خۆپێشاندەران خامەنەئی بەبەرپرسیاری تیرۆر لەعێراق دەزانن
دەیان خۆپێشاندەرى گۆڕەپانى تەحریر لەناوەڕاستى بەغدا، مەراسیمێکى رەمزییان بۆ تیرۆر کردنى هیشام هاشمی، توێژەرى ئەمنى عێراقی ئەنجامداوەو، چەندین دروشمیانیشیان لەدژى کەتیبەکانى حزبوڵلای عێراقی دەگووتەوەو، داواشیان لەحکومەتى وڵاتەکەیان کردووە “تومەتبارانى کوشتنى هاشمی سزا بدات”.
هاوکات خۆپێشاندەرە توڕەکان وێنەیەکى عەلى خامەنەئی، رابەری ئێرانیان بەرز کردەوە، کەخوێن لەدەمی دەچۆرێت و، لەسەری نووسرابوو ” خامەنەئی پیاوکوژ”ـەو، بەرپرسیارێتى پرۆسەکانى تیرۆر کردنى عێراق لەرێگەى میلیشیاکانەوە لەلایەن وڵاتەکەیەوە ئەنجامدەدرێت.
هاشمی، پاش ئەوەى لەبەرنامەیەکى تەلەڤزیۆنى دەگەرێتەوە، لەپێش ماڵەکەى لەناوچەى زەیونە لەرۆژهەڵاتى بەغدا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەى لێدەکەن و، دەستبەجێ گیان لەدەست دەدات.
تومەتباری سەرەکییش ئەو کردەوە تیرۆر کردنەش ڕاستەوخۆ کەوتۆتە سەر کەتیبەکانى حزبوڵلای عێراق، کەچەند رۆژێک پێش تیرۆر کردنى هاشمی، هەڕەشەى لەناوبردنیان لێکردبوو.
خۆپێشاندەران بۆ ماوەى دوو کاتژمێر تابووتێکى رەمزیی هاشمیان لەسەر شان کردو، بەناوچەى گۆڕەپانى تەحریر ناوەندی مانگرتنى خۆپێشاندەرانى بەغدا سوورانەوە.
ئەو خۆپێشاندەرانەش کەچەندین مانگە لەو گۆڕەپانە مانگرتنیان دەستپێکردووە، چەندین نامەو دەقیان بۆ لەدەستدانى هاشمی دەگووتەوە.
هاوکات دەیان ماتۆرسکیلی جۆری توک توک، کەبووە هێڵى رزگار کردنى خۆپێشاندەرانی تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ و، سیمبولێکى خۆراگرى خۆپێشاندەران، بەرەو ماڵەکەى هاشمی بەرێکەوتن و، هاوخەمیی خۆیان بۆ بنەماڵەکەى نیشانداوە.
دژایەتى خۆیانیش بۆ “حکومەتى چەکی بێدەنگ” نیشانداوە، کەچەندین کەسایەتى و، چالاکوانى عێراقی کردۆتە ئامانج، ئەو جۆرە چەکانەش لەلایەن میلیشیاکانی نزیک ئێران بەکاردەهێنرێت.