی بکەین، ئەوا لایمان ڕوونتر دەبێ کە ئامانج و مەبەست لەو گردبوونەوەیە بۆ تورکیا، دوورە لە تاوتوێکردنی روانگەی دیپلۆماسی و ئابورییەوە، چونکە شاندەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و میواندارێتەکەی سەرۆکی تورکیا، ئەوە دەردەخات ئەم گردبوونەوەیە دەچێتە چوارچێوەی هەماهەنگی سیخۆری هەرێمایەتی و سەربازییەوە!

سەفین دزەیی کە لەم سەردانەی تورکیادا یاوەری مەسروری کوری مەسعود بارزانی کردوە، ساڵنێکی دوور ودرێژ نوێنەری پارتی بووە لە تورکیا و شارەزەیەکی باشی هەیە لەسیلکی سخیۆریی دا  و زمانی تورکیش باش دەزانێ. ئەوەی لە لایەن تورکیاوە ڕێگەی پێدراوبووە کە بەشەدار بێ لەم گردبوونەوەیەی نێوان ئەردۆغان و بارزانی کوڕدا، ھاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای سیخۆری تورکیا “میت” بووە، کە واتا لە وێنە و ئاڵاکە گەڕێن چونکە پرسیارەکە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ!