حكومەت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەوە بۆ كۆمپانیایەكی كۆكەرەوەی پارە
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی رابردوو لەچەندین رێگەوە هەوڵیداوە پارە لەهاوڵاتیان وەربگرێت كەپێویست نییەو تەنیا دروستكردنی بارگرانی سەرشانی هاوڵاتییە، لێرەدا هەوڵدەدەین بەشێك لەو باجو رسوماتانە بخەینەڕوو كەحكومەت لەسەر كەرتە جیاوازەكان دایناوە.
كارەبا: حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران بەژمارە(1393) ساڵی ( 2015 )هەستاوە بەزیادكردنی كرێ كارەبا لەكەرتی تایبەت ئەویش بەدوو هێندەی قەبارەی پێشوو.
شارەوانی: ئەنجومەنی وەزیران بەبڕیاری ژمارە ( 80) ساڵی ( 2016) هەستاوە بەدانانی باجو رسومات لەسەر كۆمەڵێك خزمەتگوزاری وەك ( فریدانی خاشاك، هەڵواسینی تابلۆ، ژینگە) سەرجەم ئەمانە لەرابردوودا بوونی نەبوەو لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نییە، بەنمونە رێكخراوێك تابلۆ هەڵدەواسێت شارەوانی چ خزمەتێكی پێشكەشكردوە؟ كرێ پێشكەشكردنی خوێندنی باڵا.
لەماوەی رابردوو دەرگای خوێندنی ماستەرو دكتورا راگەیاندرا، بۆ هەر پێشكەشكارێك زیاتر لەدوو سەد هەزار دینار لێوەرگیراوە.
دانانی سزای دواكەوتن لە كردنەوەی دۆسیەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی.
بەپێی پەیڕەوێكی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( 2) ساڵی (2017 ) پێویستە لەسەر سەرجەم رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دۆسیەی تایبەت بەخۆیان لەبەرێوەبەرایەتی باجەكان بكەنەوە بۆ ئەوەی باج لەكارمەندانی رێكخراو وەربگرن، لە حاڵەتی نەكردنەوەشی ئەوا سزای دواكەوتن لەساڵی (2017)وە بۆ هەر وەرزێك بڕی (75) هەزار دینار وەردەگیرێت.
لۆگۆی تەكسی: لەماوەی رابردوو وەزارەتی گواستنەوە بڕیارێكی دەركردوەو ئاماژەبەوەدەدات پێویستە سەرجەم تەكسییەكان بەناوشارو دەرەوە لۆگۆی تایبەت هەڵبواسن، بۆ ئەمەش پێویستی بەكۆمەڵێك رێكار هەیە لەهەریەكە لەفەرمانگەكانی ئاسایشو گواستنەوەو گەیاندن، بۆ تەواوكردنی ئەم رێكارانەش هەر خاوەن تەكسییەك سی هەزار دیناری لێوەردەگیرێت.
ئەوانەی لەسەرەوە باسكران تەنیا چەند نمونەیەكە لەمامەڵەو كاری حكومەت هێشتا زۆر كاری تر ماوەی كەحكومەت لەبەرامبەردا پارە لەهاوڵاتی وەردەگرێت بەنمونەش سزاكانی (هاتوچۆ، تەندورستی، رەشكردنی جامی ئۆتۆمبیل هتد) بەپێی سەرچاوەكانیش حكومەت لەبەرنامەیدا زۆر كەرتی تر بكاتە پارە بەنمومەش سەردانی نەخۆش لەنەخۆشخانەكانو تەواوی بەرهەمهێنانی كارەبا بداتە كۆمپانیا.
هەموو ئەم مامەڵانەی حكومەت لەكاتێكدایە بەشێكی پێچەوانەی یاسایە بەنمونە پرسی وەرگرتنی باج لەرێكخراوەكان پێچەوانەی یاسای ژمارەی (1)ی ساڵی (2011)ی رێكخراوە ناحكومییەكانە، سەرباری ئەوەش لەم مامەڵەی حكومەت كۆمەڵێك پرسیار دێتە پێشەوە ئەویش ئایا ئەم سزایانە بۆ رێگرییە لەئەنجامندانی تاوان؟ ئایا ئەم داهاتە بۆ كوێ دەچێت؟ ئایا ئەمە لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە؟ ئایا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی حكومەتە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە كۆمەڵێك بابەت لەبەرچاوەو روونە كەدەبینین حكومەت بۆ دانانو وەرگرتنی ئەم بڕە پارە جیاوازانە نەبووە رێگرییە لەتاوان وەك یەكێك لەبنەماكانی دانانی سزا بۆ روونەدانی تاوان، چونكە بەپێچەوانەوە بەشێك لەبڕیارەكانی رێگە خۆشدەكات بۆ ئەنجامدانی تاوان وەك رەشكردنی جامی ئۆتۆمبیل بەپارە، لەهەمان كاتدا وەرگرتنی پارە لەسێكتەرە جیاوازەكان نەبۆتەوە بەخزمەت بۆ خەڵك، چونكە لەهیچ كام لەخزمەتگوزارییەكانی (رێگاوبان، ژینگە، ئاو، كارەبا) نەك زیادینەكردوە بەڵكو كەمیشی كردووە.
بۆیە دەگەیەنینە ئەو باوەڕەی كەحكومەت لێرەدا تەنیا ئامانجی كۆكردنەوەی داهاتەو دوایش وەزارەتەكان دێنو شانازی دەكەنو دەڵێن داهاتمان زیاد كردوە، وەك بڵی ئەم داهاتە لەئەنجامی وەربەرهێنان یان پەرەپێدانی كشتوكاڵ بەدەستهاتووە نازانرێت لەگیرفانی هاوڵاتیەوە هاتووە.
وەرگرتنی ئەم پارانەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان سەرچاوەی سەرەكی نەوتو غازە داهاتێكی زۆریشی هەیەو سیستەمێكیش نییە بەناوی سۆشیال تا هاوڵاتی ئەگەر كاری نەبوو ئەوا بڕە پارەیەكی كەمیش بێت پێبدرێت تاوەكو كارێكی دەستدەكەوێت.
ئەوەی گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان كابێنەی نۆ پێداچونەوەی جدی بە بابەتی باجو رسومات بكاتو ئەو بڕیارو پەیڕەوانە هەڵبوەشێنێـەوە كەباجو رسومات لە خەڵكو رێكخراو وەردەگرێت، ئەویش لەپێناو دوو ئامانج دروستبونەوەی متمانەی خەڵك بە حكومەت لەگەڵ سەلماندنی ئەوەی كەدەوترێت حكومەت كاری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە نەك كۆمپانیایەكی كۆكەرەوەی پارە.