لەسلێمانى هێرش دەکرێتە سەر رۆژنامەنووسێک
رۆژنامەنووسێکى هەرێمى کوردستان لەرێگەى راگەینراوێکدا باس لەوە دەکات ” دەزگای پاراستنى بەدناوی پارتى لەرێگەى چەند کەسێکەوە هێرشیان کردۆتە سەری”.
دانا مەنمی لەو ڕاگەینراوەیدا کەوێنەیەکى دەست (پێشەنگ پرێس) کەوتووە هاتووە ” پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر دەزگای پاراستنی پارتی لەڕێگەی چەند دۆستێكەوە پەیوەندییان پێوە كردم و داوایان لێكردم كە ڕەخنە لە پارتی و بنەماڵەی بەرزانی و مەلا مستەفا نەگرم”.
جەخت لەوە دەکاتەوە ” داوایان كردبوو سەردانی دەزگا بەدناوەكەی پاراستن بكەم لە سلێمانی و پلەو پۆست و وەزیفەكانم بۆ بگەڕێننەوە ،بەڵام من لای خۆمەوە داواكەیانم ڕەتكردەوەو پێم گوتن ئەو دەزگایە بۆنی دێت و بۆگەنی كردووە داماڵدراوە لە بەھا و ئەخلاق و موراڵ “.
بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەزگایەکى یاسایی و ئەمنى، زانیارییەکانى ئەو رۆژنامەنووسەى پشتڕاست نەکردۆتەوەو، چاوەڕوان دەکرێت، لەداهاتوو تەواوی زانیارییەکان بۆ هاوڵاتیان بخرێنەروو.
دەشڵێت ” ئەوەی ئەمڕۆ دەزگای پاراستنی بەدناو كردی بەرامبەر بە ئێمە پێشتریش بەرامبەر ئازادیخوازان و نوسەران و ڕۆژنامەنووسان كردوویەتی جگە لە خۆناشیرینكردن و بەدناوی ھیچی تری بۆ نەماوەتەوە”.
بەگووتەى ئەو رۆژنامەنووسە ” ئەم كلتورە ناشیرینە كلتوری میراتی مەلا مستەفایە بۆ نەوەكانی ماوەتەوە، پارتی ھەرچەندە گەورەو بەھێز بێت ، بارتەقای گەورەی و بەھێزییەكە لە دەنگی ئازادو قەڵەمی بوێر و ھەقبێژی دەترسێت”.
دووپاتیدەکاتەوە ” ترس پاڵنەری ھەڵسوكەوتەكانی پارتییە ، پارتی دوژمنی ھەرە سەرەكی مرۆڤی بەئاگاو كۆمەڵگای زیندووە حیزبێكی سەركوتكەرو چەپێنەری ئازادییە” .
مەنمى گووتیشى ” ئەم جۆرە كارانە كە مرۆڤی جەبان بە بڕیاری دەزگایەكی بەدناو پێی ھەستاون ورەو ئیرادەی ئێمە ناڕوخێنێت ،چونكە لە جەوھەردا بونەوەری ترساوو بئئیرادە نین ،بە ئاشكرا دەپەیڤین و دەنوسین و لەتاریكیدا نانوسین بەردەوام دەبین بۆ خزمەتكردنی نەتەوەو نیشتیمان “.